'گەلی کورد ئیرادەی خۆی نیشاندا'

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک رایگەیاند، لە هەڵبژاردندا گەلی کورد ئیرادەی خۆی نیشندا و لە کوردستان ئەردۆغانی تێکشاندووە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤیدا کرد و پرسە گەرمەکانی هەڵسەنگاند.

ئۆک رایگەیاند، کە هەڵبژاردن لە تورکیا رەوایەتیان نەبووە، لە رێگەی تواناکان و گوشارەکانی دەوڵەتەوە هەڵبژاردنێکی یەک لایەنە ئەنجام دراوە و رایگەیاند کە لە هەڵبژاردندا بەسەدان هەزار سوری دەنگیان دا و بە سەدان هەزار دەنگی هەدەپەش سوتێندران و وتی، " لە راپرسییەکانی بەر لە هەڵبژاردندا بیندرا کە لە مەهەپە لەسەدا ٧ و هەدەپە لەسەدا ١١-١٢ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، بەڵام هەدەپە بۆ لەسەدا ٨ و مەهەپە بە فێڵ و ساختەکاری گەیشتە لەسەدا ١٠. ئاکەپە و ئەردۆغان رایانگەیاند کە سەرکەوتوون، بەڵام ئەوە راست نییە. بەڵام بە گوێرەی ئەنجامەکانیان ئاکەپە دیسان بووەوە بە دەسەڵاتدار.

ئۆک باسی لەوەکرد کە گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان لە دژی هەموو هێرشەکان خۆڕاگرییان کردووە و وتی، "لێرەدا رۆڵی گەلی کورد، رۆڵی دیموکراسیخوازان و سۆسیالیستەکان زۆر گرنگە. سەرباری هەموو هێرش و گوشارەکانی دەوڵەتیش زۆر گرنگ بوو کە بەرخودان و هەڵوێستی گەلی کورد لەگەڵ هێزەکانی دیموکراسی پێکەوە جوڵانەوە. چۆکیان دانەدا، سڵیان لە ئەشکەنجە، مردن و کوشتن نەکردەوە و ئیرادەی خۆیان نیشاندا. لە هەموو شوێنێک بەتایبەتی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا شکستیان بە ئەردۆغان هێنا".

چاوپێکەوتنەکەی سەبری ئۆک لە ستێرک تی ڤی بەم جۆرەیە:

زیاتر لە دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە. نوسینگەی یاسایی سەدە داوای لە سی پی تی کرد کە بۆ کۆتاییهێنان بەم پێشێلکارییەی یاسا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ئێوە ئەم کردەوە نایاساییە و گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دۆخی رێبەر ئاپۆ بەردەوام لە رۆژەڤ و بەرنامەی کاری پارتەکەمان و گەلەکەماندایە. داگیرکەر و ئەو هێزانەی لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا بەشداربوون پەیوەندییان بە دۆخی رێبەر ئاپۆ و سیستمی ئیمراڵییەوە هەیە. دەزانین کە لە ئیمراڵی هیچ شتێک بە بێ پلان، بە بێ ئامانج و لەخۆوە ئەنجام نادرێت. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە رۆژ لە دوای رۆژ سیستمی ئیمراڵی توندتر بکەنەوە. یاری بە باری دەرونی گەلی کورد و دۆستانی دەکەن. دەیانەوێت وابەستەیی و گرێدراوبوونی نێوان رێبەر ئاۆ و گەلی کورد بپچڕێنن. بە زیاتر کردنی گوشار لەسەر رێبەر ئاپۆ هەوڵ دەدەن بگەنە ئامانجەکانیان. ئەوەی لە ئیمراڵی روودەدات، نە لە رووی مرۆڤایەتییەوە، نە لە رووی سیاسیەوە و نە لە رووی یاساییەوە رەوایەتی نییە. گەر ئەوە لە رووی مافەکانی مرۆڤەوە هەڵبسەنگێنین، دەبێت رێبەر ئاپۆ لە ژیانێکی ئاسودەدابێت. بەڵام دەزانین کە لە ئیمراڵی دۆخێکی ئاسایی بوونی نییە. وەک گەل و پارتەکەمان مافی ئەوەمان هەیە کە بە شێوەی گومان و دڕدۆنگی لەو دۆخە بڕوانین. دەزانین کە لە ئیمراڵی چی روودەدات، بەڵام دەزانین کە مافی ئەوەیان بە رێبەر ئاپۆ نەداوە کە لە هەلومەرجی مرۆڤایەتیدا بژی. ئەو دۆخە هەم توڕەیی و هەم گومانەکانمان زیاتر دەکات.

