'فەرماندەیەکی پەژاک لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوو'

دەستەی کاروباری ناوخۆیی هەرێمی جزیر ڕایگەیاند، یوسف مەحمود ڕەبانی ئەندامی فەرماندەیی پەژاک لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە قامیشلۆ شەهید بووە و بانگەوازی بۆ شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل کرد.

دەستەی کاروباری ناوخۆیی هەرێمی جزیر ڕایگەیاند، یوسف مەحمود ڕەبانی ئەندامی فەرماندەیی پەژاک لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە قامیشلۆ شەهید بووە و بانگەوازی بۆ شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل کرد.

دەستەی ناوخۆی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی جزیر، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمدواییانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ب سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە بینای دەستەکە لە شاری قامیشلۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی رێکخست.

کەنعان بەرەکات و حەمرین عەلی هاوسەرۆکانی دەستەی ناوخۆیی هەرێمی جزیر، بە زمانی عەرەبی و کوردی ڕاگەیاندراویان  خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەو شێوەیەیە:

"لە چوارچێوەی ئەم شەڕە ڕاگەیاندراوە و هێرشە سیستماتیکەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەشکێنێت، ترس و دڵەراوکێ لەناو گەلەکەماندا بڵاو دەکاتەوە، ئاشتیی ناوخۆیی دەکاتە ئامانج و دەیەوێت گەل ناوچەکە چۆڵ بکەن و ناچاری کۆچبەرییان بکات.

بۆ هەمووان ئاشکرایە ڕژێمی فاشیستی تورک بە مەبەستی تێکشکاندنی ئەو دەستکەوتانە، کە لە ڕێگەی خوێنی هەزاران شەهیدەوە بەدەستهاتوون، هێرشی دوژمنکارانە ئەنجام دەدات. بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، کە تیرۆری داعش و جەبهەت ئەلنوسرە (بەرەی نوسرە) و هێزە تاریکەکانی دیکەیان تێکشکاند، کە تورکیا بە هەموو شێوازێک پشتیوانییان لێدەکات. هێزەکانی گەرەنتیی نێونەتەوەیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باش ئاگاداری ئەوەن، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی بەرپرسیارانەیان بەرامبەر بە پێشێلکارییە ئاشکرا و گەورەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نەگرتووەتە بەر، کە هەمیشە شەڕی دژ بە تیرۆر و خانەکانی تیرۆر لاواز کردووە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات سەرلەنوێ چالاکیان بکاتەوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڕەشەکان و پێشێلکارییەکانی زیاتر کردووە، ئیدی ئێستا ڕۆژانە تاوان و پێشێلکاری ئەنجام دەدات و  لەوانەش:

هێرشێک، کە دوێنێی سەر ڕێگای حیزام لە باکوری قامیشلۆ ئەنجامیدا و بەو هۆیەوە ٤ کەس شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. هەروەها بۆردومانکردنی ئەم دواییەی گەڕەکی سەناعەی شاری قامیشلۆ، کە ڕێگەى فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە ئەنجامدرا، لە ئاکامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا چەندین کەس بریندار بوون و هاووڵاتییانی مەدەنیش لەو هێرشە دڕاندایەدا شەهید بوون (شەمدین شەمدین، مەزڵوم ئەسەد و دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەحمەد شێبی و ئاهەنگ شێبی).

لەنێو ئەو بریندارانەدا، کە گەیەنرانە نەخۆشخانە و دوای هەموو هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی گیانی بریندارەکان، یەکێک لەوانە ئەندامی فەرماندەیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەڕێز یوسف مەحمود ڕەبانی بوو، کە شەهید بوو. یوسف مەحمود ڕەبانی بە سەردانێک هاتبوو بۆ هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوەکو لەگەڵ خەڵک کۆببێتەوە و لەنزیکەوە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز ببینێت، هەروەها بۆ نزیککردنەوەی دید و بۆچوونی گشتیی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەدا تێکدەکۆشا.

بەهۆی ئەو لە دەستدانە نەتەوەیی و نیشتمانییەی گەلە بەرەنگارەکەمان، ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و هەموو گەلی کوردستان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.

دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیر ئیدانەی ئەو کارە ناخلاقییانە دەکات، کە دژ بە هەموو پێوەرە مرۆییەکانن. داوا لە گەلە تێکۆشەرەکەمان دەکەین بە ڕۆح و ئیرادەی بەرخۆدان و شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل تێبکۆشن و خەبات بکەن، لە هەمان کاتدا لە دەوری هێزە سەربازییەکان و خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر کۆببنەوە و لە بەرامبەر هەموو شێوازەکانی شەڕی تایبەتی دوژمن، کە بە ئامانجی تێکشکاندنی ئیرادەی گەل بەکاری دەهێنێت، هۆشیار بن و بوەستنەوە.

دەستەی ناوخۆ، دەوڵەتە گەرەنتیکارەکانی ئاگربەست بە تایبەتی ڕووسیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر بە بەرپرسیاری ئەم شەڕە دەزانێت. ئێمە باش ئاگادارین، کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە چوارچێوەی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی تاوان لە دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدات، بۆیە داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە بەرامبەر بە گەلەکەمان و هێزەکانمان، کە لە جیاتی جیهان لە دژی داعش وەستانەوە و شەڕیان کرد، بە ئەرکی خۆیان هەستن و قەدەغەى فڕین بەسەر ئاسمانی هەرێمەکەماندا بسەپێنن".

ژ.ت