لە دۆخی هەنوکەییدا و لە هەلومەرجی شەڕی جیهانی سێهەمدا و کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانە هەمەچەشنەکاندا، ئایا دۆخی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانەکانی ئێستا دژوارتر و کارەساتبارتر دەبێت؟ ئایا گوتاری رەوتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پرسی کورد چارەسەردەکات؟ روانگە و بەرنامەکانی "کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)" لەمبارەوە چییە؟ کوردەکان و ئێران بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێتە سەرچاوەی گۆڕانکاری ریشەیی؟ سەبارەت بەو بابەتانە ئاژانسی هەواڵی فورات ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ فوئاد بێریتان هاوسەرکی کۆدار ئەنجامداوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:
قەیرانی سیاسی دەوڵەتی ئێران زیاتر قووڵبووەتەوە و بەهۆی سەرکێشییەکانیەوە لە ناوچەکەدا کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەبات. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم هەڵوێستانەی دەوڵەتی ئێران چییە؟
لەئێستادا دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکجار ئاڵۆزە و دەوڵەتە دژبەرەکان یاری بە ئاگری شەڕ دەکەن، هەڵەیەکی بچوک لە لێکدانەوەکاندا و هەندێک زێدەڕۆیی لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی یەکتر بە تایبەتی پێگەی گروپە پرۆکسیەکانی سەر بە رژێمی ئێران ئاگر شەڕ هەڵدەگیرسێنێت. لەئێستادا جۆرە شەڕێکی کۆنتڕۆڵکراو لە دەرەوەی سنوورەکان لە دژی ئێران لەئارادایە. لەناوخۆش دۆخی ئێران لە رووی گوزەران و ئابووریەوە لە دۆخی شەڕدایە، کە بەرەنجامی سیاسەتی ستەمکارانەی رژێمە و ئەم دۆخەی ناوخۆ و دەرەوە پاڵنەرن بۆ قووڵبوونەوەی شەڕ و قەیران. دەکرێت بوترێت کە رێگەیەکی دیکە جگە لە شەڕ یا خۆبەدەستەوەدان لەنێوان دوو سیستمی ئێران و ئەمریکی بوونی نییە. ئەستەمە ئەو دوو سیستمە دەوڵەتیە سەرمایەدارییە سازانێکی درێژخایەن یان راگرتنی دۆخی هەنووکەیی بە شێوەیەکی نائاسایی و پڕکێشمەکێش و مەترسیدار درێژە پێبدەن. لە کاتێکدا سیستمی پڕ قەیرانی هەموونی سەرمایەداری جیهانی گەیشتووەتە دواقۆناغەکانی و ناچارە سیستمی خۆی بگۆڕێت، کەوانە چۆن ئێران لە پارچەکانی ئەو تەقینەوە و گۆڕانکارییە پارێزراو دەبێت.
دۆخی ناوچەیی و جیهانی ئەوەمان پێدەڵێت. هەموو گەلانی چەوساوەی ناوچەکەش خوازیاری گۆڕانکارین. بە کورتی هۆکاری یەکجار زۆر لە ئارادان بۆ ئەوەی گۆڕانکاری گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە ئاراوە، چونکە دۆخی دەیانساڵەی ناوچەکە ناتوانرێت بەهەمان شێوە بەردەوام بێت، گەلی کوردیش بە ئاراستەی رەوتی رووداوەکانی ناوچەکە، بیر لە جموجۆڵی ئازادیخوازانە و تێپەڕاندنی مەترسی دەکاتەوە. دۆخەکە یەکجار پڕقەیران و مەترسیدارە. مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی بەربڵاو و بەرفراوان لە ئانوساتدایە. شەڕی جیهانی سێهەم چەندین ساڵە لە ئاستێکی مامناوەنددا راگیراوە و لە ئێستادا فشار و پەستانەکانی بەرادەیەک زیادیان کردووە کە خودی ئەو دەوڵەتانەی هۆکارن چیتر توانای ئەوەیان نەماوە کە شەڕەکە لە ئاستێکی مامناوەنددا بەردەوام بێت و بەرەو ئەوە دەڕوات کە شەڕی جیهانی سێهەم ئاستی مامناوەندی خۆی تێپەڕێنێت و بگاتە قۆناغی کۆتایی و دژواری خۆی. ئێران گەورەترین مۆرە و داشی ئەم زنجیرە شەڕەیە و رێگەی دەرچوونی نییە، چونکە سازش و خۆبەدەستەوەدانیش بۆ ئەو دەوڵەتە بە واتای شکست و لەناوچوونە. کەواتە مەترسیەکە زۆر لەوە زیاترە کە هەمووان بیری لێدەکەنەوە.
