چۆن دەتوانیت لە ماڵەکەی خۆتدا، بەبێ ئەوەی لە ڕۆژئاوا بیت، کۆبانێ بپارێزیت؟

فەلسەفەی ئۆجالان، فەلسەفەی ڕاستەڕێکردنی جڤاکەکانە لە دەرەوەی دەسەڵات و فەرمان، لە ڕاستیدا کۆبانێ نوێنەرایەتیی ئەم تێگەیشتنە دەکات، کەسێک خوازیاری ئەوەبێت کۆبانێ بپارێزێت، دەبێت سەرەتا بتوانێت خۆی بپارێزێت، خۆی بەڕێوەببات.

ڕێبەر ئۆجالان، بەدرێژایی تێکۆشان و خەباتیی هزریی و فەلسەفیی کە ئەنجامی داوە، هاوکات لەگەڵیدا هەوڵیداوە بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، خۆبەڕێوە بردن، لەکارە هەرە گرنگ و لە پێشینەکانی ڕێبەر ئۆجالان بووە، "هێز"یش لەوەوە وەردەگرێت کە تا ئەمڕۆ ملیۆنان مرۆڤی لە جیهاندا خستۆتە سەرپێ، تەنانەت هەناسە و پارادیگمای نوێی بۆ بەشێکی زۆری بیرمەندان و نووسەرانی جیهانییش دابین کردووە، ئەم  "هێز"ە، دوورە لە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیی، هەر بۆیە، بەتەواوی مانای زانستیی و فەلسەفی، هێزێکی پاک و خاوێنە، لە جوڵەدایە، گەشە دەکا، نوێگەرە، ناترسێت بەڵکوو خودی ترسی تۆقاندووە.

 بەگوێرەی مێژوو دەکرێت، جیهان بەجۆرێکی دیکە بێت، لە قۆناغێکدا ڕوویداوە کۆمەڵگا بەبێ دەسەڵات ژیاوە، دەسەڵاتی خێڵ، دەسەڵاتی هۆز، دەسەڵاتی عەشیرەت، دەسەڵاتی کۆنفیدراسیۆنی عەشیرەتەکان، دەسەڵاتی مۆنارشی، ئۆلیگارشی، دەسەڵاتی پادشایی و ئاینیی و بازرگانی...هتد، کەوابوو مێژووی ئێمەی مرۆڤ مێژووی دەسەڵاتە، ئەوە ئەو دۆزینەوەیە گرنگە بوو کە ڕێبەر ئۆجالان پێشیخست و کاری لەسەر کرد، دەسەڵات هێز نییە، بەڵکوو بەکارهێنانی هێزە بەشێوازی نا ڕەوا، دەسەڵات کاتێک هێز بەدەستەوە دەگرێت و لە مۆدێلەکانی سیستەمدا دەیخاتە ڕوو، ئەکتی دەکا، بەبێ سێ و دوو هەم دژی مرۆڤە، هەم کۆمەڵگا، هەربۆیە دەسەڵات دێت ئەم هێزە لەناو سیستەمی دەوڵەتدا ڕێکدەخات، دەوڵەت، مادام هێزی دەسەڵاتدارێتی لەخۆیدا گیڤ داوە، ناشەرعییە و ناتوانێت دیموکراتیک بێت، نازانێت و بژاردەی ئەوەی نییە زەمینە بۆ ژیان خۆشبکات، ئۆجالان چۆن ئەوەی کرد؟ ئێمە دەتوانین تەڤلی ئەم تێکۆشانە ببین؟

ئۆجالان، لەماوەی ژیانیدا زۆر ڕێزی دایک و باوکی گرتووە، بەهیچ جۆرێک دوژمنایەتی کۆنی بنەماڵەیی پەسەند نەکردووە، ئەو بۆ پارێزگاری لە تەندرووستی خۆی جگەرە ناکێشێت، کحول ناخواتەوە، لەکاتی نانخواردندا بەفیڕۆنادات و ڕەنجی ئەوانی دیکە لەبەرچاو دەگرێت، هەموو مرۆڤێک بە بەرپرسیار دەبینێت، پاک و خاوێنی ڕادەگرێت، ژینگە پیس ناکات، چاو نابڕێتە هی هیچ شتێک کە هی خۆی نییە، ( ڕۆژێک یەکێک لە پادشاکانی سەردەمی بنەماڵەی چوو لە ووڵاتی چین، لە کۆنفشیۆسی پرسی، چۆن دەتوانێت دزەکان بگرێت، کۆنفشیۆس پێی گوت، شتێک کە هی تۆ نییە بەو کەسانەی بدەوە کە لێت بردوون، ئیتر کەس نامێنێتەوە دزی بکات.) گوێی لەو شتانە ڕاناگرێت کە بۆنی حەسوودی، فیتنەیی لێ دێت، زۆر بەباشی زمانی خۆی پاراستووە و سەرجەمی هەستەکانی بەهاوسەنگی لە نێوان هەردوو ژیری سەمپاتیی و ڕاسیۆنالی کۆنترۆڵ کردووە، هاوسەنگی لە نێوان خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا ڕاگرتووە، خەباتی ئۆجالان خەباتی مرۆڤبوونە، خەباتی داماڵینی دەسەڵاتدارێتییە لە هێز، هێشتنەوەی هێزە بەشێوازی سرووشتیی خۆی، فەلسەفەی ئۆجالان، فەلسەفەی ڕاستەڕێکردنی جڤاکەکانە لە دەرەوەی دەسەڵات و فەرمان، لە ڕاستیدا کۆبانێ نوێنەرایەتیی ئەم تێگەیشتنە دەکات، کەسێک خوازیاری ئەوەبێت کۆبانێ بپارێزێت، دەبێت سەرەتا بتوانێت خۆی بپارێزێت، خۆی بەڕێوەببات، هەستی فەرمان و دەسەڵاتدارێتی لەخۆیدا بکوژێت.

پازدەی تەباخی هەموو ساڵێک لەناو پەکەکە، پێی دەگوترێ، جەژنی ژیانەوە، بەواتای ژیانەوەی هەموو ئەو کەسانەی پێیان وابووە پێشتر ژیاون، ژیانەوەیەک کە سەرەتاکەی بە کوشتنی مێنتالیتەی پیاوێتیی و فێڵبازیی و فیتنەیی و جاسووسیی دەستپێ دەکات و مەرجی سەرەکییە بۆ بوون بە شۆڕشڤان.