لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە راپۆرتێکی گشتگیر و تێر و تەسەلی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە نیگەرانیەکانیان لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە باشووری کوردستان کرابوو. ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا دۆخی ناوچە جیاجیاکانی جیهان بخاتە ژێر چاودێرییەوە مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە لە هەرشوێنێکی جیهان بەرژەوەندییان هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری دۆخی ئەو شوێنە و لە هەر شوێنێکیش بەرژەوەندی نییە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی بەدەستبهێنێت، دۆخەکەی دەخاتە ژێر چاودێرییەوە و ئەمەش تایبەتمەندییەکی سروشتی دەوڵەتانە و جگە لەمەش ناتوانرێت چاوەڕوانی دیکەمەنا لەبارەیانەوە هەبێت. بەڵام کاتێک ئەو چاودێر و زانیارییانە بکرێنە راپۆرتێکی گشتگیر و بڵاوبکرێنەوە، دەردەکەوێت کە تا چەندە دۆخەکە مەترسیدارە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە سەرباری ئەو کێشە و پێشێلکارییە گەورەیە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا، بۆچی راگەیاندنەکانی باشور ئاوڕیان لەو بابەتە نەداوەتەوە، خۆی لە خۆیدا ئەمەش بەڵگەن لە سەر پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و بوونی سەرکوت و دەمکوتی میدیایی.
لە یەکێک لە خاڵەکانی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پەدەکە و یەنەکە کەرکامێکیان هێزی ئەمنی و سەربازی تایبەت بە خۆیان هیە و لە بنەڕەتدا ئەم هێزانە نەک بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی باشوور، بەڵکوو لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی حزی خۆیان پێکهێنراون.
وێڕای ئامانجە حزبییەکانی ئەو هێزانە، لەهەمان کاتدا لە سەرووی دەسەڵاتی دادوەرییەوەن و هێزە ئەمنییە حزبییەکان جۆرێک لە پارێزبەندی دادوەرییشیان هەیە و لە سەرووی لێپرسینەوەن. لای هەموو کەس روون و ئاشکرایە کە کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە یەک شوێندا گەندەڵی لێدەکەوێتەوە و ئەو دەسەڵاتە رەهایەی بەو هێز و دەزگا ئەمنیانە دراوە دەبێتە هۆکاری پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ.
تۆمەتێکی دیکە کە ئاراستەی سەرکردەکانی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە کراوە بریتیە لە دانان و لادانی بەرپرسانی دادوەری لە دەرەوەی رێکارە ئاساییەکان، شێوازی بەدواداچوون و لێپرسینەوەی دادوەریش بەجۆرێکە کە کاتێک بەرپرسێکی باڵای ئەو دەسەڵاتە لادەدرێت، سیستمەکە بەجۆرێک دەجوڵێتەوە کە رەوتی لێپێچینەوە و کارکردن لەسەر دۆسیەکان بە تەواوەتی دەگۆڕێت.
لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە دەزگا ئەمنییەکان تەنانەت بەر لە بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی بە شێوەی بەربڵاو دەستگیر دەکەن و لە رێگەی دەستڕۆیشتوویی رێبەرانیان بەسەر دەسەڵاتی دادوەری بە کردەوە رێگری لە بەدواداچوونی دادپەروەرانە بۆ دۆسیەکانی بەرهەڵستکاران دەکەن.
هەروەها تۆمەتبارکراون بەوە لە رێگەی لەمپەرسازکردن لەبەردەم راگەیاندنە سەربەخۆکان لە دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری گشتیی دامودەزگا ئیداری و حکومیەکان، لە بری ئەوە خوێندنەوەی پاوانکارانەی خۆیان لە دۆخەکە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن و ئەمەش لەلای هەر کەسێک کە بۆ ماوەیەکی کورت لەوێ ژیابێت، شاراوە نییە.
هـ . ب