رێبەر ئاپۆ داگیرکەران بە باشی دەناسێت. دوژمن دەزانێت کە قسەیەک و وتەیەکی رێبەر ئاپۆ دەتوانێت چ گۆڕانکارییەک ساز بکات. لە رۆژی پیلانگێڕییەوە تا ئێستا سەدان گەریلای پەکەکە لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ و بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ئاگریان لەجەستەیان بەرداوە. رێبەر ئاپۆ ٥٠ ساڵی خۆی بە تێکۆشان بەخشیوە و کەس ناتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی تۆڵە لە رێبەرایەتی بکاتەوە چی لەدەست دێت دەیکات. لە رووی یاساییەوە هیچ پاساوێک بۆ ئەو کردەوە نایاساییە نییە. من چەندین ساڵ لە زینداندا مامەوە، زیندانیان مافی ئەوەیان هەیە نامە بنوسن، زیندانیان مافیان هەیە کە پارێزەر و بنەماڵەکانیان ببینن. لە رووی یاساییەوە مافێکی لەو جۆرە هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەو مافە پێشێل دەکات. چەند رۆژ بەر لەئێستا لەگەڵ ئەوەی کەس هۆکارەکەی نازانێت، دیسان نەیانهێشت رێبەر ئاپۆ چاوی بە بنەماڵە و پارێزەرانی بکەوێت. نامەوێت ئەمە بڵێم، بەڵام بە گوێرەی خۆیان 'سزا'یان داوە. رێگە نادرێت کە رێبەر ئاپۆ لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی دیدار ئەنجام بدات، نامە ناگەیەندرێن، ئایا ئەو جی کردووە کە ' سزای دەدەن؟'. هۆکاری ئەوەش دیارە. لەبەر ئەوەی لە ئیمراڵی بەرخودان هەیە. رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو ستەمەی لێیدەکرێت بەرخودان دەکات. لەبەر ئەوە دەوڵەت هەم بۆ ئەوەی تۆڵەی لێبکاتەوە و هەمیش بۆ ئەوەی درێژە بە ستەمەکەی بدات گۆشەگیری دژوارتر کردووە.

