بوڵدان بۆ بنەماڵەى شەنیاشار ئێشکگریی ئەنجامدا

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە لە بەردەم ئەو دادگایەدا، کە بنەماڵەى شەنیاشاری تیادا دەستبەسەرکراوە، چالاکیی ئێشکگریی لە بریی بنەماڵەی شەنیاشار ئەنجامدا.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، ئەبرو گیونەی وتەبێژی هەدەپە و شاندە یاوەرەکەی خواستیان بڕۆن بۆ سەردانی بنەماڵەى شەنیاشار، کە لە بەردەم دادگای رحا لە چالاکیی ئێشکگریدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری. پێش ئەوەى پەروین بوڵدان بگاتە لای بنەماڵەى شەنیاشار و سەردانیان بکات، بنەماڵەى شەنیاشار لەلایەن پۆلیسەوە لە شوێنی چالاکییەکەیان بە زۆر دەستگیرکران. سەرباری ئەوەش بوڵدان رۆیشت بۆ بەردەم دادگا و لە شوێنی چالاکیی بنەماڵەى شەنیاشاردا لێدوانی دا و دواتر بە شێوەی سیمبولێک ئێشکگرییان لە بریی بنەماڵەى شەنیاشاری دیلکراو ئەنجامدا. پۆلیسی دەوڵەتی تورک هەوڵێکی زۆریدا و ماوەیەکی زۆر کاری بۆ ئەوە کرد رێگری لە شاندەکە بکات، بەڵام بەهۆی ئیرادە و پێداگریی شاندەکەوە رێگریی هێزەکانی پۆلیس پووچکرایەوە.

بوڵدان لە لێدوانەکەدا لە شوێنی چالاکیی ئێشکگریی بنەماڵەى شەنیاشاردا وتی، "ئێمە هاتین بۆ سەردانی بنەماڵەى شەنیاشار، بەڵام لەبەر هاتنی ئێمە بنەماڵەکەیان دەستگیرکرد. ئێمە هاتین ببین بە هاوکاری ئێشکگری دادپەوەریی بنەماڵەى شەنیاشار. ئیمە رایدەگەیەنین، ئازاری بنەماڵەى شەنیاشار ئازاری ئێمەیە. بێ مافی، نادادی و بێ ویژدانییەکی گەورە لە گۆڕێدایە. بنەماڵەى شەنیاشار نەک زوڵم، بەڵکو دادپەروەرییان دەوێت. دەبێت دادگاییەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت. لە دۆزێکدا، کە دوو لێکۆڵینەوەى بۆ ئەنجامدراوە، لە لێکۆڵینەوەى یەکەمدا بکوژەکان و تاوانبارەکان دەستگیرکران، بەڵام لە لێکۆڵینەوەى دووەمدا بڕیاری نهێنی درا، چونکە لە لێکۆڵینەوەى دووەمدا ئەوە بە تەواوەتی دەزانرا، کە بکوژەکان چۆن تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بۆیە بڕیاری نهێنییان بۆ لێکۆڵینەوەکە دەرکرد. ئێمە دەزانین حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە ئەمڕۆ لە وڵاتدا شتێکیان بە ناوی مافەکان و یاساکانەوە نەهێشتووە. ئەو کەسانەی تاوانیان ئەنجامداوە دەبێت بە خێرایی دادگایی بکرێن.  

داوای ئێمە ئەویە، کە بنەماڵەی شەنیاشار ئازاد بکرێن. لەسەر بنەمای چاوەڕوانیی بنەماڵەى شەنیاشار بە دڵنیاییەوە دادپەوەری بەدی دێت. ئەمڕۆ بنەماڵەى شەنیاشار لێرە نین، بەڵام ئێمە لێرە بە نوێنەرایەتیی ئەوان چالاکیی دانیشتن بەڕێوەدەبەین".

ژ.ت