چالاکوانان: ناکرێت لەسەر خاکی کوردستان دەوڵەتی داگیرکەر بێت کورد تیرۆر بکات
چالاکوانێکی مەدەنی دەڵێت: "حوکمڕانی باشوری کوردستان بەکرێگیراوی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن، بۆیە داگیرکەرانی وەکو تورکیا بە ئاسانی چالاکوانان شەهید دەکەن".
چالاکوانێکی مەدەنی دەڵێت: "حوکمڕانی باشوری کوردستان بەکرێگیراوی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن، بۆیە داگیرکەرانی وەکو تورکیا بە ئاسانی چالاکوانان شەهید دەکەن".
لەماوەى یەک ساڵدا لە باشووری کوردستان دەوڵەتی تورک ٥ کەسایەتیی تیرۆرکردووە، لە دوای شەهیدکردنی هەریەکێکیان دەزگا ئەمنییەکان دڵنیاییانداوە لە دۆزینەوەی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان هیچ کەسێکیان لەسەر ئەو کارە تیرۆرستییانەی دەوڵەتی تورک دەستگیرنەکردووە و ئاسایشى سلێمانى تەنها بکوژى دوو لەوانەى ڕاگەیاندووە، بەبێ ئەوەى بدرێنە داداگا و سزاى یاسای بدرێن.
ڕۆژى ١٧ ى مانگى ڕابردوو ساڵێک بەسەر شەهیکردنی یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەددا تێپەڕى و سەرەڕای بەڵێنی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی، بەڵام نەک بکوژانی دەستگیرنەکران، بەڵکو شەهیدکردنی زەکی چەلەبی، فەرهاد شبلى، مامۆستا شەماڵ و ناگەهان ئاكارسەل بەدواداهات و تائێستا ئەنجامدەری سێ لەو تاوانانە هیچیان دەستگیرنەکراون و ئاسایشى سلێمانى تەنها بکوژى ناگەهان ئاكارسەل و فەرهاد شبلى ڕاگەیاندووە.
ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢١دا، یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، کاتژمێر٠٩:٠٠ لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، لەلایەن ئەندامانی میتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرایە ئامانج و بە دەستی چەند کەسێک و بە شێوەی پلانداڕێژراو شەهیدکرا و بکەرانیش لە چوار کەس پێکهاتبوون.
لەکاتێکدا هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی شەهیدکردنی شورکی سەرحەددا بوون، لە ڕۆژی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢، زەکی چەلەبی، لەلایەن دوو ماتۆڕسواری میتی تورکەوە، لە تەنیشت ڕێستۆرانەتەکەیدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، تەقەی لێکرا و دوای ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ڕۆژى ١٧ ى مانگى ٦ى ئەمساڵدا لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکیان کرد و بە هۆیەوە فەرهاد شبلی و سێ هاوڕێی شەهیدبوون و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
دوای ساڵیک لە شەهیدکردنی شوکری سەرحەد و پێنج مانگ لە شەهیدکردنی زەکی چەلەبی، لە ڕۆژی ٢٨ی ٨ی ٢٠٢٢، سوهەیل خورشید عەزیز چالاکوانی سیاسی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەى کفریی، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و شەهیدکرا پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە بکەری ئەو کردەوە تیرۆرستیە کادرێکی بەرە تورکمانی سەر بەدەزگای هەوڵگری تورکیایە کە لەڕێگەی هەولێرەوە بەرەو تورکیا هەڵهاتووە.
لە دواین کارە تیرۆرستیەکانی دەزگای هەوڵگری دەوڵەتی فاشستی تورک و نۆکەرانی لەباشوری کوردستان، پێشنوەڕۆی رۆژی ٤ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢ لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك لەماڵەكەی خۆی و ئەندامى ناوەندی ژنۆلۆژی ناگەهان ئاكارسەل درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەست بەجێ شەهیدكرا.
لەلای خۆیانەوە چالاکوانانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لە ڕێگەی ئاژانسی هەوالی فورات (ANF)ەوە هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و هاتنە دەنگ سەبارەت بە تیرۆرکردنی چالاکوانانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەباشور کە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان تیرۆر دەکرێن، و چالاکوانان دەلێن ئەو دەولەتانە تیرۆرستن کە چالاکوانانی کورد تیرۆر دەکەن.
