فەهمی بورهان: ئێمەی کورد لە کەرکوک میوان نین بەڵکو خاوەنی شارەکەین

فەهمی بورهان لە سەردانەکەی بۆلای جووتیارانی کەرکوک ووتی: "لە عێراق هێز هەیە کە تاکۆ ئیستا بڕوای بە مادەی ١٤٠ نیە و بڕوای بە تەبایی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە نیە".

 ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی جووتیارانی کورد و تورکمان دژی هەوڵێکی فیرقەی ٨ی سوپای عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لە دووەم هەفتەیدا بەردەوامە، ئەو بڕایارەی کە سوپای عێراق دەیەوێت زەوی کوردان و تورکمان کەرکوکی پێ داگیربکات، دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی بەعس و بڕیارەکە لەلایەن (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش)ی سەردەم بەعس دەرچووە کە ئامانج لی بە عەرەب کردنی کەرکوک بووە لە ڕیگەی سەندنەوەی زەوی لە کورد و تورکمانی کەرکوک و پێدانی ئەو زەویانەی بە عەرەبی هاوردە و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ سەربازانی رژێمی بەعس لەسەر ئەو زەویانە،

لەدژی ئەم هەوڵە داگیرکارییەی سوپای عیراق، تەواوی لایەنە کوردی و تورکمانییەکانی کەرکوک هاتوونەتە سەر هێڵ دژی ئەم بڕیارەی سەردەمی بەعس کە لەچوارچێوەی بە عەرەب کردنی شارەکە دەرکرابوو.

 ئەمڕۆ یەکشەممەش ١١ ی حوزەیرانی  ٢٠٢٣ فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی جووتیارانی تۆپزاوەی کرد و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست و تیدا پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە کوردییەکانی بۆیان دووپات کردەوە، وە لە وەڵامی هەوڵەکانی عەرەبە شۆڤینیەکان بۆ سەپاندنی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس لە کەرکوک، ووتی: "ئێمە لێرە میوان نین بەڵکو خاوەنی شارەکەین، بەڵام بڕوامان وایە کە لەگەڵ برایانی تورکمان و عەرەب پێکەوە بژین بۆیە ڕەچاوی دۆخەکەمان کردووە".

 پشتیوانی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ جووتیارانی ڕەسەنی کەرکوک

سەبارەت بە سەردانی کردنی بۆلای جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک، فەهمی بورهان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکان لەسەر خەت بووینە تا مافی زەوت کراو بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، ئەمرۆ بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووین و پشتیوانی خۆمان دووپات بکەینەوە بۆ جووتیارانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە کە پێکهاتوون لە جووتیارانی کورد و تورکمان، کێشەکانی بەرەو چارەسەر دەڕوات، وە وەزیری داد و تەواوی فراکسێۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا لەسەر هێڵ بوونە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە".

 تائیستا کار بە بڕیارەکانی بەعس دەکرێت دژ بە ناوچە کوردستانیەکان

 هەروەها سەبارەت بە بەکارهێنانی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس بۆ دژایەتی کورد و تورکمان لە کەرکوک لەچوارچیوەی پڕۆسەی بە عەرەب کردنی ناوچەکانی مادەی ١٤٠، فەهمی بورهان ئاشکرای کرد: "بەداخەوە بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش)ی سەردەم رژێمی بەعس تا ئەمرۆژە لەسەردەمی عێراقی نوێدا کاری پێدەکرێت، تاکو ئیستا بڕیارەکانی(کاروباری باکور) کە لەسەردەم رژێمی بەعس بۆ بەعەرەب کردنی کەرکوک و ناوچەکانی مادەی(١٤٠) دەرچووە بە ئیمزای عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە (عەلی کیمیاوی) کار بەو بڕیارانەوە دەکرێت لەم ناوچەیە ناوچەی مادەی (١٤٠)".

 بەردەوام ئەبین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس

 فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، راشیگەیاند: "هەتاوەکو بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هەڵنەوەشێتەوە نابێت چاوەڕوانی شتی گەورە بکەین، بەڵێنی بە کوردانی خۆمان و برایانی تورکمان دەدەین کە تا ئەم بڕیارانەی سەردەمی بەعس هەڵنەوەشێتەوە بەردەوام ئەبین و ئاسۆی چارەسەریش نزیکە".

 لە عێراق هێز هەیە کە تائیستا بڕوای بە تەبایی نێوان پێکهاتەکان نیە

 سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دژایەتی مادەی ١٤٠ی دەستور و تێکدانی ئاشتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەلایەن هەندێک لە هێز و لایەنی شۆڤێنی، فەهمی بورهان ئاشکرای کرد: "هەموو ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان کە بە ناوچەی(مادەی ١٤٠ی دەستور) ناسراوە کەمترین کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر کراوە، بۆ چارسەریش دەبێتەوە بگەڕینەوە بۆ دەستور، بەجێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم ناوچانە بەرقەرار دەبێت، لە عێراق هێز هەیە کە تاکۆ ئیستا بڕوایان بە مادەی ١٤٠ نیە و بڕوای بە تەبایی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە نیە، ئێمەش خاوەن حەق و مافین وە ئەم مافە بە ڕیگەی یاسایی دێنینە دی نەک بەڕیگەی هەڵچوون و کێشە دروستکردن".

 ئێمەی کورد لێرە میوان نین بەڵکو خاوەنی شارەکەین

 سەبارەت بە پێداگیری هەندێک هێز و لایەن بۆ بە عەرەب کردنی شارەکە و هەوڵدان بۆ ستەم کردن لە کوردی کەرکوک و تورکمان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو حکومەتی هەریمی کوردستان و کوردانی کەرکوک، دانمان بەخۆمانەوە گرتووە و ڕەچاوی دۆخەکەمان کردووە ئەگەر نا ئێمە لێرە میوان نین بەڵکو خاوەنی شارەکەین، بەڵام بڕوامان وایە کە لەگەڵ برایانی تورکمان و عەرەب پێکەوە بژین، ئەم کارانەش بە هەڵچوون نابێت، تائیستا کەسانێک هەن کە پیان وایە دەبێت کار بە بڕێارەکانی (ئەنجوومەنی سەکردایەتی شۆرش)ی سەردەمی بەعس بکرێت".

 هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان بەعس کێشەکان چارەسەر دەکات

 بۆ چارەسەرکردنی دۆخە ناوبراو ووتی: "ئەم زەوایانەی کە وەزارەتی بەرگری عێراق دەلێت موڵکی ئێمە لە ڕاستیەدا باگڕاوندێکی یاسایییان (پاشینەی یاسایی)یان بۆ دروست کردووە، کە ئەویش بریتییە لە بڕیاری ٣٦٩ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرشی رژێمی بەعس، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بێت کە ئەم بڕیارانەی سەردەمی بەعس بە تەواوەتی هەڵبوەشێنینەوە، تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بڕیارەکانی رژێمی بەعس کێشەکان چارەسەر دەکرێن".

 جووتیارانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە

 لە کۆتایدا فەهمی بورهان ڕایگەیاند: "ئێمە نیگەرانین لە دۆخی جووتیارانی ناوچەکانی مادەی ١٤٠، کە بەشێکی زۆری کێشەکانمان وەکو خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە، لە کۆتایشدا دەلین وەکو حکومەتی هەریمی کوردستان و دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەوڵدەدەین ئەم کێشەیە بە یاسایی چارەسەر بکرێت تا چیتر جووتیاری ئێمە لە کورد و برایانی تورکمان تووشی دڵەڕاوکێ نەبن لە داهاتووی ڕەنج و ماندووبوونیان".

هـ . ب