دار كاجەكانی دەوڵەتی تورك و دار بەڕووەكانی كوردستان

دەوڵەتی تورکی داگیركەر دەیەوێت بەرێگەی ئەو جۆرە دارچاندنەوە، ئەو شارەی هۆلاكو و نەوە و نەتیجەكانی مەغۆلەكانی شكست پێ هێنا، بەتەواوەتی لەكەسایەتی بنەماڵەی بارزانیدا تەسلیم وەرگرێت.

رۆژی پێنج شەممە ٢٣/١١/٢٠٢٣ مەهدی ئەكەر كە كەسێكی كوردە و بەئەسڵی خوی خەڵكی بسمێلی سەر بە شاری ئامەدی باكوری كوردستان و بازرگانی ئاژەڵ و پەلەوەرە و ئێستاكەش لەكابینەكەی ئاكەپە و حكومەتەكەی ئەردۆغاندا وەزیرەی كشت و كاڵە بەچەند هەزار دارە كاجەوە خۆی خزاندە هەولێر و لەسەرناوی دەوڵەتی تورك و پیشاندانی توركان بۆ ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایانە و برەودان بەبازرگانی و سەرمایەگوزاری لەگەڵ كوردەكان لەباكووری عێراق، سەردانی شاری"هەولێر"ی كرد. هەر لەو سەردانەشی هاوشانی بەرێز خاتوو بێگەرد تاڵەبانی دار كاجەكانیان چاند و بەچاندنی ئەو دار كاجانەش لەبەردەم چاوی كامێراكانی راگەیاندندا جارێكی تر ویستیان خەڵكە رەش و رووت و مافخوراوەكەی گەلەكەمان هەڵخەڵەتێنن و رۆژەڤێكی لاوەكی بۆ سەرقاڵ كردنیان دروست بكەن.

وەزیرە ساختەكارەكەی ئاكەپە و دەوڵەتی داگیركەری تورك مەهەدی ئەكەر وەكو خۆی لەسەردانەكەیدا بانگەشەی بۆ كرد بەمەبەستی پیشاندانی نیەت پاكی دەوڵەتی تورك و بەئامانجی پێكەوەژیانی ئاشتیانەو تەبایی و برایەتی لەگەڵ كوردەكان ئەو دار كاجانەی هێنابوو و ناشتنیان، بەڵام ئەوەی دەبێت گەلی كورد لەو هەنگاوەی دەوڵەتی تورك بەگۆمانەوە سەیری بكات ئەوەیە، ئامانجە راستەقینەكانی پشت ئەو هەوڵەی دەوڵەتی تورك ببینێت، چۆنكە دەوڵەتی تورك بەدرێژایی تەمەنی خۆی ئەوەی باوەڕی پێ نییە، ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادانەیە، بۆ ئەوەش ئەگەر دەوڵەتی تورك لەو پەیام و بانگەشەیدا راست دەكات با لەگەڵ كوردەكانی وڵاتەكەی ئەو نیاز پاكییە نیشان بدات.

ئەوەی كە كەمێك لەگەڵ بابەتی كشت و كاڵ و زەوی ناسی و جۆگرافیا و كەش و هەوا شارەزایی هەبێت، باش دەزانێت كە كام دار لەكوێ و لەكام ئاو و هەوا و خاكێكدا بەباشی دەڕوێت و سوود و زیانی ئەو دار و بەروبوومانەشی بەرهەم دێ لەیەكدی جیا دەكاتەوە. بۆیە پێویستە بەكورتیش بێت راوەستەیەك لەسەر نیاز پاكیەكەی دەوڵەتی تورك بكەین و بەچاوی گۆمانەوە سەیری ئەو هەنگاوانەی بكەین.