لەبەر ئەوە دەبێت هەم گەلی کورد، هەم دۆستانی، هەم هێزە شۆڕشگێڕەکان، سۆسیالیستەکان و هەمیش پارتەکەمان بەردەوام و  ٢٤ کاتژمێر بەدواداچوون بۆ دۆخی رێبەر ئاپۆ بکەین، پەرۆشی بین و ئاگامان لە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان هەبێت و لە تێکۆشاندا بین. وەک چۆن داگیرکەر گۆشەگیری دژوار بەڕێوەدەبات، دەبێت لەسەرووی هەموو شتێکەوە بابەتی سەرەکی ئێمە ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بێت. دەبێت ئێمە بە بوێری و بەرپرسیارێتیەکی باڵاوە تێکۆشان لە دژی ئەوە بە ئەرکی خۆمان بزانین. هەروەها لە رووی یاساییەوە دەبێت هەم لە سەر ئاستی تورکیا و هەم لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەبێت بێوچان خەبات بکرێت. گرنگترین شتیش ئەوەیە کە دەبێت گەلەکەمان بەردەوام لە خۆڕاگریدا بێت. هەموومان قەرزاری رێبەر ئاپۆین. ئەگر ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ئامانجی سەرەکیمانە، دەبێت گەلەکەشمان لەبەرامبەر دوژمندا بەهێز، رێکخراو و لەتێکۆشانی بێ وچاندا بێت. دەبێت بزوتنەوەکەمان باشتر رێکخستن بکات، بۆ پارێزگاری لەو بەهایانەی بە رەنجی ٥٠ ساڵەی رێبەر ئاپۆ ئافرێندراون، دەبێت هەموومان ئەرکەکانمان بە جێبگەیەنین و تێکۆشان بەگوڕتر بکەین. لە وەها دۆخێکدا دوژمن ناتوانێت خۆی بگرێت. تەنیا بەم جۆرە دەتوانین داواکاری رێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکەین. بە قسەکردن بابەتەکە چارەسەر نابێت. دەبێت چالاکی رێکخستن و بەهێزبوون بێتە ئاراوە. تێکۆشانمان لەئێستا بەدواوە بەشێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبێت.

لە تورکیا و باکوور قۆناغی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن دوای فێڵ و ساختەکارییەکانی ئاکەپە دەبێت چۆن هەڵبسەنگێندرێن؟ واتای پەیامەکانی هەڵبژاردن چییە؟

هەموو کەس دەزانن و گفتوگۆی لەسەر دەکەن کە ئەو هەڵبژاردنانە لە چ هەلومەرجێکدا ئەنجامدران و باس و خواس لەسەر ئەو هەلومەرجانەیە. ئەو گفتوگۆیانە هێشتاش بەردەوامن. هەموان دەیانزانی کە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. گەر لەم هەڵبژاردنەدا دەسەڵاتدا فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەناو بچووایە، لە ئەقڵیەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا تێکشکانێک روویدەدا. خۆی لەخۆیدا دەسەڵاتیش بەو دۆخەی دەزانی، لەبەر ئەوە هەموو هێز و توانای دەوڵەتیان خستەگەڕ. هەڵبژاردنێکی مێژوویی بوو. بەڵام دەبێت قەبوڵ بکرێت؛ رێبەر ئاپۆ دەڵێت، ئاکەپە دەوڵەتە. بەراستیش ئەردۆغان وەک ئاتاتورکی دووەم پێناسە دەکات. ئاتاتورک لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورک رۆڵێکی گێڕا و ئەردۆغانیش لە سەد ساڵەی دووەمدا رۆڵێکی هاوشێوە دەگێڕێت.  لەهەمان کاتدا رۆڵی ئەردۆغان هاوشێوەی رۆڵی هیتلەرە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا. هەڵبژاردن لە رێگەی حکومەتەوە بەو ئەقڵیەتە ئەنجامدرا.

سولەیمان سۆیلو لەبارەی هوداپارەوە دەستەواژەی 'ئەقڵی دەوڵەت'ی بەکارهێنا. رەوایەتی پێدا، بەڵام دەزانرێت کە دەیویست بڵێت چی. لە هیچ وڵاتێکی جیهان نمونەی ئەوە بوونی نییە کە فەرماندەیەکی سوپا لە هەڵبژاردندا رۆڵ بگێڕێت. لە رژێمە کۆلۆنیالیستیەکانیش شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە، بەڵام فەرماندەی سوپای کاری بۆ ئاکەپە-مەهەپە کرد. بەتایبەتی لە کوردستان ئەوەیان کرد. هەموو تەریقەت و جەماعەتەکانیان خستە ئامادەباسییەوە. لەبەر ئەوەی هەم لە رووی دەرونی و هەمیش لە رووی بیردۆزییەوە یەکگرتوون و دەوڵەت پارەیان پێدەدات. هەروەها هەموو بروکراسی دەوڵەتیان خستە ئامادەباشییەوە. والی و قەیومەکان هەموویان کاریان کرد. بە راستی ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان دەوڵەت و ئەوانی دیکەدابوو. دەوڵەتیش ئەوەی دەزانی. وەک وتم گەر ئاکەپە-مەهەپە بیدۆڕێنن لە سەد ساڵەی دووەمدا ئەقڵیەتی ئەوان تێکدەشکێت. بۆ ئەوەی رێگریی لەوە بکەن، هەموو شتێکیان کرد. هەروەها دەمارگرژییەکی زۆریان کرد، نەژادپەرستیان کرد. کورد، رێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان کردبە بابەتی سەرەکی. پڕۆپاگەندەی بەو جۆرەیان کرد وەک ئەوەی کە هەڵبژاردن لە نێوان دەوڵەت و گەلی کورد، یاخود لە نێوان دەوڵەت و پەکەکەدا دەکرێت.

