چالاکوانانی بادینان: ناتوانن بیر و فکری ئێمە زیندانی بکەن
چالاکوانانی بادینان دەلێن: "هەرچەندە لەناو چوار دیوار ئێمە زیندانی کرابووین، بەڵام بیر و فکرمان زیندانی ناکرێت".
چالاکوانانی بادینان دەلێن: "هەرچەندە لەناو چوار دیوار ئێمە زیندانی کرابووین، بەڵام بیر و فکرمان زیندانی ناکرێت".
سەبارەت بە ڕووداوەکانی دەستگیرکردنە نایاساییەکە لە کەیسی گیراوانی بادینان و ئەو ئەشکەنجە و ئازارە و ستەمەی لەلایەن دەسەڵاتی پدەکەوە بەرامبەریان کراوە، هەریەک لە چالاکوانان کارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا باسی ڕووداوەکانیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'بەبێ هیچ پاساوێک پەدەکە ئێمەی ڕفاند'
سەبارەت بە دەستگیرکردنەکەی لەگەڵ هاوڕێیانی لە چالاکوان و رۆژنامەوانان، کارگەر عەباس بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "لە ماوەی ڕابردوو من لە گەل کۆمەڵێک کەسایەتی کە پێکهاتبوون لە رۆژنامەوان، چالاکوان، مامۆستا و کەسانی بەرێز ڕفێندراین و دەستگیرکراین بەبێ بوونی هیچ پاساوێک، ماوەی سالێک زیندانی کراین و تا ئەمرۆش بەشێک لە هاوڕێیانمان لە زیندان ماون، لەماوەی دەستگیرکردنمان بەهیچ شێوەیەک لەسەر بنەمای یاسایی لەگەڵمان هەڵسوکەوتیان نەکرد".
'هەموو هەڵسوکەوتەکانی پەدەکە دژی مافی مرۆڤ بووە'
کارگەر عەباس چالاکوان، سەبارەت بە پێشەڵکردنی مافەکانی لە ڕێگەی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، ئاشکرای کرد: "لەناو زیندانەکانی پەدەکە تووشی جۆرەها ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و لێدان بووین بە جۆرێک کە لەو زیندانەی ئێمەی تێدا زیندانی کرابووین هیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤی تێدا نەبوو، هەموو هەڵسوکەوتەکانی پەدەکە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ بووە، تەنانەت ڕێگە نەدەدرا لەگەڵ بنەماڵەکانمان قسە بکەین کە ئەوە سادەترین مافە، بۆ یەک رۆژیش وەکو یندانی کراوێکی ئاسایی مامەلەمان لەگەڵ نەکراوە بەڵکو بەردەوام پێشەڵکاری دژمان کراوە".
'خەوتن و نانخواردنیش وەکو ئەشکەنجە دژمان بەکاردەهات'
لە درێژەی قسەکانی سەبارەت بە ئەشکەنجەدانەکانی پەدەکە دژ بە چالاکوانان رۆژنامەنووسانی دەستگێرکراو ، کارگەر عەباس ووتیشی: "وەکو ڕێگەیەکی دیکە بۆ ئەشکەنجەدانمان زیندانەکانمان ئەوەند بچووک بوون تەنانەت جێگای خەوتمان نەبوو ئەمەش بۆ زیادبوونی ئەشکەنجەی دەروونی وایان دەکرد کە مەجبور دەکراین لەسەر تەنیشت و لە جێگایەکی زۆر تەنگ بخەوین هەروەها جێگای خواردن خواردنیشمان نەبوو".
'پەدەکە ترسی هەیە ستەمە زۆرەکانی ئاشکرا بن'
هەروەها ئەو چالاکوانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)باسی لە ترسی پەدەکە کرد لە ئاشکرا کردنی تاوان و ستەمەکانی دژبە ئازادیخوازان و ووتی: "لەماوەی چەند مانگ جارێک دەمانتوانی لەگەڵ بنەماڵەکانمان قسە بکەین، قسەکردنەکەشمان لەژێر چاودێرییەکی توند بوو، چونکە پەدەکە ترسی هەبوو کە ئەو زوڵم و ستەمە زۆرەی لە زینیدان بەرامبەرمان دەیکرد ئێمە بە بنەماڵەکەنمان بڵێین."
'خۆڕاگری هاوڕێ زیندانی کراوەکانمان هێزی بە ئێمە دەبەخشێت'
کارگەر عەباس پەیامێکی بۆ هاوڕی و هاوپیشە زیندانی کراوەکانی نارد، ڕایگەیاند: "بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێکیش هێشتا برادەرە و هاوپیشەکانمان کە بێتاوانن، لە زیندان ماون دوور لە هەموو یاسایەک، بە هاوڕێیانم لە زیندان دەڵێم"خۆڕاگریتان هێز بە ئێمە دەبەخشێت" و سڵاوم بۆ ڕەنج و خەباتی ئەو زیندانی کراوانە هەیە، هەڵوێستی ئەم چالاکوانە و زیندانی کراوانە وایکرد دەنگی ناڕازبوون لە ناوچەکانی پەدەکە دەربکەوێت و چیتر خەڵکی بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەو ستەمەی لیان دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە".