دار كاج بۆ خۆی دارێكە ئەگەر هاوردەكراویش نەبێت لەهەموو ناوچەیەكی كوردستاندا شین نابێت و بەپێ پێدراو و بەڵگە مێژووییەكانیش، لەكوردستاندا زۆری لەسەر نەگووتراوە، ئەو دارەی لەكوردستاندا هەمیشە بووەتە رۆژەڤ و لەوێژە و چیرۆك و هەڵبەستەكاندا بەبەژن و باڵایدا هەڵیانداوە، جۆرێكە لەدار كە بەدار بەڕوو ناسراوە و ئەم دار بەڕوویە لەكوردستاندا مێژوویەكی هەزاران ساڵە بەدرێژایی مێژووی كورد و كوردستانی بەپەل و پۆوەكانی خۆیەوە نەخشاندوە و هەڵگرتووە.

دەوڵەتی تورك و وەزیرەكەی ئاكەپە، مەهدی ئەكەر بەهێنانی دار كاج بۆ شاری هەولێر چەند ئامانجێكی سیاسیان هەیە و هیچ پەیوەندیەكیان بەئاشتی و برایەتیەوە نییەوە تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندن و خۆل كردنە چاوی خەڵك و دروستكردنی رۆژەڤی بێ بنەمایە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە زۆرینەی مووچەخۆرانی باشوری كوردستان ناڕازین و لەناو خۆپیشاندان و چالاكی دان. پەرلەمان و حكومەت هەڵوەشاونەتەوە و هەرێم بەحۆكمی قەرەقووشی بەرێوە دەچێت، هێنانی ئەو دارانە ئەهانەكردن و بێ رێزی كردنە بەشعور و عەقڵی لەپلەی یەكەمدا بەدەسەڵاتداران و پاشان بەگەلەكەمان لەباشوری كوردستان، وەگەرنا هەركەس دەزانێت دەوڵەتی تورك بەدرێژایی هاتنی توركان لەئاسیای ناوینەوە بۆ ئەنادۆل و بەگشتی بۆ كوردستان كاریان سووتاندن، بەتاڵان بردن و كوشتن و دزی و جەردەیی بووە و ئەوەش وەكو بەشێك لەچاند و كەلتوریان لەمێژوودا نوسراوەتەوە و بەدرێژایی تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەی تورك ئەو دەوڵەتە هەمیشە یەكەم هەوڵی قڕكردن و توانەوە و كۆمەڵكۆژكردنی كورد بووەو بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پیلانانەشی بەئاگر و ئاسن رووبەرووی گەلی كورد بووەتەوە. سروشت و لەوەڕگا و دارستان و رەز و باخ و دێهات و مەڕ و ماڵات و مرۆڤی كوردی بەژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە و بەشۆڕشگێڕیەوە كۆمەڵكۆژ كردووە و بێ باكانە بۆ پێكهێنانی ئەو سیاسەتانەشی چی ویستووە درێغی نەكردوە و لەپێش دا دەستی بۆ تێكدانی سروشتی كوردستان بردوە. ئاگری تێبەرداوە، كانیاوەكانی پڕكردوەتەوە و سەرچاوەكانی ئاوی بەداپۆشاندن و چیمەنتۆ گرتن وشك كردوە و رێڕەوە ئاویەكانی گۆڕیوە، ئاگری لەدارستانەكان بەرداوە بۆ ئەوەی كوردان نەتوانن لەژێر لەق و پۆپی دارەكاندا بحەسێنەوە و لەكاتی مەترسیەكاندا خۆیانی لەژێردا حەشار بدەن و لەبەروبۆمەكانی ئەو دارستانانە بژێوی ژیانیان دابین بكەن و بۆ ئەوەی منداڵانی كورد نەتوانن بەئاسانی لەبەر هەتاوی هاوین و سەرمای زستاندا لەو دارانە كەڵك وەرگرن. وەكو پێشنیان ووتوویانە، ئەوەی هی خۆمە بەخۆمی حەڵاڵ نابینن و دەیەوێت بەشێوەیەكی تر بەخۆمی بفرۆشنەوە.