خۆی لە خۆیدا هاوپەیمانی گەل بە زۆرەملێ و ناچاری کۆببوونەوە. هێزی ئەوان، مێشکی ئەوان و هاوپەیمانی ئەوان بەشی نەکرد. بەڵام گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی بەرامبەر بە هەموو هێرشەکان وەستانەوە و خۆڕاگرییان کرد. لەبارەی ئەنجامەکانەوە دەتوانم ئەمانە بڵێم؛ بەر لە هەموو شت ئەو هەڵبژاردنە رەوایەتی نەبوو، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە لە رێگەی توانا و گوشارەکانی دەوڵەتەوە هەڵبژاردنێکی تاک لایەنە بەڕێوەچوو. ئەو هەڵبژاردنە لە یاسا و دیموکراسییەوە دور بوو. لەبەر ئەوە رەوایەتی نییە. دووەم، بەر لە هەموو شت ئاکەپە و ئەردۆغان دۆڕاندیان. بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا. بۆ نمونە بە سەدان هەزار پەنابەری سوری دەنگیاندا. بەداخەوە مافی دەنگدانیان نەبوو. بە سەدان هەزار دەنگی هەدەپە سوتێندران و ئەو دەنگانە قەبوڵ نەکران. زۆر سەرنجڕاکێشە، لە راپرسییەکاندا بەر لە هەڵبژاردن ئەوە بەدی دەکرا کە مەهەپە لەسەدا ٧ و هەدەپە لەسەدا ١١-١٢ی دەنگەکان مسۆگەر دەکات. بەڵام مەهەپەیان کردە سەدا ١٠ و هەدەپەیان کردە سەدا ٨. لە هەموو شوێنێک بەتایبەتی لە کوردستان دەنگەکانی هەدەپەیان بۆ مەهەپە هەژمار کرد. ئاکەپە و ئەردۆغان بەم جۆرە رایانگەیاند کە ئەوان سەرکەوتوون، بەڵام لە راستیدا بەو جۆرە نییە. بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەوان ئاکەپە دیسان بووەوە بە دەسەسەڵاتدار. لێرەدا رۆڵی گەلی کورد، رۆڵی دیموکراسیخوازان و سۆسیالیستەکانیش زۆر گرنگە. سەرباری هەموو هێرش و گوشارەکانی دەوڵەتیش زۆر گرنگ بوو کە بەرخودان و هەڵوێستی گەلی کورد لەگەڵ هێزەکانی دیموکراسی پێکەە جوڵانەوە. چۆکیان دانەدا، سڵیان لە ئەشکەنجە و کوشتن نەکردەوە و ئیرادەی خۆیان نیشاندا. لە هەموو شوێنێک بەتایبەتی لە کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا شکستیان بە ئەردۆغان هێنا.

