دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن، ناوەندێکی تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسە سیاسییەکان. تا ئێستا چەندین کۆڕ و توێژینەوەی لەسەر پرسە سیاسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا ئەنجامداوە. وتەبێژی ئەو دەزگایە لەسەر بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان لە ناوێشدا قەیرانی دارایی، کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا و مەترسیی داگیرکاری تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
لە سەرەتای قسەکانی ناوبراوی ئاماژەی بە بارودۆخی خراپی هەرێمی کوردستان کرد و وتی: "ئێمە پێمانوایە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابوریدا، کە ئەم بوارانە لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر سەختتر دەبن، بەتایبەتی کە تورکیا چاوی بڕیوەتە سەر خاکی باشوری کوردستان بۆ زیاتر چەسپاندنی پێگەی خۆی بەتایبەتی لەناوچەکانی شەنگال و مەخمور.''
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیار و دژواردا تێپەردەبێت
سەبارەت بەخراپی ڕەوشی هەرێمی کوردستان و بە فێرودانی نەوتەکەی، دکتۆر ڕەعەد ڕەفعەت محەمەد ووتی: " حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرووی ئابورییەوە نەوتەکەی دەفرۆشێت و داهاتەکەی دیار نییە و لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەقەرزار لە قەڵەم دەدات، ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە سوودی هەبێت بۆ خەڵکی و حکومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە نەوت بکاتە کارتی فشار لە بەرامبەر حکومەتی عێراق بۆ ڕیککەوتن لەگەڵی، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەبوارەکانی سیاسی، ئابوری، سەربازی و ئەمنیدا بە بارودۆخێکی هەستیار و دژواردا تێپەردەبێت."
"تورکیا دەستی بەسەر نەوتی هەرێمی کوردستاندا گرتوە"
سەبارەت بە ڕادەستنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق لەلایەن دەستەڵاتدارانی باشوری کوردستانەوە، وتەبێژەکەی ستاندەر ووتی: "دوو هۆکار هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت نەوتی هەریمی کوردستان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکاتەوە، هۆکاری یەکەمیان ئەوەیە کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەدەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵکو لە دەستی تورکیادایە و تورکیا بڕیار دەدات نەوتی هەرێمی کوردستان بە کێ بفروشترێت و بەچەند بفرۆشترێت، هۆکارێکی دیکەی ڕادەستنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەگەر ئەو نەوتە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکەنەوە ئەوە دەرفەتی گەندەڵی بۆ بەرپرسە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەردوو پێگەی سیاسی و جەماوەرییەوە لاوازبووە
سەبارەت بەچۆنیەتیی بەرنگاربوونەوەی داگیرکاری و ڕزگارکردنی باشوری کوردستان لەم دۆخە دژوارەی ئێستادا، دکتۆر ڕەعەد ڕەفعەت ووتی: " دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر دوو پێگەی سیاسی و جەماوەرییەوە لاوازبووە، بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی توڕەو بێزارە لەو دەسەڵاتەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بژیویی ژیانی هاووڵاتیان دابین بکات و رۆژ بەدوای رۆژ ژیان و باری سەر هاووڵاتیان قورستر دەکات، بۆیە پیوستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکات بۆ ماوەیەکی درێژ لە مەلەفی ئابوری و سیاسی و ئەمنی، ئەو کاتە هەرێمی کوردستان بوژانەوە بەخۆییەوە دەبینێت لە ئەگەری داگیرکاری پارێزراوتر دەبێت."
تورکیا لە ئێستادا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت خاکی باشوری کوردستانی داگیرکردووە
لە کۆتایدا دکتۆر ڕەعەد ڕەفعەت وتەبێژی دەزگای ستاندەر ووتی: "کاتێک حکومەتی هەرێم و عێراق ڕێککەوتن لەلایەنی ئابوری و لەلایەنی سەربازیش ووڵاتانی هەرێمی ناتوانن وەکو پێشتر دەستێوەردان بکەن، کە وەکو ئێستا دەبینین حکومەتی تورکیا چەندین شوێنی لە باشوری کوردستان داگیرکرووە و بنکەی سەربازی دروستکردووە بەبێ ئەوەی هیچ مۆڵەتێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.''
ژ.ت