د.حەسەن شێخانی: پرۆسەی سەرژمێری گشتیی عێراق زۆر گرنگ و هەستیارە بۆ کورد
حەسەن شێخانی: "پێویستە داواکاری و مەرجەکانی کورد جێبەجێ بکرێن، ئەگەر کورد بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری نەکات ئەوە ناتوانرێت سەرژمێری ئەنجام بدرێت".
حەسەن شێخانی: "پێویستە داواکاری و مەرجەکانی کورد جێبەجێ بکرێن، ئەگەر کورد بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری نەکات ئەوە ناتوانرێت سەرژمێری ئەنجام بدرێت".
سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی و مامۆستا لە كۆلیژی یاسا دکتۆر "حەسەن شێخانی" لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)، باسی سەرژمێری گشتی لە عێراق کرد، ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردەوە كە سەرژمێریی گشتی پرۆسەیەكی زۆر گرنگ و هەستیارە بۆ هەر وڵات و نەتەوە و قەوارەیەكی سیاسی.
'ئێمەی کورد پرۆسەیەکی زۆر گرنگ و هەستیار لە پێشمانە'
دکتۆر حەسەن شێخانی، سیاسەتمەدار و شرۆڤەکاری سیاسی، سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گوتی: "ئێمەی کورد دوو مانگی دیکە بەرەو پرۆسەیەکی زۆر گرنگ و هەستار دەچین ئەویش پرۆسەی سەرژمێری گشتییە لە عێراق، کە ماوەی ٢٧ ساڵە ئەنجام نەدراوە، دوا پرۆسەی سەرژمێری کە ئەنجامدرا لە ساڵی ١٩٩٧ بوو کە هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش کرا لەبەر ئەو کێشانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رژێمی پێشووی بەعس هەبوو".
'ژمارەیەکی زۆر عەرەبی هاوردە هێنراوەتە شاری کەرکوک'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو شرۆڤەکاری سیاسییە ڕایگەیاند: "ئێستا بەرەو پرۆسەی سەرژمێری گشتی هەنگاو دەنین، بۆیە پێویستە ئێمەی کورد و سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان ئامادە باشی بۆ بکەین لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە هێنراوەتە شاری کەرکوک هەروەها ژمارەیەکی زۆری کوردی ڕەسەنی ئەم شارە بەرەو شارەکانی سلێمانی و هەولێر چوون و لەوێ نیشتەجێ بوون ئەمەش یەکێکە لە بەربەرستەکانی بەردەم ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە دابڕێندراوەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی باشوری کوردستان)".
' سەرژمێری مادەی ١٤٠ جیاوازە لەم سەرژمێری گشتییە'
دکتۆر حەسەن شێخانی، سیاسەتمەدار و شرۆڤەکاری سیاسی، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمەی کورد دەزانین لە قۆناغی سێیەمی مادەی ١٤٠ی دەستور تایبەت بە ناوچە دابڕێندراوەکانی(ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی باشوری کوردستان) بریتییە لە سەرژمێری، هەروەها بڕیاری دادگای باڵای فیدرالیمان هەیە کە دەڵێت "سەرژمێری مادەی ١٤٠ جیاوازە لەم سەرژمێری گشتییە" و ئەم سەرژمێرییە بابەتی نەتەوە و مەزهەب و تایفەی تیدا نییە، تەنها ئاینی تێدایە".
پێویستە بابەتی عەرەبی هاوردە یەکلایی بکرێتەوە
هەروەها ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە، "پێویستە سەرکردایەتی کورد کار بۆ ئەوە بکات کە لە بڕیاری سەرژمێری بڕگەیەکی تێدابێت تایبەت بێت بە مادەی ١٤٠ و دەربارەی عەرەبی هاوردە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕوون بکرێتەوە کە ئەو عەرەبە هاوردانەی هاتوونەتە کەرکوک و ناسنامەیان کەرکوکی نیە لەسەر پارێزگای کەرکوک هەژمار دەکرێن یان نا، لەئیستادا پارێزگاری کەرکوک کوردە و ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی بەکارکردووە، پێویستە لەئیستا بەدواوە کار بۆ سەرژمێری و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بکەن".
'ئەگەر هەرێمی کوردستان بەشداری نەکات ئەوە سەرژمێری ئەنجام نادرێت'
لە کۆتایی قسەکانیدا، دکتۆر حەسەن شێخانی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ئاشکرای کرد: "گرنگترین شت لەئیستادا پێویستە سەرکردایەتی کورد خوێندنەوە بۆ فۆڕمی سەرژمێری بکات کە لە ٧٠ پرسیار پێکهاتووە، لەئیستاشدا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لیژنەیەک لەگەڵ پەرلەمان چاودێری ئەو پرۆسەیە دەکات، پێویستە داواکاریی و مەرجەکانی کورد جێبەجێ بکرێت تاوەکو عێراق بتوانێت سەرژمێری گشتی ئەنجام بدات، ئەگەر کورد بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری نەکات ئەوە ناتوانرێت ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت".
جێگای ئاماژەیە، ماوەی ٢٧ ساڵە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام نەدراوە ، بۆیە ئەو سەرژمێرییەی بڕیارە لە ٢٠ و ٢١ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، لە هەموو ڕوویەكەوە گرنگییەكی زۆری هەیە.
دوایین سەرژمێری دانیشتووان، حكومەتی پێشووی عێراق لە ساڵی ١٩٩٧دا ئەنجامی دا، ئەوە دوایین سەرژمێرییە و هەرێمی كوردستانی نەگرتەوە، بە گوێرەی ئاماری وەزارتی پلاندانانی حكومەتی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە ٤٣ ملیۆن و ٣٢٤ هەزار كەس، مەزندە دەكرێت ژمارەی دانیشتووانی عیراق بۆ كاتی سەرژمێریی گشتی بگاتە ٤٤ ملیۆن و ٥٠٠هەزار كەس.