دوای سێ ساڵ و شەش مانگ رۆژنامەوان گۆهدار زێباری ئازاد کرا

دوای مانەوەى سێ ساڵ و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی پەدەکە و کۆتاییهاتنی ماوەى زیندانییەکەى گۆهدار زێباری رۆژنامەوان و چالاکوانی بادینان، لە زیندانی پەدەکە ئازاد کرا.

گۆهدار زێباری یەکێک لەو دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و هاوڵاتیانەى بادینان بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى پەدەکە بەبێ بڕیاری دادگا و بەبێ هیچ تۆمەتێکی بەڵگەدار دەستگیر کرا و دادگای هەولێر سزای سێ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند.

ئەمڕۆ دوای مانەوەى سێ ساڵ و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی پەدەکە و کۆتایی هاتنى سزاکەی گۆهدار زێباری ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو کەسوکاری خۆی.

ئەگەرچی سزاکەى گۆهدار زێباری سێ ساڵ بوو سزاکەشی تەواو کردبوو، بەڵام ئاسایشی پەدەکە لە زیندان تۆمەتێکی دیکەیان بۆ دروست کرد و ئەویش هەڵگرتنى چەکی بێ مۆڵەت بوو، بۆ ئەوەش دادگای هەولێر سزای شەش مانگی دیکەی بەسەردا سەپاند، لەکاتێکدا ئەو چەکە تاپڕێکی ساڵی ١٩٦٠ بووە و هی باپیری بووە، لە ماڵەکەی خۆشیدا نەبووە، بەڵکو لەماڵی خوشکێکی دانراوە.

رفاندن و دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان و چالاکوانان لەلایەن پەدەکەوە، رووبەڕووی رەخنەی فراوانی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی بووەتەوە و بە هەوڵی ئەو حزبە بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربڕین و بەکارهێنانی دادگا لەپێناو سەرکوتی رەخنەگران دادەنرێت.

لەئێستاشدا چەندین رۆژنامەوان و چالاکوانی بادینان لە زینداندان و گوشارەکانی پەدەکە بۆ سەر راگەیاندنی ئازاد، رۆژنامەوانانی پارچەکانی دیکەشی گرتووەتەوە و نمونەی روونی ئەوەش سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوزە کە نزیکەی ٤ مانگە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و تائێستا رێگە بە پارێزەرانی نادرێت چاویان پێیبکەوێت.

هـ . ب