بێ دەنگی حکومەت هۆکار بۆ بەردەوامی تیرۆرکدنی چالاکوانان
هیوا حەسەن چالاکوان و چاودێری سیاسی دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، سەبارەت بە بێ دەنگی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەرامبەر تیرۆرکردنی چالاکوانان لەخاکی هەریمی کوردستان و عێراق لەلایەن دەوڵەتان بەگشتی لەلایەن تیرۆری دەوڵەتی فاشستی تورکیا بەتایبەتی، ناوبراو ڕایگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی بێ سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق وایکردووە دەوڵەتانی هەرێمی بە ئاشکرا بنکە و بارەگای هەواڵگری و سەربازی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەکو دەوڵەتی تورکیا ناوچەکەیان کردووە بە گۆڕپانی یەکلاکردنەوەی ململانییەکانیان و بەئارەزووی خۆیان چالاکوانان تیرۆر دەکەن، بێ دەنگی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرامبەر تیرۆرەکانی تورکیا ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ بەردەوامی تیرۆرکردنی چالاکوانان".
بەردەوامی تیرۆرکردنی چالاکوانان دەنگی ئازاد کپ دەکات
ئەو چالاکوانە تیشكی خستەسەر رووداوێکی مێژووی کە حکومەتی عێراق چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ سیخور و نۆکەرانی بێگانە دەکرد و ووتی: "لەسەردەمی رژێمی سەدام حوسێنی لەناوچوو، کاتێک کە سیخورێکی دەزگای هەواڵگری بەریتانی بەناوی بازۆف دەستگیرکرا لەسیدارە درا تا ڕایگەینن خیانەت قەبووڵ ناکرێت، بەڵام بێدەنگی حکومەتی هەرێم و کردنەوەی بنکە و بارەگای داگیرکەران لە باشوری کوردستان کە ئەمەش دەستێکی تیرۆرستی مەترسیدارە، ئەگەر بەردەوامی هەبێت ئەوە دەنگی ئازاد لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو کپ بوون دەڕوات".
ناکرێت لەسەر خاکی کوردستان دەوڵەتی داگیرکەر بێت و کورد تیرۆر بکات
هەروەها ناوبراو ووتی: "بەردەوام دەبینی و دەبیستین کە لەهەرێمی کوردستان چالاکوانان تیرۆر دەکرێن کە دواینیشیان تیرۆرکردنی ناگەهان ئاكارسەل چالاکوانانی بورای ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە سلێمانی تیرۆر کرا، پێویستە لەسەر هەریەک لەچالاکوانان و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سنورێک بۆ کردەوە تیرۆرستیەکانی تورکیا دابنێن، ناکرێت لەسەر خاکی کوردستان دەوڵەتی داگیرکەر بێت و کورد تیرۆر بکات".
پێویستە سنورێک بۆ تیرۆری دەوڵەت دابنرێت
هەروەها سەبارەت بە تیرۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەو چالاکوانە داوایکرد: "پێویستە حکومەت سنورێک بۆ کردەوە تیرۆرستیەکانی دەوڵەتانی دیکەی وەکو تورکیا دابنێت تا نەتوانن چالاکوانن تیرۆر بکەن یان بەلایەنی کەمەوە هەردوو حکومەتی عێراق هەرێم چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ پارێزگاریکردن لەچالاکوانانی سیاسی تا رۆژانە تیرۆر نەکرێن لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە تیرۆرستیەکانی داگیرکەران".
ئەوەی تورکیا ئەنجامی دەدات کاری تیرۆرستیە
لە کۆتایدا هیوا حەسەن چالاکوان و چاودێر سەبارەت بە هەڵوێستی ئەوان دژ بەکردەوە تیرۆرستەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا لە تیرۆرکردنی چالاکوانان ووتی: " وەکو چالاکوانان بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیانەی دەوڵتی تورکیا دەکەین، کاتێک دەزگا هەواڵگرییەکانی دەولەتانی هەرێمی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەرۆژی ڕووناک لەبەر چاوی خەڵکەوە چالاکوانانی سیاسی تیرۆر دەکەن ئەمە بەتەواوی ماناکان کاری تیرۆرستیە".
