ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەى راپەڕینەکانی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ، ورە و رۆحی ئەو سەردەمە و لە رۆژی ئەمڕۆی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێویستە بە رۆحێکی چۆن بەشداری هەڵمەتی ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ببن بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.
'گەنجانی رۆژهەڵات هیوای خۆیان لە رامانی رێبەر ئاپۆدا بینی و بەشداری بزووتنەوەى ئاپۆیی بوون'
چیاکۆ سەرنجی خستەسەر قۆناغی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ساڵی ١٩٩٩ کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تیایدا دیل کرا و هەڵوێستی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان وتی، "گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێش کۆماری ئیسلامیی ئیرانیش خاوەنی تێکۆشان و هەڵوێستی دژ بە داگیرکەری بووە، بەڵام لە سەرەتای هاتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان و چالاکتر بە داگیرکەریی وت، 'نا'. لە ساڵی ١٩٧٩ تاوەکو سەرەتای ١٩٩٠ قوربانیی زۆریدا، بەڵام بەهۆی لاوازیی پێشەنگ و کێماسیی رێبەر و ئەو حیزبانە، کە لەو کاتەدا سیاسەتی کوردیان بەڕێوەدەبرد، خۆی بە ئەنجامێک نەگەیاند، کە هێژای ئەو تێکۆشان و قوربانیانە بێت. لە ئەنجامی ئەوەدا ٢ خاڵ هاتنەپێشەوە، لەلایەکەوە ئەو رژێمە کە نەیدەهێشت گەلی کرد بە مافەکانی خۆی بگات و سەرکوتی دەکردن خۆی زۆر بەهێز دەبینی، لەلایەکی ترەوە گەل بە تێشکان و بێ هیوابوون رووبەڕوو بوونەوە. بەڵام سەرباری ئەوەش گەنجان و خوێندکاران بە بەردەوامی بۆ دۆزینەوەى رێبازێکی نوێ لە ناو تێکۆشان و گەڕاندا بوون. لە هەمان کاتدا ستراتیژیی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی رێبەر ئاپۆ هەوڵی دەدا، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ستراتیژیی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی رێبەر ئاپۆ، لە سەرەتا و ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠دا بە شێوەیەکی خێرا دەستیان دایە یەکتر و تۆوی تێکۆشانی ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چێندرا. بێگومان کردنەوەى کەناڵی ئاسمانیی مەد تیڤی یەکێک لە دەستکەوتەکانی تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ بوو، کە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەبوو بۆ ئەوەى کە هەم رۆژهەڵات رێبەر ئاپۆ بناسێت و هەم بزووتنەوەى ئاپۆیی زۆر زیاتر راستیی رۆژهەڵاتی کوردستان بناسێت. گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان هیواکانیان لە رامانەکانی رێبەر ئاپۆدا بینی و بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون. هەر چەند کەمیش بێت، بەڵام زۆر کەس لە ناو گەل دا چوونە سەر رێگا و رێبازەکەى رێبەر ئاپۆ".
'گەل وتیان، من هێشتا لەسەر پێم، چالاکیی بە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوبوویەوە؛ کەشێکی شۆڕشگێڕیی دروستکرد'
ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی مەجلیسی پەژاک باسی دۆخی کۆمەڵگە و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەو سەردەمەدا کرد و وتی، "کاریگەریی هەموو ئەو فاکتۆرانە لەسەر شکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە قۆناغی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات دا خۆی دەرخست. گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کاردانەوە و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە رفاندنی رێبەر ئاپۆ، لەلایەکەوە دەیخواست خاوەنداری لەو هیوا نوێیە بکات، کە لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا دۆزیبووییانەوە. لەلایەکی ترەوە هەم رق و توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە پیلانگێڕییەکان، کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بەسەر رێبەرانی کورد و گەلی کورددا هاتوون نیشان بدات، لە هەمان کاتدا خواستی لەو رێگەیەوە و بەو هۆکارە بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بڵێت، 'من هێشتا لەسەر پێم'. ئێمە دەتوانین بڵێین، لە نێوان خاوەنداریکردن لە رێبەر ئاپۆ و کاردانەوە لە دژی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات دا، خاوەنداریکردن و هەڵوێست نیشاندانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموان جیاوازتر بوو؛ ئەو کاردانەوە و هەڵوێستە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، گەل بە شێوەیەکی جەماوەری رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان نیشاندا و شکۆیەکی وڵاتپارێزی و نەتەوەبوونی لە خۆی نیشاندا. کەشێکی شۆڕشگێڕیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد. ئێمە دەزانین، کە رژێمی ئێران خۆی لە بەرامبەر ئەوەدا پێ رانەگیرا و بۆ ئەوەى کولتور و رۆشنبیریی راپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ بنەما و رەگ و ریشەیەکی نەمێنێت، هێرشی کردە سەر راپەڕینی گەل و زیاتر لە ٥٠ کەسی بە تایبەتی لە شاری سنە شەهید کرد، بەڵام بە پێچەوانەى چاوەڕوانییەکانی رژێم، کە وایدەزانی بەو شێوازە دەتوانێت کۆتایی بە راپەرینەکانی گەل بهێنێت، بەڵام ئەو راپەڕینانە بوونە بناغەى بزووتنەوەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتمەندیی ئاپۆچێتییەوە".
