"دۆسیەى ئەمنی کەرکوک رادەستی پۆلیسی شارەکە دەکرێتەوە"
وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: "پۆلیسى کەرکوک دۆسیەى ئەمنى شارەکە وەردەگرێت و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیس".
وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: "پۆلیسى کەرکوک دۆسیەى ئەمنى شارەکە وەردەگرێت و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیس".
ئەمڕۆ پێنج-شەممە ٢٥ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤، عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق سەدرانى شاری کەرکوکی باشوری کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى و ئیدارى شارەکە کۆبووەوە.
پاش کۆبوونەوەکەی لەگەل بەرپرسانی شارەکە، وەزیری ناوخۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە قۆناغى داهاتوودا فەرماندەیی پۆلیسى کەرکوک دۆسیەى ئەمنی شارەکە لە ناوەندى پارێزگاکە و قەزاى حەویجە و ناوەندى شارەکانى دیکە وەردەگرێت، هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە کە دۆسیەى ئەمنی ناوەندى شارەکانى تێدا رادەست کراوەتەوە.
هەربەپی بڕیارەکەی وەزارەتى ناوخۆى عێراق، چوار فەوجى پۆلیسی ئامادەى کەرکوک دەخرێنە سەر پۆلیسى فیدراڵى، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیس.
هەروەها عەبدولئەمیر شەمەرى وەزیری ناوخۆی عێراق سەبارەت بە بەهێز کردنی دۆخی ئەمنی شارەکە ڕایگەیاند: "ئێمە رێککەوتین لەسەر ئەوەى کە ئیدارەى پارێزگاکە پڕۆژەى کامێراى چاودێرى ناوەندى شارەکان تەواو بکات لەگەڵ کامێراى زیرەکى بازگەکان و ئۆتۆمبێلى پشکنینی سۆنار لە بازگە سەرەکییەکانی شارەکە دادەنرێت کە بازگەى "گرنگ و کاریگەرن" لەسەر دۆخى ئەمنى کەرکوک و پارێزگاکانى دیکەى دەوروبەرى کەرکوک".
جێگای ئاماژەیە، پڕۆسەى رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنی شاری کەرکوک لە سوپاوە بۆ پۆلیسى خۆجێی شارەکە بەشێک لە کارنامەى حکومەتى ئێستاى عێراقە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق.
هـ . ب