دەوڵەتی تورک بە هۆی ترسی لە مانگرتنەوە سزا بەسەر زیندانیانی مانگرتوودا دەسەپێنێت
لە زیندانەکانی ژمارە یەک و دووی رحا سزای دیسپلین بەسەر ئەو زیندانیانەدا سەپێندرا، کە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی مانیان لە خواردن گرتووە.
لە زیندانەکانی ژمارە یەک و دووی رحا سزای دیسپلین بەسەر ئەو زیندانیانەدا سەپێندرا، کە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی مانیان لە خواردن گرتووە.
لقی رحای کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) لە چوارچێوەی دیدار لەگەڵ زیندانیان لە زیندانەکانی جۆری تی ژمارەی یەک و ژمارە دووی رحا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە هۆڵی زیندانی جۆری تی ژمارە دووی رحا لە مانگرتندایە و لەبارەی دیدار لەگەڵ زیندانی بە ناوی ئەمین گولەر کە بە رێژەی لەسەدا ٩٠ کەمئەندامە و بەشداری لە مانگرتنەکە کردووە ئەم زانیارییەی راگەیاندووە:
گولەر رایگەیاندووە، کە یەکەم رۆژ کە دەستی بە مانگرتن کردووە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە بە پاساوی 'دەمانەوێت تۆ لە ژێر چاودێری و پشکنیندا بیت' ویستوویان رەوانەی ژووری تاکەکەسی بکە، بەڵام دواتر لەو بڕیارەیان پاشگەز بوونەوە. گولەر ئەوەی خستەڕوو کە بەهۆی ئەوەی دەستی بە مانگرتن کردووە، لێپرسینەوەی دیسپلین لەبارەیەوە دەستیپێکردووە و لە دژی ئەو بڕیاری یەک مانگ بێبەشکردن لە چالاکیەکان دراوە و ئەوەی خستەڕوو، کە ئێستا لەگەڵ مەسعود دورموش لە یەک هۆڵدا لە مانگرتن بەردەوامن.
گوشاری دەرونی دەخرێتە سەر مانگرتووان
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە ئەوان لەگەڵ سەلامی چیفتچی لە زیندانی ژمارە یەکی جۆری تیشدا دیداریان ئەنجامداوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە بارەی چیفتچیش کە بەشداری مانگرتنی کردووە لێپرسینەوەی دیسپلین دەستیپێکردووە. باس لەوەشکراوە، کاربەدەستانی زیندان چیفتجییان ناچارکردووە، کە لەگەڵ دەرونناسی ناو زیندان کۆببێتەوە و لەو رێگەوە هەوڵیان داوە چیفتچی قایل بکەن دەست لە مانگرتن هەڵبگرێت.
لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دوو زیندانی دیکە بە ناوەکانی ئایدن ئۆبا و قادر دەمیر لە هەمان زیندان لەگەڵ چیفتچی ماوەی چوار رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە.
لە دژی بەردەوامی گۆشەگیری رەها لە دوورگەی ئیمراڵی و لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' لە ٢٧ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبرەوە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن بە شێوەی نۆرەیی کردووە و بڕیارە مانگرتنەکە تا ١٥ی شوبات کە هاوکاتە لەگەڵ ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بێت.
هـ . ب