دژی هەڵگیرسانی شەڕ ٥٦ ڕێکخراو ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

دژی هەڵگیرسانی شەڕ ٥٦ ڕێکخراوی باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکەن، کە پێویستە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و شەڕی ناوخۆ حەرام بکات.

دژی هەڵگیرسانی شەڕ ٥٦ ڕێکخراوی باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکەن، کە پێویستە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و شەڕی ناوخۆ حەرام بکات، هەروەها ئاماژە بەوەدەکەن، کە لایەنەکان دەبێت ئەزمون لە شەڕی تاڵی ناوخۆ وەربگرن و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بهێنن.

ماوەیەکە بەهۆی جوڵاندنی هێز لەلایەن پەدەکە-وە بۆ هەرێمی گارە و سەنگەر لێدان لە نزیک هەرێمەکانی گەریلا، ئاڵۆزیی لە ناوچەکە دروستبووە، هاوڵاتیان و ڕێکخرا و لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان داوادەکەن، کە هیچ هێزێک نەبێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی و کێشەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.

لە چوارچێوەی هەڵوێستەکان دژی هەوڵەکانی دروستکردنی شەڕ، ٥٦ ڕێکخراوی دیاری باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پەیامێک دژ بە شەڕی ناوخۆ

دیسان دەنگی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا لە ئارادایە، لە کاتێکدا ئەم دوو هێزە خۆیان بە بەرپرس لە چارەنووسی کوردو کێشە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان دەزانن و، دەشزانن کە شەڕ هەر ماڵوێرانی لێ دەکەوێتەوە، دونیا شاهیدە کە نەتەوەی کورد بە گشتی و بەتایبەتی گەلی کوردی باشور ماندون بەدەست جەنگ و جێنۆسایدو ئەو هەموو قەیرانە ئابووریی و دارایی و کولتووریی و سیاسییەی کە بەرۆکی گرتووە، ئەمە سەرەڕای پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییە زۆرەکانی بەسەر ژیان و سایکۆلۆژیای خەڵکەوە، ئەم شەڕە وێرانکارە لە کاتێکدایە کە دووژمنانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا دژ بە هەر مافێکی سیاسیی و کولتووری ئەم گەلە ستەمدیدەیە دەوستنەوە، کە سەد ساڵ زیاترە دەناڵێنیت لە ژێر ڕەفتار و کرداری فاشیانەی ئەو دەوڵەتانەی کە بە زوڵم کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە.

ئاشکرایە شەڕی ناوخۆ سود و بەرژەوەندی دەوڵەتە فاشیەکانی ناوچەکە و زیانی گەلی کوردی تێدایە، ئەو دەوڵەتانەی مافە سەرەتاییەکان ناسەلمێنن هەتا ئەو ئاستەی ڕێگە نادەن کورد بە زمانی خۆی قسە بکات و هیچ کوردێک مافی ئەوەی نییە ئازادانە گوزارشت لە ئەندێشە و شوناسی کولتووری خۆی بکات، سوپاکانیان درێغیان نەکردووە لە وێرانکاری هەر ڕۆژە و بە پاساوێک خەڵکی مەدەنی دێهات و شارۆچکەکانی کوردستان تۆباران و بۆمبباران دەکەن، هەرگیز دەستیان لە مرۆڤی کورد نەپاراستووە بە پیر ومنداڵیشەوە، هەرچی باخ و باخات و کێڵگەی کشتوکاڵی هەیە دەیسوتێنن و وێرانی دەکەن، ئیدی هەق نییە هێزە چەکدارەکانی پارتە کوردییەکان درێژە پێدەری ئەم ماڵوێرانییە بن.

گەلی کورد جگە لەو هەموو ستەمکاری و دەربەدەرییەی تووشی هاتووە بەدەست ئەم داگیرکارانەوە چەندین جاریش بەر پەلاماری جینۆساید کەوتووە، کەچی هێشتا پارتی کوردی پەندی لێوەرنەگرتووە و چەندان جار خەڵکیان تووشی شەڕی ناوخۆ و خۆکوژی کردووەتەوە، شەڕی نێوان هێزە سیاسییەکانی حزبی کوردی، بۆخەڵکی کوردستان برینێکی بەسوێ و ئەزموونێکی تاڵە، ماڵوێرانی بۆ کورد و دەستکەوتێکی گەورە بووە بۆ دوژمنەکانی، بۆیە ڕێگرتن لەم شەڕە هەر بەتەنیا ئەرکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان نیە بەڵکو هی هەمووانە و مۆراڵی بەرزی هەر تاکێکیشە، ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە بەرپرسیارانە بۆی کۆببێتەوە و شەڕی ناوخۆ قەدەغە بکات، هەر حزب ولایەنێکی سیاسی دژی ئەم شەڕە بووەستێتەوە و کۆسپ بخاتە بەردەم ڕودانی شەڕو ئاو بکات بە ئاگری جەنگدا، ئەوا گرەوی مێژوو دەباتەوە، ئەرکی هێزە بەشدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە رێگە نەدەن حکومەت بەشێک بێت لەشەڕی ناوخۆ.