لەئێستادا زۆر پرۆژە و نەخشەرێگە لەلایەن رەوتە جیاجیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیەوە دەخرێنەڕوو، کە هەندێکیان نەک هەر گرنگی بە چارەسەرکردنی پرسی کورد نادەن، بەڵکوو لە گوتارەکانیاندا ئەو پرسە بە مەترسیش وێنا دەکەن. بۆ کرانەوەی دیموکراتیک لە ئێران، لەئێستادا دەبێت چ رێکار و چارەسەرێک بگیرێتەبەر؟
نەتەوە-دەوڵەتی مۆدێڕن لەم ڕۆدا لەبەر ئەم هۆکارە لەلایەن دەسەڵا دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکەوە دەسەپێندرێت، چونکە سیستمی سەرمایەداری جیهانی بەهۆی گەیشتن بە قۆناگی ترسناکی گەشەی جیهانی هەوڵ بۆ قووڵترکردنەوەی قەیرانەکان دەدات. سەلمێنەری ئەم راستیەش فراوانبونی راستگەرایی توندڕەوانەیە لە زۆر وڵات. جۆرێک لە قۆناغی هاری و شێتی لە سیستمی سەرمایەداریدا بەدی دەکەین، کە هەم لە گلۆبالیزمەکەی و هەم لە قەیرانە هاوشانەکانیدا بە دڵنیاییەوە بوونی هەیە. ئەم سیستمە بەدوای ئەوەیە لەسەر بنەمای هەژموونی تاکجەمسەری خۆی لەسەر ئاستی جیهان، بە شێوەی توندوتیژانە خۆی فراوان بکات و لەو پێناوەشدا پەنا بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و دروستکردنی قەیران دەبات.
سەبارەت بە سیستمی ئێرانی و جێگرەوەکەی دەبێت بڵێین، دەوڵەتی نەتەوەیی پەهلەوی و دەوڵەتی نەتەوەیی کۆماری ویلایی هەردووکیان لە یەک قوماش و جۆری دەسەڵاتن و دەیان ساڵە لەدوای گواستنەوە لە خومەینیشەوە بۆ خامنەیی بوونی هەیە. لەمڕۆدا بە ناو رۆشنبیران و چالاکوانان و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی سەرجەم راستگرە ئێرانیەکان لە هەوڵی دروستکردنی "دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن"دان و لەوێدا تۆمەتی "جوداخوازی"، "تیرۆریستبوون" دەخرێتە پاڵ جوڵانەوە ئازادیخوازی و شوناسخوازی نەتەوە و گەلانی چەوساوە. پڕۆژەی چارەسەری دیموکراتیک لە چوارچێوەی "کۆنفیدڕاڵیزم و نەتەوە دیموکراتی" کە کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) کاری بۆ دەکات خاڵی بەرامبەری رێکاری توندوتیژخوازانەی ئێرانییە کە لە ژێر ناوەکانی "سەروەری نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن" دەخرێنەڕوو. پرۆژەی کۆدار لە بەرامبەر مەیلی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن کە سەروەری نەتەوەیی لە دژی بەدیموکراتیکبوون بە سەر گەلاندا دەسەپێنێت و دیوێکی دیکەی جینۆسایدی کولتوری سیستمی دەسەڵاتە، دەوەستێتەوە. کۆدار چەمکی ریشەیی کولتوری و بەتایبەتی سیاسی لە سیستمی دیموکراتیکە بۆ ئایندەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تاکە رێگەی دوور لە شەڕ و قەیرانیش هەر ئەمەیە. رێکارەکانی دیکە بە دڵنیاییەوە شەر و قەیران و دوژمنایەتی بەردەوامیان لێدەکەووێتەوە و سەد ساڵە ئەمە لە وڵاتانی باڵادەست لە کوردستان دەبینین. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێین کە لە ئێستاوە دوژمنایەتی نەتەوە-دەوڵەتی مۆدێرن لە دژی گەلانی ناوخۆی ئێران تووشی هەمان هاربوون و شێتبوونی سیاسی و دەسەڵاتخوازانەیە، کە سیستمی ئێستای دەسەڵاتدار لە ئێران تووشی بووە. کەواتە پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن وەک سیستمێک کە دەبێتە جێگرەوەی "دەوڵەت-نەتەوەی"ی بە دەربڕینی خۆیان نامۆدێڕنی پەهلەوی-ویلایی بریتیە لە جینۆساید. ئەم رێکارە یەکجار مەترسیدارە و ئەو گەلانەی هەزاران ساڵە لەگەڵ یەکتردا دەژین دەباتە قۆناغێکی نوێ توندوتیژی و بەریەککەوتن.