هەركەس دەزانێت شاری هەولێر لەوەرزی هاویندا بەدەست بێ ئاویەوە دەناڵێنێت و زۆر كەم ئاوە و كۆبوونەوەی ئاویشی تێدا ناكرێت. تەنانەت خەڵكی خۆشەویستی هەولێرو دانیشتوانی زۆربەی گەڕەكەكان هەولیر هەفتانە ئاویان نییە یا خود تەنیا چەند كاتژمێرێك ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە. خاكی هەولێر، خاكێكی گرس و وشكە و مەگەر بەحەفارە لەهاویندا بتوانی خاكەنازێك خاكی لێ هەڵكنی، دار كاج لەو كەش و هەوا گەرم و بێ ئاویەی هەولێردا وەكو پێویست شین نابێت و ئەگەریش شینیش بێت، ئەوا ئەو دارانە وەكو منداڵی ساوا و شیرمردە وا دەبن و پەل و پۆل بەرنادەنەوە و لەق و پۆپێكی وەهایان نابێت، ئەمە واتای ئەوەیە كە ئەو ئاو و هەوا و ئەو جۆگرافیایە بۆ ئەو جۆرە لەدار رواندن گۆنجاو نییەو رەنگە لەهەندێ ناوچە لەكوردستاندا بچێندرێت، بەڵام بەگشتی لەهەموو كەش و هەوا و خاكێكدا گۆنجاو نییە. دار كاج بەهۆی جۆری دارەكەی و سرشتەكەی لەكوێ بچێندرێت و شین بێت ئەوا خاكی چواردەوری خۆی دەكۆژێت، ئێدی ئەو خاكە بەكەڵكی چاندنی هیچ بەرەوبۆمێكی تر نایەت، دارێكە سێبەرێكی چڕوپڕ و خۆشی هەیە، بەڵام بەرهەمەكانی وەكو پێویست نین. لەبەرامبەردا ئەو دارەی بەدرێژایی مێژووی كورد شادەمارەكانی لەخاكدا ریشەی كوتاوە، دارێكی پڕ بەهێزو بەبەرهەمە. دارێكە دەشت و چیای بۆ نییە. لەسەختترین لووتكەكانی چیاكاندا و تەنانەت لەنێو دڵی تاشە بەردەكانیشدا چرۆ دەكات و شین دەبێت و باڵا دەگرێت. دار بەڕوو دارێكی خۆماڵییە و خاوەن چەندین تایبەتمەندی ناوازەیە. لەبواری پیشەسازی كشت و كاڵیەوە مرۆڤ دەتوانێت بەدەیان تایبەتمەندی بەرجەستەی داربەڕوو بژمێردرێت. پێش هەر شت دار بەروو تەمەنێكی سەدان ساڵەی هەیە و دەتوانرێت بەئاسانی پەرەی پێ بدرێت و ژینگەیەكی گەورەی پێ سەرسەوز بكەی، لەبەرامبەر بەسەرما و گەرماوە خۆڕاگرە، بەئاسانی ناشكێت و سەرنەوی ناكات و لە خانووبەرەشدا باشترین و بەهێزترین دارە بۆ سەرگرتنی ماڵان و لەكۆن زەمانەوە تا ئێستاكەش لەگوندەكان بەكاردەبرێت. ئەم تایبەتمەندیانەی لەداربەڕوودا ئاماژەیان پێكرا، مرۆڤ ناتوانێت هەمان شت بۆ دار كاجیش بهۆنێتەوە. دار كاج بەهەر بایەك  دەچەمێتەوە و دەكەوێتە لەرزە و زۆر لاوازە. دارەكەشی لەخانووبەرەدا زۆر بەكارنایەت. پەل و پۆی دار بەڕوو و بەرهەمەكەشی بۆ ئاژەڵانیش بەسوودە. لە پەل و بەرگی داربەڕوو مازوو، بەڕوو، گەزۆ و... بەرهەم دێ. لەدەركەوتنی چیاكانی توورس و زاگرۆس و تەنانەت ئەلبۆرزەوە دار بەڕوو وەكو سیمبۆل و ناسنامەی ئەو چیا و دەشت و دەوەنانە بووە و هەركەسیش كوردستان بەدار بەڕووەكانی دەناسێتەوە. باشترین هەنگۆێنە خۆماڵییەكان لەكونی داڕ بەڕووەكان كۆدەكرێتەوە. دار بەڕوو خاوەنی هەزاران چیرۆكە و كورد و دار بەڕوو لەیەكدی جیاناكرێنەوە.

