ھەفتەیەکی خوێناوی لەسەر سنوورەکان.. کوژران و برینداربوونی ١٩ کۆڵبەر
لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا، لانیکەم ١٩ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی کورستان بە ھۆی تەقەی ھێزەکانی ئێران کوژراون یاخود بریندار بوون.
لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا، لانیکەم ١٩ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی کورستان بە ھۆی تەقەی ھێزەکانی ئێران کوژراون یاخود بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەم، ھێزەکانی پاسەوانی سنووور سەر بە دەوڵەتی ئێران، تەقەیان لە گرووپێک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووری "نەوسود" لە پارێزگای کرماشان کردووە و لە ئەنجامدا لانیکەم ١٥ کۆڵبەر بریندار بوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆن و دۆخی تەندروستی ھەندێکیان ناجێگیرە، ھەروەھا ئەو ھێزانە دەستیان بەسەر ٧٠ باری ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە.
ھەر ھەمان ڕۆژ، لە ئەنجامی تەقەی ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری "کێلە"ی بانە کۆڵبەرێک بە ناوی "سرور شەریفی"، تەمەن ٢٦ ساڵ فیشەک بەر سەری کەوتووە و باس لەوەدەکرێت کە دۆخی تەندروستی ئەو گەنجە کە خەڵکی گوندی "کەوپێچ"ی بانەیە ناجێگیرە.
لە لایەکەی دیکە، ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەم، ھیزەکانی پاسەوانی سنوور لە بەرزاییەکانی 'تەتە'ی ھەورامان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەشێک لە کۆڵ و باری کۆڵبەرانیان سوتاندووە و بە چەکی جۆری تاپڕ کۆڵبەرێک بە ناوی "ئارمان سەلیمی" تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری مەریوان-یان کردووەتە ئامانج و بە سەختی برینداریان کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، لە ناوچەی سنووری "کێلە"ی سەر بە شاری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "موحسین عەبدوڵایی" ناسراو بە "موحسین کانی بەرد"، تەمەن ٣٥ ساڵ بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدابوو. ئەو کۆڵبەرە خێزاندار و خاوەنی ٤ منداڵە.
جێی ئاماژەیە بە گوێرەی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز، لە نێوان ٢١ ئەیلول بۆ ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لانیکەم ٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندار بوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کراونەتە ئامانج.