دەوڵەتی نەتەوەیی پەهلەوی و ویلایی هەردووکیان هۆکاری ئەوەبوون کە "ئیتنیکە ژێر دەستەکان" رووبەڕووی سیاسەتی جینۆسایدی کولتوری بوون و لەمرۆدا بەناو رۆشنبیرەکان و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن کە خۆی بە پێشکەوتنخواز دادەنێت، لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیستمدایە لە ژێر لاف و بانگەشەی چەمکی "مۆدێرنبوون". لە راستیدا گۆڕینی سیستم لە ئێرانیان بەستووەتە بەو مەرجانە. هەر ئەم مەترسیەبوو کە بووە هۆی دامرکانەوە راپەڕینی شەقام. بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی توندڕەو لە هەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەسيڵاتی فەرمی نەتەوەییە لە رێگە وەرگرتنەوە لە سیستمی ئێستای دەسەڵات و ئەمەش بۆ گەلان کە تەنیا بیر لە دیموکراتیزەکردن و یەکسانی و ئازادی دەکەنەوە وەک ژەهر وایە. سیاسەتی لەم جۆرە بمانەوێت یان نا دەکەونە خزمەت بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازانەی هەژموونی جیهانی، نەک گەلانی ئێران. هەر ئەمەش رەوتی ئۆپۆزسیۆنی بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەنوکەیی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە. ئەوەی لەئێستادا لە بەراوردکردنی دۆخی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و ئۆپۆزسیۆنی کوردی بەدیدەکرێت، بریتیە لەوەی کە راستڕەوی گوتاری خۆی بەسەر بەشێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا سەپاندووە. بە هەزار جۆر فریو و خەڵەتاندن ئەمە دەکات. چەپەکان بە هۆی پاسیڤبوونیان خراونەتە پەراوێزەوە. پێکهێنانی ئێرانی دیموکراتیک و ئازاد بەهۆی پەلاماری رەوتی راستگرەوە ئەستەمە. هەربۆیە رەوتی دیموکراسی خوازی بزوتنەوەی کوردی دەرفەت و بەختێکی گەورەیە بۆ ئازادیخوازانی ئێرانی و پێویستە دەرفەتەکە لە کیس نەدەن و بە باشترین شێوە بیقۆزنەوە. رەوتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ناچارن لە نێوان تۆمەتی "جوداخوازی" ، هەروەها "دیموکراسیخوازی بزوتنەوەی کوردی" یەکیان هەڵبژێڕن. ئاراستەی ئایندەی تێکۆشانی ئێران بەستراوەتەوە بە بنەمای ئەم هەڵبژاردنەوە. جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی شۆڕگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" گوتاری دیموکراسیخوازی بزوتنەوەیە کوردیە و ئەم بزوتنەوەیەش ئازادیخوازی و دیموکراسی خوازی گەلی کورد نەک لە سەر بنەمای چەمکی ساختە و هەڵبەستراوی "جوداخوازی" رێکدەخات، نە لە سەر بنەمای چەمکی "سەروەری نەتەوەیی دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێڕن" کە هەندێک لە ئێستاوە بۆ ئێرانی داهاتوو مزگێنی ئەوە دەدەن.