وەک دەزانن هەدەپە لە رێگە پارتی چەپی سەوزەوە چووە ناو هەڵبژاردنەوە. دوای هەڵبژاردن لە قۆناغی داهاتوودا هەدەپە ئەوەی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد کە چ شێواز و رێبازێک دەگرێتەبەر. هەدەپە لەلایەکەوە هەڵمەتی نوێبوونەوەی دەستپێکرد و لەلایەکی دیکەوە هێرشەکانی سەر هەدەپەش تا دێت دژوارتر دەبن. ئێوە نەخشەرێگای هەدەپە و ئەو هێرشانە چۆن هەڵدەسەنگێنن.

سەرەتا ئەوە بڵێم؛ هەدەپە-پارتی چەپی سەوز لەم هەڵباژردنەدا خەباتیان کرد و ئەنجامێکیان بەدەستهێنا. بەتایبەتی ئاکەپە-مەهەپە، ئەوانەی دژی دیموکراتیکبوونی تورکیا و دژی ئیرادەی گەلی کوردن دەیانەوێت ورە دابەزێنن. بەڵام بەم جۆرە نییە. بە دەیان سەرۆکی شارەوانی هەدەپە، بە سەدان بەڕێوەبەر و بە هەزاران ئەندامی لە زینداندان. وەک وتم لە دژی گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت. ئەگەر لە بری هەدەپە حزبێکی دیکە بوایە، لە قۆناغێکی لەم جۆرەدا لە هەڵبژاردندا کەمترین دەنگیشی بەدەست نەدەهێنا. بەڵام کولتورێکی هەدەپە هەیە، بەدەیان ساڵە قوربانی دەدات، رەنج دەکێشێت، نەریتێکی لەم جۆرەیە. گەلی کورد گەلێکی رێکخراو و زانایە. هەربۆیە سەرباری هەموو هێرشەکانیش، پارتی چەپی سەوز ئەنجامی باشی بەدەستهێنا. هەڵبەت دەیتوانی و پێویستبوو زۆر باشتر بوایە. رێگە نەدەن کە هێزە داگیرکەرەکان لە دۆخی ئەم دووایە ورە و دڵخۆشی پێببڕێت بۆ ئەوەی زیاتر یاری بە باری دەرونی گەلی کورد و سیاسەتی دیموکراتیک نەکات. دەبێت بەر بەوە بگیرێت.

بێگومان هەموو پارتێک پاش هەڵبژاردن نرخاندن دەکات، ئاکەپە لەئێستەدا ژیانێکی خۆش دەژی، ئیی پارتی و جەهەپە لەنێو خۆیاندا مشتومڕیانە، لەئێستەدا گفتوگۆکردن لەنێو هەدەپەشدا ئاساییە. سەدان سکاڵا لەسەر هەدەپە ئامادەکراوە، فشارێکی لەم چەشنەی لەسەرە، لەبەرامبەردا، تێکۆشانێک بەڕێوە دەچێت. نابێت کەس ئەم ئەنجامە بە شکست بزانێت، دەبێت ڕۆژەڤەکانیان باشتر دەستنیشان بکەن، واتە نابێت بکەونە ژێر کاریگەری گەل و هێزە جیاوازەکان. ڕۆژەڤەکان بەجۆرێ دەستنیشان بکەن هەڵە و کێماسی و ڕاستییەکان ببینن، ئەگەر ئەمە تێپەڕێنن، باشتر ئامادە دەبن بۆ ئایندە، ئەو پەیامانەشی دەینێرن هەر بەم ئاراستەیە دەڕوات. ئێمە ئەم هەڵوێستەیان ئەرێنی دەبینین. پرسی ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن و گفتوگۆ گرنگە، چۆنێتی خۆڕێکخستنەوە و ڕاستکردنەوەی کەمتەرخەمییەکان گرنگە، لەسەر ئەم بناغەیە، گرنگە ڕۆژەڤی تایبەت بە پرۆسەی داهاتوو دەستنیشان بکرێت. هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لەم قۆناغەدا دەژین، دەبێت لەمە تێبگەن، هەر دەنگێک هەدەپە و پارتی چەپی سەوز بەدەستی دەهێنیت گرنگە و شکۆدارە، ئەم نرخە بە خوێن و ڕەنج بەدەست هاتووە، گەلی کورد چەندین توندوتیژی و مەرگ و ئەشکەنجە و زیندانی لەبەرچاوگرتووە و پشتیوانی لە پارتی چەپ یان هەدەپە کردووە. بێگومان، پێویستە مرۆڤ شایستەی ئەمە بێت، زۆر کەس لەم بارەیەوە دەدوێن، هەندێک دەڵێن هۆکارەکەی ئەوەیە لە کوردستان قەتیس بووە، هەندێکی تر دەڵێن بۆچی زیاتر ڕووی کردۆتە تورکیا، هەردووک هەڵەن.