بێ هەڵوێستی حکومەت نیشانەی نزیکبوونییەتی لە ڕووخان
هەروەها زانیار جومعە چالاکوانێکی دیکەی شاری کەرکوکە و سەبارەت بەتیرۆرکردنی چالاکوانان کورد لەباشوری کوردستان، ووتی: "تیرۆرکردنی چالاکوانانی کورد پارچەکانی دیکە لە باشور بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە کە یەکێکیان بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە هیچ هەڵوێستێکی نییە و خاوەن بڕیاری خۆی نییە، بەردەوام ئەو حکومەتانەی کە لە لەناوچوون و ڕووخان نزیک دەبنەوە بەردەوام بێ هەڵوێست و بێ بڕیارن بەرامبەر داگیرکەران و دوژمنانی نەتەوەکەیان".
نەک تەنها چالاکوان تەنانەت هاووڵاتیانیش پارێزراو نین
هەروەها ئەو چالاکوانە ووتیشی: "هەموو ووڵاتان چالاکوانان ڕووی تێدەکەن بۆ پاراستنی ژیانیان و بەردەوامی دان بە چالاکییەکانیان، بەڵام بەداخەوە لە ووڵاتی ئێمە هیچ یاسایەک نییە بۆ پاراستنی ئەو چالاکوانانەی پەنایان بردۆتە بەر ووڵاتەکەمان، بەڵام لە ووڵاتانی پێشکەوتوو چالاکوانان لەگەڵ حکومەت ڕێکدەکەون لەپێناو پاراستنی ژیانیان پارێزبەندی و بیمەیان بۆ دابین دەکرێت بەڵام بەداخەوە لە ووڵاتی ئێمە نەک چالاکوان تەنها پارێزراو نین بەڵکو خودی هاووڵاتی ووڵاتەکەمان پارێزراو نین".
حوکمڕانی باشور پیاوی داگیرکەرانن بۆیە بەئاسانی چالاکوانن شەهید دەکرێن
زنیار جومعە چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە هاتنی چالاکوانانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ باشوری کوردستان ووتی : "گەلی کورد هیچ پەناگەیەکی نییە پەنای بۆ بەرێت لە هەرچوار پارچەی کوردستان چالاکوانان تەنها هەرێمی کوردستانیان هەیە پەنای بۆ بەرن، بەداخەوەش هەرێمی کوردستان خۆی داگیرکراوە لەلایەن چەند کەسێکەوە کە حوکمڕانی باشوری کوردستان دەکەن کە ئەو حوکمڕانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەکرێگیراوی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن، بۆیە داگیرکەرانی وەکو تورکیا بە ئاسانی چالاکوانان شەهید دەکەن، بەداخەوە هاووڵاتیانیش تەنها دەتوانن ناڕەزایەتی دەببڕن بەرامبەر تیرۆری دەوڵەت".
پێویستە حکومەت لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ژیانی چالاکوانن بپارێزێت
لە کۆتایدا زانیار جومعە چالاکوانی مەدەنی داوایکرد کە: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک پەنابەرێکی سیاسی پەنای بۆ دەبات لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بیپارێزێت، هەروەها پێویستە شوێنی مانەوە تایبەت و بازاڕی تایبەتی بۆ دابینبکرێت چونکە نابێت لەنێو کۆمەڵگایەکی ملی بژێت، چونکە لەنێو کۆمەڵگای میلیدا کە ئاستی رۆشنبیری بەرز نییە دەزگا هەوڵگرییەکان دەتوانن بە پارە هەموو شتێک بکەن، بۆیە پێویستە بەپی یاساکانی پاراستنی پەنابەری سیاسی شوێنێکی تایبەت دابینبکرێت بۆ بەردەوامی کارەکانی چالاکوانان و پاراستنی ژیانیشیان".
ژ.ت