کۆدار وەک ئەندازیاری سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بنەمای پاڕادایمی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لە سەر بنەمای ئازادی ژنان"ە، لە بەرامبەر دەسەڵاتی مۆدێڕنی ئێرانی کە سەرلەنوێ هەبوونێکی چەوساوە بۆ سەرجەم گەلان بەرهەمدەهێنێتەوە. لە دەربڕینی ئەم راستیەش هیچ دوودڵی و سڵکردنەوەیەکمان نەبووە و نابێت. بە ئاراستەی چەسپاندنی دیموکراسی و هێنانەدی ئازادی تەواوەتی بۆ گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ رەوتی فراوانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هەروەها رەوتە کوردیەکانیش تووشی هیچ رووگیری و خاترگرتنێک نابین.
بەرنامەکانی کۆدار بۆ داهاتوو لە سەر چ بناغە و کۆڵەکەیەکن؟ ئاستی ئامادەکاری کۆدار چۆنە؟
کۆدار و پەژاک لەئێستا کۆڵەکەی سەرەکی تێکۆشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانن و تەنانەت تەواوکاری بزوتنەوەی ئازادی گەلی کوردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. بزوتنەوەی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ساڵە رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک بووەتەوە و هاوتەریب لە گەڵ ئەوەش رووبەڕووی ئەو جینۆسایدە کولتوریە بووەتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پەیڕەو دەکرێت. هەر ئەم دۆخە جەنگیە پاڵنەری هەوڵەکانی کۆدار بۆ رێکخستنی سیستمی تێکۆشانی خۆی بە پێی گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسیەکانی سەردەم. لقەکانی کۆدار لە بواری پێشکەوتنی سەربازی لەم ساڵانەدا بە پتەوکردنی پێگە و سەنگەرەکانی لە دژی دوژمن، خۆی ئامادەکردووە. جگە لە ئەرکی شۆڕشگێڕانە و تێکۆشان لە دژی ستەم و فاشیزم و داگیرکەری هیچ ئەرکێکی دیکەی بۆ خۆی دانەناوە. بواری سیاسەتی دیموکراتیکی لە رێگەی بەرەوپێشبردنی خوازراوترین گوتار و دیسکۆرسی نیشتمانی و ناوچەیی پەرەپێداوە و بواری سەربازی خۆی بە ئاراستەی ئەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێکدەخات. بە دڵنیاییشەوە رۆژێک دێت کە وەک تەقینەوەی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەوە و ئازادیخوازانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەکشێت. کۆدار سەرەڕای بەربەستەکانی لێکەوتەی جینۆسایدی کولتوری دوژمن و فاسیزمەکەی، پێگەکانی خۆی یەکجار پتەوکردووە. هەم ئاگاداری خاڵە بەهێزەکانیەتی و هەمیش ئاگاداری خاڵە لاوازەکانیەتی. بە بوێری تەواوەتیەوە لەبەرامبەر خاڵە لاوازەکانی رخنە لە خۆی دەگرێت، هەموو ئەمانەش لە پێناو ئەوەدایە کە دەرفەتی هەنووکەیی بۆ بزوتنەوەی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کیس نەچێت. بارتەقای ئەوەی کە مەترسی گەورە لە سەر هەبوونمان، هەل و دەرفەتی تێکۆشانیش بەردەستە.
دەبێت بوترێت کە سەرجەم ئامادەکارییەکانی کۆدار لە رووی سیاسی و تێکۆشانەوە لە هەموو بوارەکان بە پێی دۆخی هەنووکەیی نەک هەر لە ئێران، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراون، چونکە کۆی ناوچەکە بەرەوڕووی قەیرانەکانی پەیوەست بەوەیە. لەمرۆدا دەبێت بە وشیارییەوە ئەوە بخڕێتەڕوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی زیاتر لە یەک سەدەی تێکۆشانی ئازادیخوازی کورد، هەڕەشەکانی کۆمەڵکوژی دوژمن لە ئاستی سەرووی سنوورەکانەوە چڕتربوونەوە. ئێران و تورکیا بواری کۆمەڵکوژیان چەند هێندە مەترسیدارتر لە جاران لە دژی گەلی کورد بەربڵاوتر کردووە و ئەگەر بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی هەژموونیکیان بەرامبەر بە یەکتر نەبوایە، تائێستا گەورەترین شەڕی ناوچەییان دەگرتەبەر. لەم نێوەدا بزوتنەوەی ئازادی کورد بە رابەرایەتی رێبەر ئاپۆ سەرباری هەموو مەترسی و لەمپەرە گەورەکان رۆڵی راگرتنی لە دژی پرۆسەی کۆمەڵکوژی هەمەلایەنە گێڕاوە. بەهەمان شێوە کە جینۆسایدی دەوڵەتە فاشیستیە سەردەستەکان لە کوردستان بە شێوەیەکی کەم وێنە پێکەوە بەستراونەتەوە و لەگەڵ یەکدا لە هاوپەیمانیدان، بە هەمان شێوە لە بەرامبەر ئەوەدا، کۆی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد بە شێوەیەکی بێهاوتا پێکهاتووە و خۆی رێکخستووە.