ڕوانگەی تورکیا دیموکراتیک ڕوانگەیەکی ڕاستە، ویستیان بەم ڕێگەیە ئەم کارە بکەن، هەنگاوی گرنگ گیرایە بەر. هەبوونی خەوش و لاوازی ئاساییە، نابێت ئەمە زۆر مەزن بکرێت، نابێت هەموو وزە و هێزیان لەم شتە نەرێنییە کۆبکەنەوە، با کەموکوڕییەکان ببینن، بە وزەیەکی نوێ وەڵامی قۆناغی داهاتوو بدەنەوە. هەموو ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن و گفتوگۆیەک دەبێت خزمەت بەم ڕاستییە بکات، هەندێک کەس هیچ بەرپرسیارێتییەک لەدەرەوەی ئەمەوە نابینن، دەڵێن با دەرچن و هەندێکیان قسە دەکەن... بەڵام هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەر ئەمەیە؛ ڕۆژەڤی ڕاستی خۆت هەڵبژێرە، گفتوگۆی جدی بکە، هێز ببەخشنە یەکتر، هەروەها یەکتر ناڕەحەت مەکەن، خەباتی هەڤاڵێتیتان بکەن، هیچ لەدەست نەچووە، ئەمە سیاسەت و هەڵبژاردنە. ڕاستە ئەنجامی دڵخواز بەدەست نەهات، بەڵام ئەنجامێک بەدەستهاتووە، هەندێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشەیە لەدەرەوەی دەسەڵاتمانە، هەندێکی تری پەیوەستە بە هەدەپەوە و پێویستی بە گفتوگۆیە. لە هەمووی گرنگتر گەیشتنە بە دەرئەنجامێک لەمەوە، لەگەڵ دەستنیشانکردنی نەخشەی ڕاست و دروست. بەڵام بۆچی یەکتر ناڕەحەت و ماندوو دەکەن، لەژێر ناوی ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن بەدەوری ڕۆژەڤی دروستدا دەسوڕێنەوە و وزەی خۆیان تەرخانی ئەم مەسەلەیە کرد، داگیرکەران دەستوەردان لەم ڕەوشە دەکەن و بێمتمانەیی دەخوڵقێنن، ئەمە مەترسییەکی مەزنە، هۆکارێک نییە بۆ ڕوودانی ئەمە. ئەنجامێکی باش بەدەست هاتووە، کەس ڕادەست نەبوو، هەموو بەرخۆدانیان کرد. بەم بۆنەیەوە، پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم، دووبارە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بەڵام لەسەر ئەم بناغەیە دەبێت گفتوگۆی ڕاستەقینە بکرێت، ڕۆژەڤی ڕاست دابنرێت، هێز ببەخشنە یەک، بەمە دەگەنە باشترین ئەنجام.

