دەوڵەتی ئێران کوردێکی دیکەی لەسێدارەدا
لە بەردەوامی لەسێدارەدانی هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەسەڵاتی دادوەری ئێران، هاوڵاتییەكی تری كوردی لەسێدارە دا و سێ بەندکراوی دیکەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو سزایە گواستراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
لە بەردەوامی لەسێدارەدانی هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەسەڵاتی دادوەری ئێران، هاوڵاتییەكی تری كوردی لەسێدارە دا و سێ بەندکراوی دیکەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو سزایە گواستراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
لە دوای دەستپێكردنی سەرهەڵدانی، "ژن، ژیان، ئازادیی"، جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، دەسەڵاتی دادوەری ئێران، زیندانییەكی دیكەی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە لەسێدارە دا.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، ئەو زیندانییە ناوی "حەمید ڕەحیمی"یە و خەڵكی شارۆچكەی دێوڵانە و ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە زیندانی ناوەندی سنە لە سێدارە دراوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە، ئەو هاوڵاتییە، چەند ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "كوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
لە لایەكی ترەوە ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە، دوێنێ سێ زیندانی بەناوەكانی "عەلی دودكانلوو، ڕامین شێرزاد و جەلال تاهیری"، كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی ناوەندی ورمێ بۆ جێبەجێكردنی سزاكەیان، بۆ ژووری تاكەكەسی گواستراونەتەوە.
هاوكات، بەرپرسانی زیندان بەو سێ زیندانییەیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر لێخۆشبوونی كەسوكاری کوژراوەکان وەرنەگرن، ڕۆژی ١ی ئایار لەسێدارە دەدرێن.
بە وتەی چالاكوانانی مافی مرۆڤ، ئامانجی دەوڵەتی ئێران، لە جێبەجێ كردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتیانەی كە سیاسی نین، ترساندن و تۆقاندنی خەڵك و كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكانە. بە گوێرەی ئامارێك، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە زیندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی لە سێدارە دراون.
هـ . ب