چالاکوانی مەدەنی نەقیە سکەندەر لە پێکهاتەی مەسیحی کە لە کۆڕبەندی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال لە ژێر ناونیشانی "چارەسەری کێشەکانی عێراق لە ناو نەتەوەی دیموکراتیکدایە" ئامادەبوو قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
نەقیە سکەندەر سەرنجی راکێشا بۆ سەر دۆخی عێراق و باسی لەوەکرد کە پێکهاتە و کەینەکان هیچ مافێکیان لە عێراقدا نییە. سکەندەر لە درێژەدا وتی، "دەوڵەتی ئێستا مافی کەمەنەتەوەکان ناپارێزێت و پشتگوێیان دەخات. ئەگەر مافی ئێمەیان بدایە ئێستا ئێمە لەم دۆخەدا نەدەبووین. بەتایبەتی گەلی ئێزدی و هەموو کەمەنەتەوەکانی عێڕاق پشتگوێ و پەراوێزخراون، لەبەر ئەوەی ئەم حکومەتە، حکومەتی حزبەکانە. عێراق ناتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت".
سکەندەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر دەوڵەت بیەوێت بە دروستی مامەڵە بکات، دەبێت شەنگال ئاوەدان بکاتەوە و وتی، ئەگەر ناتوانێت شەنگال ئاوەدان بکاتەوە، با پەنابەران بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، یاخود با چارەنوسی کچ و ژنانی ئێزدی کە بەدەست داعشەوەن یەکلابکاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە بۆ لای بنەماڵەکانیان. ئەگەر تەنانەت یەکێک لەو کارانەش ناکات، واباشتر واز لە شەنگالییەکان بهێنێت، لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان دەتوانن چارەوسی خۆیان بەدەستی خۆیان بەڕێوەببەن".
سکەندەر لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە کۆڕبەندی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانێت ببێتە رێگە چارەیەک بۆ کێشەکانی عێراق.
هـ . ب