'پێویستە خەڵکی بەسەربەستی داوای ماف و ئازادی خۆیان بکەن'
دەربارەی داگیرکردنی ناوچەی بادینان لەلایەن پەدەکەوە، ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەکرد: "حکومەتی هەرێم و پەدەکە بادینان بە مولکی خۆی دەزانێت، قەبوول ناکات هێچ کەسێک داوای مافی خۆی بکات، لە ناوچەکانی پەدەکە کەسێک ناتوانێت باسی مافی خۆی بیکات لە هەموو جیهان مرۆڤ داوای مافی خۆی دەکات کاتێک کە نەیبێت، بەڵام لە بادینان ناتوانن و ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە لەلایەن پەدەکەوە ئەگەر داوای مافی خۆیان بکەن، هیوادارم هەموو ڕێکخراو و چالاوانان داوای مافی ڕەوای ئەم خەڵکی بکەن لەمەودوا ئەم خەڵکە پێویستە بەسەربەستی داوای ماف و ئازادی خۆیان بکەن".
'چالاکوانانی بادینان دەستگیرنەکران، بەڵکوو دوور لە یاسا ڕفێندران'
بەندەوار ئەیوب یەکێکی دیکەی ئەو چالاکوانانە بوو کە لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە دەستگیرکرا لەسەر داواکردنی مافی خەڵکی ناوچەکە، ناوبراو سەبارەت بە ڕفاندنیان لەلایەن پەدەکەوە ووتی: "لە سالی ٢٠٢٠ لە گەل کۆمەڵێک لە برادەران کە پێکهاتبوون لە مامۆستا، ڕۆشنبیر، رۆژنامەوان و چالاکوانان ڕفێندراین، ئەو شەوەی کە دەستگیرکراین رۆژی داوتر ئێمەیان بردە ئاسایشی گشتی هەولێر، دەستگیرکردنەکە بەبێ هێچ ئاگادارکردنەوەیەک بوو، هەروەها دەستگیرکردنەکەمان بەشێوەیەکی دوور لە یاسا بوو هیچ داوایەکی دادوەر نەبوو بۆ دەستگیرکردنمان بۆیە تەنها دەتوانین بڵێن ئەو کارە ڕفاندن بوون نەک دەستگیرکردن".
'لەسەر داواکردنی مافە سەرەتاییەکانمان دەستگیرکراین'
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان، چالاکوان بەندەوار ئەیوب، ڕایگەیاند: "لە خۆپیشاندان و هەڵوێستەکانماندا داوای شتی زۆرمان نەکرد و هیوایەکی گەورەمان نەبوو بەڵکو هۆکاری ڕفاندنمان لەلایەن پەدەکەوە تەنها بەهۆی ئەوە بوو کە داوای مافی خۆمان دەکرد وەکو هاووڵاتیان لەنێوانیشیاندا داوای مووچەی مامۆستا و پێشمەرگەمان کرد و داوامان کرد بنەماڵەی شەهیدان بپارێزن".
'لە دهۆک لەسەر دژایەتی کردنی داگیرکەر مرۆڤ دەستگیردەکرێن'
سەبارەت بە بەرتەسک بوونەوەی ئازادی ڕادەبڕین و پرسە نیشتمانییەکان لە پارێزگای دهۆک بەگشتی و ئیدارەی بادینان بە تایبەتی، ئەو چالاکوانە ئاشکرای کرد: "ئازادییەکان لە پارێزگای دهۆک سنووردارکراوە، ئەگەر چالاکوانان داوای مافی خۆیان بکەن یان لەسەر پرسە نشتیمانییەکان بێنە دەنگ و ئیدانەی تۆپبارانەکانی تورکیا و خاپورکردنی گوندەکان و شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل لەلایەن تورکیاوە بکەن، ئەوە دەسەڵاتی پەدەکە ئەو کەسانە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیر دەکات، پارێزگاری دهۆک هیچ بەرنامەیەکی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان قەبووڵ ناکات ئەگەر لەبەرامبەر هیرشەکانی تورکیا و ئێران دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە".
'بیر و فکرمان زیندانی ناکرێت'
لە کۆتایی قسەکانیدا، چالاکوان بەندەوار ئەیوب لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە بە دەسەڵاتی پەدەکەی ڕاگەیاند کە ناتوانن بیر و فکریان زیندانی بکەن و ووتی: "لە زیندان نەماندەتوانی بخەوین، بۆئەوەی ئەشکەنجەی دەروونیمان بدەن جێگایەکی گونجا و شیاو نەبوو بۆ خەوتن، ستەمێکی زۆریان بەرامبەرمان دەکرد بەڵام ئێمە هەر خۆمان بەدەستەوە نەدا و تەسلیم نەبووین، داواکارم لە هەموو ئەو برادەرانەی دیکە ئازاد بکرێن، هەرچەندە لەناو چوار دیوار ئێمە زیندانی کرابووین، بەڵام بیر و فکرمان زیندانی ناکرێت، دەسەڵات دەتوانێت ئازاری جەستەیمان بدات، بەڵام ناتوانن ئازاری بیر و فکرمان بدەن چونکە فکرمان ئازادە، داواکاری ئێمەی چالاکوانانی بادینان ئەوەیە کە بەزووترین کات تەواوی هاوڕێیانی ئازادیخوازمان لە زیندانەکانی پەدەکە ئازاد بکرێن".
هـ . ب