سێ هاوپەیمانی لەم هەڵبژاردنە دەرکەوتن، دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەم هاوپەیمانییانە پێی نایە سەدەی دووەمەوە، تورکیا ڕووی لەکوێیە و چ ئایندەیەک چاوەڕێیەتی؟

ئاشکرایە دەوڵەتی فاشیست لە سەدەی دووەم دەیەوێت لەسەر هەمان ڕێباز و زیهنیەتی پێشوو لە دەسەڵات بەردەوام بێت. هەموو هەوڵ و ئامادەکارییەکی لەسەر ئەم بناغەیە. هەندێک هاوپەیمانی هەبوون، بەڵام تەنها بەناو هەبوون، هاوپەیمانیی میللەت بەڕاستی هەڵوەشایەوە، ئەو هاوپەیمانییەی لەسەر بەها و پێوەر و پرەنسیپ ڕانەوەستێت وەک هاوپەیمانیی میللەت هەڵدەوەشێتەوە و ئەنجامی نابێت. ئەم هاوپەیمانییە زمان و ستراتیژەکەی گۆڕی دژی ڕێبەر ئۆجالان و تەڤگەرەکەمان و گەلی کورد، بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ ی ئایار، نابێت مرۆڤ بەشێوەی پراگماتی و تەسکبینی و دوور لە پرەنسیپ مامەڵە بکات، ئەمە لە سودی جڤاکی تورکی ناشکێتەوە. گرنگترینیان هاوپەیمانیی کۆماری ئاکەپەیە، بڕوانە ئەندامەکانی ئەم هاوپەیمانییە، هەریەکەیان خاوەنی ئەرک و ڕۆڵێکە، هاوپەیمانییەکە لەسەر درێژەدان بە داگیرکاری وەستاوە، لەسەر چۆنێتی بەگژاچوونەوەی ئیرادەی گەلی کورد، چۆنێتی وێرانکردنی زیهنیەتی دیموکراسی. هاوپەیمانییەکە بەتایبەت لەسەر دژایەتی گەلی کورد و پەکەکە دامەزراوە، بەم هۆکارە، ڕۆڵ بەخشرایە هوداپار، ڕۆڵی شوناسێکی ئیسلامی_کوردی، بەڵام لە جەوهەردا هاوکاری ئاکەپەی فاشیستە. ویستیان ڕێگە بۆ هوداپار خۆش بکەن، پێشتر ڕۆڵیان بەخشیە حزبوڵا، ئێستە ئەم ڕۆڵە سیاسییە دراوە بە هوداپار. دەرفەتیان لەبەردەم هەدەپە داخست و هوداپاریان وەک ئەڵتەرناتیڤ پێشخست تا کاریگەری بکەنە سەر جڤاکی کوردی. بەڵام هەوڵەکەیان سەرناگرێ و شکست دەهێنێت، گەلی کورد دەزانێت کێ خەبات و تێکۆشان دەکات لەپێناو هەبوون و ئازادی کورد، کێ هێشتا ڕۆژانە بەرخۆدان دەکات و ڕۆژانە قوربانی دەدات. بێگومان دەوڵەت بەم ڕێگەیە هیچی دەسناکەوێت. پەدەکە لێرەدا ڕۆڵی هەبوو. پیرۆزباییان لە ئەردۆگان کرد، ئیرادە و ئارەزوویان لە بەرژەوەندی حکومەتی ئاکەپە بوو. ئەم هاوپەیمانییە دژی گەلی کورد پێکهات، گەلەکەمان ئەمە دەزانێت. دەبێت بەم شێوەیە وەڵام بداتەوە و ڕەفتار بکات. لە مێژووی سیاسی دەوڵەتی تورکدا، نەریت و کەلتووری ئۆپۆزیسیۆنی ڕادیکاڵ نابینرێت لە گۆڕەپانەکدا دژی داگیرکەر و حکومەت، لەپێناو بەئاگاهاتنەوەی جڤاک و تێکۆشانی دیموکراسی وەک لە وڵاتی تر هەیە، نە جەهەپە و نە غەیری جەهەپە. سەدان هۆکار هەن بۆ شۆڕشی جڤاک، بەڵام بەپێچەوانەوە، دژی جڤاک دەوەستنەوە، بوونە بەربەست لەبەردەم ئۆپۆزیسیۆنی ڕادیکاڵ، لە ڕاستییدا، خزمەت بە دەوڵەت دەکەن، بەداخەوە، ئەمە ڕاستی سیاسەتی تورکیە.

