بە دیمەن

دایکانی ئاشتی: با نەوەی نوێ لە ئاشتیدا بژین

دایکانی ئاشتی کە بە فرمێسکی دڵخۆشییەوە تەماشای مەراسیمی چەک لەناوبردنیان کرد، وتیان: "تێکۆشانی زۆرمان کرد لە پێناو ئاشتییدا، لە ئێستادا دەبینین نزاکانمان قبووڵ بوون، هیوامانە ڕۆڵەکانمان لە نێو ئاشتییدا بژین."

لەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی مەراسیمی چەک لەناوبردنیان ئەنجامدا. لە مەراسیمەکەدا کە ٢٥٠ تەماشاچی بەشداربوون گرووپەکەی گەریلا لە چیاوە هاتنە ناو گۆڕەپانی مەراسیمەکە. گەریلاکان کە لە ١٥ ژن و ١٥ پیاو پێکهاتبوون، بە ڕیز هاتنە نێو گۆڕەپانی مەراسیمەکە. مەراسیمەکە لە کاتژمێر ١١:٢٥ دەستیپێکرد و لە ١١:٤٥ کۆتایی هات. لەگەڵ هەڵستانە سەرپێی ئامادەبووانی مەراسیمەکە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" وترایەوە. لە مەراسیمەکەدا دوای قسەکردنی هاوسەرۆکی کەجەکە بەسێ هۆزات، چەکەکان لەنێو ئاگردانێدا سوتێنران.

گەلی کورد کە لەسەر شاشەکان تەماشای ئەو مەراسیمەیان کرد، بە هەستێکی بەهێزەوە لە دیمەنەکەیان دەڕوانی. دایکانی ئاشتی لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان کۆبوونەوە و لە دامەزراوەکان تەماشای دیمەنەکانیان کرد. دایکان هەم زۆر بە جۆشوخرۆش بوون و هەمیش غەمگین بوون. دایکان لەلایەکەوە نزایان دەکرد، لەلایەکەوە بە فرمێسکی دڵخۆشییەوە لەو هەنگاوانەیان دەڕوانی کە بۆ تێکۆشانی ئاشتی دەنران. هەنگاوە مێژووییەکەیان بەم شێوەیە شرۆڤەکرد: "نزاکانمان قبووڵ بوون. ئێستا نۆرەی دەوڵەتە، هەنگاوی دواتر پێویستە دەوڵەت بینێت. لەم وڵاتە پێویستە لەمەودوا لەبری فرمێسک، ئاشتی سەروەر بێت."

دایکانی وان کە بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە تەماشای دیمەنەکانیان دەکرد، لەڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەستەکانیان دەربڕی.

لە دایکانی ئاشتی، گوڵستان کایا: گیانی ئێمە سووتا، نامانەوێت گیانی هیچ کەسێکی تر بسووتێت. هەنگاوێکی گەورە بوو. ئەمڕۆ لەپێناوی ئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت چەکەکان سووتێنران.

حەنیفە کاچاک : ئەم ڕۆژە دەکەینە دیاری بۆ ژن و کەسانی بەویژدان. ئێمە ئەم ڕۆژانەمان بینی و بۆ ئێمە ڕۆژانێکی پڕ لە شانازین. ئەم دیمەنانەی ئەمڕۆ و هەموو ئەوەی کرا لەپێناوی ئەوە بوو کە نەوەی نوێ و منداڵانی کورد ژیانێکی یەکسان بژین. چەکیش هەر بەم ئامانجە هەڵگیرا، بەڵام ئەمڕۆ هەموو جیهان کوردی ناسی و گوێی لە داخوازییەکانی بوو. ئێمە نزامان بۆ بەدیهاتنی ئاشتی کرد. بۆ قبووڵبوونی ئەم نزایانە چیمان لەدەست بێت دەیکەین.

مەدینە کیاکیش: ئێمەی دایک ئازارمان چەشت، جەرگمان زۆر سووتا. ئێمە تەنها ئاشتیمان دەوێت. دوای پەیامەکەی هەفتەی ڕابردوو، ئەم دیمەنانە دڵی هەموومانی ئارامکردەوە. هەم فرمێسکمان ڕشت، هەمیش دڵخۆش بووین. لەمەودوا پێویستە ئاشتی بە خوێندن بە زمانی دایک، یەکسانی و دامەزراندنی دەستووری بنەڕەتییەوە بەدیبێت.