دیلەکچی: لە ڕێپێوانەکەدا پاڵنەرێکی مەزن هەیە
هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، وەیسی دیلەکچی ڕایگەیاند گەل بە دڵگەرمی و جۆشەوە پێشوازی لە ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە دەکات و گوتی: "لە ڕێپێوانەکەدا پاڵنەرێکی مەزن هەیە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، وەیسی دیلەکچی ڕایگەیاند گەل بە دڵگەرمی و جۆشەوە پێشوازی لە ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە دەکات و گوتی: "لە ڕێپێوانەکەدا پاڵنەرێکی مەزن هەیە".
ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەم پارتی و دەبەپە لە وان بەردەوامە. ئەمڕۆ هەزاران کەس لە ناوچەی ئێلباکەوە درێژە بە ڕێپێوانەکەیان دەدەن، ڕێپێوانکەران پاش ئێلباک بەرەو جولەمێرگ کەوتنەڕێ.
یەک لە ڕێپێوانکەران، هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، وەیسی دیلەکچی پەیوەست بە ڕێپێوانەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد، گوتی: " ڕێپێوانەکە لە ٣٠ی حوزەیران بە بەشداری ڕێکخراوە مەدەنی و دیموکراتیکەکان و پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە مەڕمەڕە دەستی پێکرد و هاتنە وان. ڕێپێوانەکە هەفتەیەکە بەردەوامە. ئەمڕۆ لە ئێلباکەوە بەڕێ دەکەوین بۆ جولەمێرگ. بەدەمەوەهاتن و جۆش و خرۆشێکی مەزن هەیە. لە ڕێپێوانەکەدا پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانیمان هەست و بۆچوونی خۆیان دەربڕی و هەڵوێستی خۆیان نیشان دا. ڕێپێوانەکەمان بە بەشداری ژنان و پیاوان بەردەوامە. هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەریش بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد".
"مۆراڵ و پاڵنەرمان زۆر بەرزە"
لە درێژەدا دیلەکچی گوتی: "ڕێپێوانەکەمان لەسەر ڕێگە قەرەباڵغەکان بەردەوامە. مۆراڵ و پاڵنەرمان زۆر بەرزە، بە بەشداری گەل درێژە بە ڕێپێوان دەدەین. ئێوارە پرسی یەنیکۆپروی نێوان جولەمێرگ و گەڤەر تێدەپەڕێنین و لەوێ دەوەستین. ڕۆژی دووشەممە سەرلەبەیانی دەگەینە جولەمێرگ. بە بەشداری تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، ڕاگەیاندراوێکی جەماوەری دەدەین و کۆتایی بە ڕێپێوانەکەمان دەهێنین".