بەشداربووانی رێپێوانی گەورە بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لە مێردین پێشوازییان لێکرا

بەشداربووانی رێپێوانی ئازادی لە مێردین بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە چالاکیەکەدا پەیامی "لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری رێدەپێوین" راگەیەندرا. رێپێوانەکە لە هەموو شوێنێک بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" پێشوازی لێکرا.

"رێپێوانی گەورەی ئازادی" کە بە داواکاری ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد لە ١ی شوباتەوە لە قەرس و وانەوە دەستپێکردبوو بەردەوامە. باسکی وان لە نۆیەم رۆژدا لەبەردەم بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی نسێبینی مێردینەوە ماڵئاواییان لێکرا. لەگەڵ گەیشتنیان بە ناوەندی مێردین بەشداربووانی رێپێوانەکە چەندین جار دروشمی "بژی بەرخودانی زیندانەکان"یان وتەوە. ئۆتۆمبێلەکان لە سەر رێگەلە بە لێدانی هۆڕن پشتیوانیان بۆ چالاکییەکە دەربڕی.

بەشداربوانی رێپێوانەکە دواتر روویانکردە گوندی مەنسورییەی ناوچەی ئارتوکولو و لەوێ بە گەرمی پێشوازییان لکرا و هاووڵاتیان گوڵیان پێشکەش بە بەشداربووانی رێپێوانەکە کرد. کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی گەورەشاری مێردین لە سەر لیستی دەم پارتی ئەحمەد تورک و پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاگری سڕی ساکیک لە مەراسیمی پێشوازیەکەدا ئامادەبوون. بە دەف و هەڵپەڕکێ مەراسیمی پێشوازییەکە بەردەوامە.

رێپێوانەکە لە مێردینی کۆن بەڕێوەچوو، دواتر بە سەردانیکردن و دیدار لەگەڵ کاسبکارانی شارەکە بەردەوام بوو و بەردەوام دروشمەکانی "بژی ئازادی، بمرێ کۆیلایەتی"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخودانی زیندانەکان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوترانەوە. لە رێپێوانەکەدا پلاکاردی "لەدژی گۆشەگیری بوەستەوە" هەڵدرا و دروشمی "گەنجان سەر بۆ فاشیزم دانخەن" وترایەوە. بەشداربووانی رێپێوانەکە گۆڕانی و سرودەکانی "زیندانیانی ئازادی" و "زیندانی دیاربەکر"یان وتەوە. کاسبکاران لە بەردەم دوکانەکانیان پێشوازییان لە بەشداربوانی رێپێوانەکە کرد.

'فاشیزم و سیاسەتی دوژمنکارانە پەیڕەو دەکرێن"

دوای رێپێوانەکە لە بەردەم بینای رێکخستنی دەم پارتی لە مێردین گردبوونەوە سازکرا و لەوێ پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی دێرسیم ئایتەن کۆردو قسەی کرد و وتی، "ئێمە پێکەوە لەم باخچەیەی گەلاندا ژیاین. گەلەکانمان پێکەوە تێکۆشان. ئەم فاشیزمە لە هەموو شوێنێک بەرامبەر بە گەلانی کوردستان و تورکیا جیاکاری وهەڵاواردنی کرد. لە دژی گەلان سیاسەتی دوژمنکارانەی گرتەبەر. ئێمە پێکەوە گۆشەگیری هەڵدەوەشێنینەوە. گۆشەگیری لە ئیمراڵی ئیتر گۆڕدراوە و بۆ گۆشەگیرییەکی لەو جۆرە کە بەسەر تەواوی گەلان، ژنان، رەنجدەران و کرێکاراندا دەسەپێندرێن. هەربۆیەش بەردەوام وتوومانە کە دەبێت گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت، پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، قۆناغی گفتوگۆ دەستپێبکات و ئاشتی بێتەدی. تا گۆشەگیری تێکدەشکێندرێت، رێپێوانی ئێمەش بەردەوام دەبێت".

هەر لە گردبوونەوەکەدا کاندیدەکانی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی ئارتوکولوی سەر بە دەم پارتی فیلیز یوجەسۆی و مەحمود عەلی ئاماک وتیان کە لە پێناو شکاندنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

دوای گردبوونەوەکە بەشداربوانی رێپێوانەکە سەردانی ئەو بنەماڵانەیان کرد کە لە ئێشکگریی دادپەروەریدان.

هـ . ب