'پێویستە ئێمە ئەمڕۆش بە رۆحی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی ساڵی ١٩٩٩ خاوەنداریی لە رێبەر ئاپۆ بکەین'
چیاکۆ سەرنجی خستەسەر ئیرادە و ورەی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەرامبەر بە ئۆجالان و وتی، "لە راستیدا ئەمڕۆ پێویستمان بە رۆح و ئیرادەی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی ساڵی ١٩٩٩ی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بۆ خاوەنداریکردن لە رێبەر ئاپۆ. پێویستە جارێکیتر بەو رۆح و ئیرادەیەوە بۆ دوژمنی بسەلمێنین، کە ئێمە نەتەوەیەکین، پێکەوە پێدەکەنین و پێکەوە دەگرین. بە ڕاشکاوانە بە دوژمن بڵێین، کە پێشەنگ و ڕێبەری ئێمە شکۆی ئێمەیە و پارچەکردنی وڵاتی ئێمە لە ئەنجامی داگیرکاریی ئێوەدایە، هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی هیچکات پارچە نابێت و ئێمە بە شێوازێکی یەکگرتوو بەرەو سەرکەوتن دەچین. بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕی تۆڵە لە داگیرکەرانی کوردستان دەکەینەوە. ئەگەر دوژمن بە قوورس کردنی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ تۆڵەی ئەوەی دەکاتەوە، کە سەرۆک داگیرکەری تێکدا، گەلی بەئاگا و ڕێکخستن کرد و هاوکات گەلێک پلانی فاشیستی و داگیرکەری دوژمنی لە سەر هەرێمەکە پووچەڵکردەوە، پێویستە بە ڕۆحی نەتەوەیی و شؤرشگێڕی بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان تێکۆشان بکەین و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان بە تۆڵە سەندنەوە لە داگیرکەر مسۆگەر بکەین."
' لە هەر کاتێک زۆرتر گەلی کورد و گەلانی بندەستی ژێر داگیرکاریی ڕژیمی ئێران پێویستیان بە مۆدێلەکەی ڕێبەر ئاپۆیە'
چیاکۆ ئاوەها بەردەوام بوو: "لە دەسپێکی ساڵەکانی ٩٠هەتا دەگەێنە دەستپێکی سەدەی ٢١دوای ئەو شکەستانەی کە تووشی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتبوو، بێدەنگی و بێ هیوایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست بوو و ڕژیمی داگیرکەری ئێرانیش سەرخۆش بوو لەوەی کە ئیتر کۆتایی بە داخوازییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێناوە. ئەم قۆناغە لە قۆناغی کۆمەڵکووژییەکەی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٧هەتا دامەزراندنی پەکەکە لە باکووری کوردستان دەچێت. ترس، بێ هیوایی و گووشاری بێسنووری دەوڵەت بە سەر کۆمەڵگەی کوردستاندا زاڵ ببوو. بێگومان بە دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە سەر فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە تێکۆشان کرد، ئەمڕۆ ئەو تابلۆیە گۆڕاوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە تەنیا بەشێوازێکی شۆڕشگێڕی داوای مافی خۆیان دەکەن هاوکات بۆ ڕزگاریی خۆی تێکۆشان دەکات و بە شێوەیەکی بەرچاو خاوەنداریەتی لە ڕۆژەڤی پارچەکانی تری کوردستان دەکات. هاوکات دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کە سەرخۆش بوو کە کۆتایی بە دۆزی گەلی کورد هێناوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زۆرتر بە تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد ڕووبەڕوو بووەتەوە. هەروەها سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک وەک مۆدێلی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆی پێشخستووە کە لە هەر شوێنێک زیاتر پێویستی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و گەلی بندەستی ژێر داگیرکەری دەوڵەت نەتەوەی ئێران هەیە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو گەلانەی کە ستەمیان لیکراوە و لە ژێر داگیرکەری ڕژیمی ئێراندان پێشیخستووە.
'ئەرکی گەلی کورد و چینی زەحمەتکێشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن'
ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو، کە دەبێت هەر کەسێک خاوەندارێتی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکات و بە هێزەوە بەشداری چالاکییەکان ببن و وتی: "بە بۆنەی ٢٣هەمین ساڵی گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە، وەک گەلی کورد بەگشتی و ئەرکی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئەو گەلانەی کە لەلایەن دەوڵەت نەتەوەی ئێرانەوە داگیرکراون بە شێوەیەکی جەماوەری خاوەندارێتی لە ڕێبەرئاپۆ بکەن و ئاستی بەرپرسیاریەتی و چالاکییەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی" کات، کاتی ئازادیە" و هاوکات "نا بۆ سێدارە، کاتی دیموکراسییە" بەرزبکەنەوە. دیسانەوە فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ و ژیانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران ئەرکێکی تری خاوەنداریەتی لە رێبەر ئاپۆیە. ئێمە دەزانین هەرساڵە لە چوارچێوەی ئیدانەکردنی گەلەکۆمە نێونەتەوەیی و هەوڵ بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ لە لایەن تەڤگەری ئازادیی گەلی کوردەوە و دۆستەکانییەوە پلانسازی دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە. ئەرکی شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزییە، کە گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی تری ئێرانە، کە بە ڕەنگێکی چالاک بەشداری لە چالاکییەکانی مانگی شوبات دا بکەن و هاوکات بە پێی تایبەتمەندیی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران بەشێوازێکی خوڵقێنەر کار بکەن. بێگومان چۆن ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلی کوردە، هاوکات ڕێبەری گەلانی بندەست، ژنان و چینی هەژارە. بۆئەوەی کە پرۆژە و مێژووی تێکۆشانی ئەو بۆ ڕزگارکردنی گەلانی بندەست، ژن و زەحمەتکێشانە. بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادیی ئەو، هەموو گەل، چین وتوێژەکانی ڕزگاریخوازە."
ژ.ت / ک-ش