خاڵێكی تر مرۆڤ دەتوانێت لەم جۆرە لە سیاسەتەكانی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان و بەتایبەتی دەوڵەتی توركی داگیركەر تێبگات ئەوەیە كە داگیركەران باش دەزانن بە چ رێگا و رێبازێك تەور لەریشەی كوردان بدەن و چۆن ئاسەوارە مێژینیەكانی كوردان قڕ و لەناو ببەن. داگیركەران چۆن پلانیان كردوە كە كوردێكی دەستەمۆكراو و بەكرێگیراو و خاڵی لەزیهن و بەرگری گۆش بكەن، ئاوەهاش دەیانەوێت دەوڵەمەندییە سروشتی، ژینگەیی، رۆحی، زیهنی و دیرۆكی گەلەكەمان پاكتاو بكەن.

بەدرێژایی تەمەنی تێكۆشانی پەنجا ساڵەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان"پەكەكە"، ئاماژە بەسیاسەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لەكوردستان و ئامانجە گڵاوەكانی ئەو دەوڵەتە كراوە، بەتایبەتی لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی دوایی دەوڵەتی تورك بەئاشكرا دەستی بەقڕكردن و لەناوبردنی دارستانەكانی هەرێمەكانی ئامێدیە، شەمزینان، هەكاری، ئامەد، بادینان، دێرسیم و بەتایبەتی هەرێمەكانی پاراستنی مێدیا كردوە و بەرێگەی گروپە چەتەكان و بەكرێگیراوان ئەو دارستانانە دوابەدوای ئاگر تێبەردان دەبڕنەوە و رەوانەی گەورە شارەكانی توركیا دەكەن. هەرچەندە بەدیمەن و بەڵگە ئەو كارە قێزەن و دژە ژینگەیی و ئیكۆلۆژییەی دەوڵەتی تورك لەلایەن راگەیاندنەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، كە چی ئێستاشی لەگەڵ بێت، نە وەزیر و نە وەزارەتی كشتوكاڵ و جەنگەڵبانی سەر بەناو حكومەتەكەی هەرێمی باشوری كوردستان نووزەشیان لێوە نەهاتوە و ناڕەزایەتیان دەرنەبڕی.

دەوڵەتی داگیركەری تورك و گروپە چەتەكانی بەهەزاران داری زەیتوونیان كە لەئایەتەكانی قورئانی پیرۆزدا بەدەیان جار ناوی هاتووەتە بەشۆفل و كامیۆن لەریشەوە هەڵكەند و گۆاستەوە و بەرهەمی ئەو دار زەیتونانەشی ماون دەدزن و رەوانەی شارە توركیەكان و وڵاتانی ئەوروپی دەكەن و یەك لەو كوردانەی كە مەهدی ئەكەری بازرگان و وەزیر و گزیرێك كە ئاكەپە و دۆستی نچیرڤان بارزانی و بنەماڵەی بارزانی باسی برایەتیان لەگەڵ دەكەن، دەنگیان دەرنەبڕی، كە چی بەرپرسانی بە ناو حكومەتی هەرێم بەخشكەیی هاوشانی مەهدی ئەكەر دار كاجمان بۆ دەڕوێنن.

بەپێناسەیەكی تر دەوڵەتی داگیركەری تورك دەیەوێت بەرێگەی ئەو جۆرە لەدارچاندنەوە، ئەو شارەی هۆلاكو و نەوە و نەتیجەكانی مەغۆلەكانی شكست پێ هێنا، بەتەواوەتی لەكەسایەتی بنەماڵەی بارزانیدا تەسلیم وەرگرن. دەبێت گەلەكەمان و بەتایبەت خەڵكی شاری هەولێری قەڵاو مەنارە رێگە بەبنەماڵەی بارزانی و چەواشەكاریەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر نەدەن كە بە دروستكردنی رۆژەڤی لاوەکی و پووچ یاری بەهەست و سۆزیانەوە بكەن.