بەلەبەر چاوگرتنی ئەمانە پرسی کورد لە ئێران و ناوچەکە و رێگەکانی دەرچوون لە سیاسەتە دوژمنکارانەکان بەرامبەر بەکورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
کێشەی کورد بە هاوبەشی سەرجەم دەوڵەتە هەژمووگەرا جیهانییەکان و بە رۆڵی کەم تا زۆری هەرکامێکیان سەریهەڵداوە و بەشێک لە ئەرکەکانی نانەوە و هێشتنەوەی ئەو کێشەیەش بە دەوڵەتانی سەردەست لە ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا سپێردراوە. هەنوکەش بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەوڵەتی ئێران ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیە. بەشێک لە سیستمی جیهانی دەسەڵاتخوازانەش لە بناغەوە لەسەر کێشە و پرسی کورد داڕێژراوە. ئەمە یەکجار ستەمکارانەیە. بەڕاشکاوی دەبێت بوترێت "کایەی دیپلۆماسی فەرمی ئێرانی" لەئێستادا لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ویلاییەوە لە پرسی کورد و لە دژی گەلی کورد هێشتا پارێزگاری و داکۆکی لەم خاڵە هاوبەشەی خۆی لەگەڵ هەژموونی جیهانی دەکات. سەد ساڵی رابردووشی بە پارێزگاری لەم هەماهەنگی و هاوبەشییە تێپەڕاندووە. ئەمە یەکجار مایەی داخە و گەلەکەمان چیتر بەرگەی ئەم ستەمە گلۆبالیستیە ناگرێت. ستەمی گلۆبالی، ناوچەیی و واڵاتەکە لە دژی گەلی کورد هەبوونێکی چەند رەهەندی لە پرسی کوردی دروستکردووە، کە دەیان هێندە لە پرسی فەلەستین ئاڵۆزترە. کۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە هێشتنەوەی ئەم دۆخە دژە کوردییە و بە درێژەدان بە جینۆسایدی جیهانی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و روونە تا کاتێک گەلی کورد ئازاد نەکرێت و پرسی کورد چارەسەرنەکرێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی، ئارامی و ئازادی بەخۆیەوە نابینێت.
لەبەر ئەوەی ئێران بووەتە ئەکتەر و هێزێکی هەستیاری ناوچەکە و بە شێوەیەکی شێتانە دژی رکابەرەکانی یاری دەکات، رۆژهەڵاتی کوردستانیش رۆڵێکی گەورەی لە چەسپاندنی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسیدا دەبێت بەردی بناغەی ئەمڕۆکە و داهاتووی ئێران لە رێگەی تێکۆشانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دادەنرێت، چونکە هەم پەیوەست و گرێدراوی چارەنووسی گەلانی ناو ئێرانە و هەم گرێدراوی پرسی کوردە لە وڵاتە سەرەکیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر کۆدار و ئەندامانی سیستمی رێکخراوەییەکەی وەک پەژاک دروست نەبوونایە، بێگومان سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری ئێرانی لە دژی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی کارەساتبار سەردەکەوت. بە خستنەڕووی سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و ئامانجەکە گەورەکەی واتە نەتوەی دیموکراتیک، رۆحی دیموکراسی لە ئێران، کە کانگاکەی لە رۆژهەڵآتی کوردستان بەهێز دەبێت. کوردەکان زۆر جار ئەو رۆڵەیان لە مێژوودا گێڕاوە. لەمرۆدا ئێران و ئێرانییەکان هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە، جگە لە قەبوڵکردنی ئازادی بۆ گەلانی چەوساوە. بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیش ئەو توانایەی نیشاندا کە دەتوانرێت ئەو پێکەوە ژیان و پێکەوەگرێدانە مێژووییە لە رێگەی پەرەپێدان بە دیموکراسی و ئازادییەوە بگەیەندرێتە ئاستی باڵا. ئێمە هەم دیموکراسیمان دەوێت و هەم ئازادی. بە ئۆپۆزسیۆنێک کە تەنیا جۆرێکی نیمچەدیموکراسی بە بانگەشەی مۆدێربوونی دەوڵەتی ناوەندگەرا دەخاتەڕوو، لە خشتەنابرێین و ناچارن کە ئازادی وەک بنەمای سەرەکی دیموکراسی لە داهاتوو قەبوڵ بکەن.
