پاش ئەوەى دادگاى هەولێر بڕیارى ئازادکردنى بەشێک لە دەستگیرکراوانى بادینانى دەرکرد و بەپێى بریارەکە دەبوایە یەکەم ڕۆژى جەژنى قوربان ئازاد بکرانایە، بەڵام بەبێ بوونى هیچ بیانوییەک بڕیارەکە ڕاگیراوە، لە بەرامبەردا لە ڕۆژى ٢٢ى تەمموزەوە نزیکەى ٦٠ لە دەستگیرکراوانى بادینان، مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە تا مردن ڕاگەیاند.
لە سەرەتادا ھەریەکە لە یوسف شەریف، مەحمود ناجی، کۆڤان تاریق جوبرائیل، ئەمجەد یوسف و نێچیرڤان حاجی، کە نزیکەی دوو ساڵە دەستگیرکراون، مانگرتنیان ڕاگەیاند دواتر ژمارەی مانگرتوان بەرزبووەوە بۆ ٦٠ کەس.
بە پێ زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لە ئێستادا تەندروستی بەشێک لە مانگرتووەکان بەرەو خراپیى دەڕوات و مەترسیى لەسەر ژیانیان دروستبووە، بەجۆرێک شەوى ڕابردوو تەندروستى نێچیرڤان بەدیع، کە خەڵکى شیلادزێیە بەهۆی برسێتیی زۆرەوە تووشی خوێنەبەربوون و لوت پژان بووە، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە، مانگرتن بشکێنێت و تا ئەم ساتەش هیچ تیمێکی تەندروستی سەردانی مانگرتوانی نەکردووە.
هەربەپێى زانیارییەکان، هەموو ڕۆژانێکى یەکشەممە دەستگیرکراوانى بادینان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر ڕێگەیان پێ دەدرێت بڕۆنە حەوشەى زیندانەکە، بەڵام دەستگیرکراوە مانگرتووەکان ئەوەشیان ڕەتکردووەتەوە و بڕیاریانداوە لە ژوورەکانی زیندان درێژە بە مانگرتنەکەیان بدەن هەتا مردن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، موونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤى هەرێمى کوردستان، لیژنەیەکی ڕاسپاردووە بە سەرپرشتی ئەندامێکى دەستەکەیان بەناوی سلێمان موحسین سندی، کە ئەندامی پەدەکەیە، سەردانی مانگرتووانی بادینان بکەن و لە تەندروستیان بکۆڵێتەوە، بەڵام کەسوکاری یەکێک لە زیندانییەکان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”دوای گەڕانەوەی لیژنەکە، زانیاریی هەڵەیان بە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ داوە”.
جێگەى ئاماژەیە، دوا بەدوای مانگرتنی دەستگیرکراوانی بادینان بە دروشمی مانگرتن هەتا مردن، سەدان چالاکوانى کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیی سیاسیی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لەژێر هەمان دروشمی زیندانییان مانگرتیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە کورتە ڤیدیۆ مانگرتنی خۆیان بە چەند بەشێک بۆ ڕایگشتی بڵاودەکەنەوە.
ف.ق