ئێمە کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی بە تووندی دژی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە نەخوازراوەین و شەرمەزاری دەکەین، هاوکات دەپرسین لەم قەیرانی داراییەدا ئەگەر شەڕ ڕوبدات، کێ خەرجی و ئەرکی ئیدارەدانی شەڕەکە دەگرێتە ئەستۆ؟

 تکا لە هەردوو لادەکەین بەرپرسیارانە و هۆشمەندانە بیر لە ئایندە بکەنەوە، ڕیگەمەدەن سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە سەربگرێت.

با گفتوگۆ کلیلی چارەسەری ناکۆکیەکانیان بێت، کێبەرکێێ سیاسی هەرچەندە گرژیش بێت، دیالۆگ باشترین چارەسەرە نەک چەک.

نا بۆجەنگ بەڵی بۆ گفتوگۆ

نا بۆ توندوتیژی بەڵی بۆ ئاشتی

ناوی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی

١. پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن  KIE

 

٢.ڕێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازیی و تاکگەرایی

٣.ڕێکخراوی هەڵوێست

4.ڕێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵیSOAC-

٥.ڕێکخراوی پایتەختی ئازادی

٦.ڕێکخراوی فۆکەس بۆپەرەپێدانی مەدەنیەت

٧.تیمەکانی بنیاتنەری ئاشتی مەسیحی CPT

٨.ڕێكخراوی فیوچەر

 ٩.ڕێکخراوی کۆڕا بۆ پرسە نشتیمانیەکان

١٠.ڕێکخراوی ژنانی ئازاد

١١.سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان – هەڵەبجە

١٢.ڕێکخراوی ژینگە دۆستان

١٣.ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان

١٤.ڕێکخراوی مرۆڤ دۆست

١٥.ڕێکخراوی کنزی مرۆی

١٦.تۆڕی بونیادی ڕێکخراوەکان

١٧.تۆری ڕێكخراوه كانی سلێمانی

١٨.ڕێكخراوی قەرەداغ بۆ گەشەپێدان

١٩.ڕێكخراوی خۆری ئاشتی

٢٠.ڕێکخراوی دۆز بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان

٢١.ڕێکخراوی دۆستانی گەرمیان

٢٢.ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ

٢٣.ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان

٢٤.ڕێکخراوی دۆستانی گەرمیان

٢٥.ڕێکخراوی بەرەوهیواکانی کچان و ژنان

٢٦. ڕێکخراوی کیکۆ

٢٧. ڕیکخراوی میدیا

٢٨.ڕێکخراوی چاوگەی هونەر

٢٩. ڕێکخراوی ماڵی خەونەکان بۆگەشپێدانی مرۆیی

٣٠. ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال

٣١. ڕیکخراوی شنەبای خاک

٣٢. ڕێکخراوی نەمام

٣٣.ڕێکخراوی ساڕێژ بۆ کاری خێرخوازی

٣٤. ڕێکخراوی شار بۆ گەشەپیدانی مرۆیی

٣٥. ڕێخراوی هزرو ڕوشنگەری زەردەشتی

٣٦. ڕێکخراوی پێکەوەژیانی نوێ

٣٧.گروپی شانۆی بنکورە

٣٨. ڕێکخراوی سروشتی کوردستان

٣٩. ڕێکخراوی کۆچار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی

٤٠. ڕێكخراوی یەسنا بۆگەشەی فەلسەفەی زەردەشتی

٤١. سەرای زەردەشتیانی کوردستان

٤٢. ڕێکخراوی منداڵانی کوردستان

٤٣. ڕێکخراوی ڕێگا بۆ گەشەپێدان

٤٤. ڕێکخراوی میدیاکارانی خانمانی وەرزشی کوردستان

٤٥. ڕێكخراوی لانەی مناڵانی كوردستان

٤٦. ڕێکخراوی ماڵی فێرخوازان

٤٧. ڕێكخراوی توانست بۆ گەشەپێدانی تواناكان

٤٨. ڕێکخراوی هەنار بۆ کشتوکاڵ و ژینگە

٤٩. ڕێکخراوه شیواز بۆ گەشەپیدانی هاتووچۆ

٥٠. ڕێکخراوی ئەزموون

٥١. ڕێكخراوی خزمەتی جەماوەر بۆهاوكاری مرۆیی و گەشەپێدان

٥٢. ڕێکخراوی SYEO

٥٣. کۆمەڵەی زامی کوردستان

٥٤. ڕێكخراوی تروسكه

٥٥. ڕێکخراوی ماهی بۆ پەروەردەی منداڵ

٥٦. رێکخراوی ئاوەز بۆ توێژینەوە

ف.ق