کەواتە بەلەبەرچاوگرتنی ئەمانە، ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات و دەبێت داهاتووی ئێران و کوردەکان چۆن ببینرێت؟
لەئێستادا قۆناغێکی دژوارتری شەڕی سێهەمی جیهانی لە ناوچەکە هەڕەشەیە لە سەر هەمووان. بە دڵنیاییەوە سەرجەم گەلان زیانی زۆریان بەردەکەوێت، بەڵام گەلی کورد لەبەردەم لێشاوێکی پڕ مەترسیدایە. ئەگەر شەڕی سێهەمی جیهانی لە ئاستی مامناوەندی ئێستا بترازێت و هەڵبکشێت بۆ قۆناغێکی سەرووتر، جینۆسایدی جەستەییش لە دژی گەلی کورد بە جینۆسایدی کولتوری زیاد دەبێت و ئاگرەکەی هەمووان دەگرێتەوە. هەڵبەت تورکیا چەندین ساڵە درێژە بە جینۆسایدی جەستەیی دەدات. تێدەکۆشین بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەم شەڕەدا هاوشێوەی رابردوو لەلایەن هەژموونی جیهانی و ناوچەییەوە وەک قوربانییەکی سەرەکی دیارینەکرێت. دۆخی رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد لەلایەن دوژمنانەوە براوەتە قۆناغێکی یەکجار هەستیار. لەمرۆدا رۆڵی هەموو کوردێک لە تێکۆشان لە دژی فاشیزمدا سودبەخشە و سبەینێ درەنگە بۆ هەنگاونان. هەموو جۆرە کەمتەرخەمییەک دەبێتە هۆی ئەوەی پرسی کورد دەیان ساڵ بگەڕێتەوە دواوە. کەواتە ئەمە زەنگێکی مەترسیە بۆ هەر چوار بەشی کوردستان. لە میانەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی سیستمی نوێی ناوچەکە، هەمووان لەبەردەم هەڵبژاردندان و ئێمەی کوردیش دەبێت بە هەڵبژاردنی دروستی کۆتایی بە ستەمی سەد ساڵەبهێنین. ئازادی رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد تەنیا رێگەی بەردەم هەمووانە. کۆدار بۆ گەورەترین تێکۆشان بەو ئاراستەدا ئامادەیە و لەئێستاوە بۆ ئەوە تێدەکۆشێت.
رۆڵی کۆمەڵگا و گەلان لەئێستادا جیاوازتر و لە سەرووی رۆڵی دەوڵەتەکانەوەیە. کۆمەڵگا پێکهاتووە لە توێژی کرێکاران، رۆشنبیران، ژنان، گەنجان و توێژەکانی دیکە و هەموو ئەمانە ناتوانن لە کاتی هەڕەشەکانی شەڕی ناوچەیی لە ئێران پاسیڤ و بێهەڵوێست بن. پێویستە بە هەڵوێستی دیموکراتیک و رەوای ئەوان کۆمەڵگای ئێران گۆڕانکاری بەسەردا بێت، نەک بە خواستی دووبارەی دەوڵەت و دەسەڵاتێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی. هێشتاش کۆمەڵگا دەرفەتی سودوەرگرتن لە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هەیە.
هـ . ب