دەوڵەتی تورک هەمووان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت

هێشتاش تۆڵەیەکی زۆر لە کەسێتی دەوڵەتی تورک هەیە. بۆیە بە دڕندەییەوە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان. هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و بەهاکانی کورد، بەو زیهنیەتەی نابێت دووبارە وەها بیرکەیەتەوە، نابێت دووبارە سەرهەڵدان بکەیت، نابێت خۆتان بپارێزن. بڕوانن چیان کرد بە موستەفا سوبحی و ماریا سوبحی هاوژینی و هەڤاڵەکانی لە دەریای ڕەش. ئەوەش تۆڵەکردنەوە بوو. ویستیان بڵێن، نابێت ئایدۆلۆژیایەک دژی دەوڵەتی تورک پێکبهێنن، نابێت دژی شەڕبکەن. هاوپەیمانیی کۆمار نوێنەری ئەم زیهنیەتەیە. ئاشکرایە چ لە ئایندە ڕوودەدات. فشار دژی گەلی کورد و گەلی تورک و هێزە دیموکراتیکەکان زیاتر دەبێت. ناهێڵن سیاسەتی دیموکراتیک ئاسوودە بێت. بەڕاستی هەموو پێوەرەکانی دیموکراسی و یاسا و دادپەروەرییان پێشێل کرد. ئەردۆگان بۆی گرنگ نییە، هەموو شتێک لە بەرژەوەندی خۆی دەکات.

گرنگ پێگەی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی تورکیایە، چونکە ئەندامی ناتۆیە، ئەمە تایبەتمەندییەکی مێژوویی و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دەسەڵات، بەباشی ئەمە بەکاردەهێنن. سیاسەتی دەوڵەتی تورک یاری بە هاوسەنگییەکان دەکات. تاکە دەوڵەتە لە جەنگی جیهانیی دووەم زیانمەند نەبووە. بە بێلایەنی مایەوە و ئەم سیاسەتەی پیادەکرد. واتە هەمووان بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی و لەمەش بەردەوام دەبێت. ئێستەش یاری بە هاوسەنگییەکانی ناتۆ و ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێزە عەرەبی و ئێرانییەکان دەکات لەڕێگەی ئەزموونی دەوڵەتەوە. بەڵام ئێستە دەروربەریان تەنگ بووە. لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە گرێدراون بە ناتۆ و ئەمریکاوە. بۆیە پەیوەندییان لەگەڵ ڕوسیا و چین ساختەیە. هێشتا ڕوون نییە کەی لە پاڵپشتی هێزێکیان دەوەستێت. دەوڵەتی تورک و ڕوسیا ئەم ڕاستییە دەزانن، بەڵام بەکاری دەهێنن. پەیوەست بە دیموکراسی و ئازادی گەلی کورد، هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن.

لەلایەکی ترەوە، ئەمریکا و ئەوروپا بێدەنگن. ڕاستییەکەی، زیهنیەتی فاشیستی ئاکەپە قبووڵ ناکەن، بەڵام دەوڵەتی تورک تایبەتمەندە و ئەندامی ناتۆیە. بۆیە بەرگەی کارەکانی دەگرن و ناڕەزایەتی دەرنابڕن. هەروەها دەوڵەتی تورک دەیەوێت سیاسەتی نوێبوونەوە و بنیاتنان لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرەپێبدات لە ماوەی ئایندەدا. واتە پەیوەندی نوێ لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبەستن. دەیەوێت لەم ڕووە، ئارام بگرێت. تاکە مەرجی دەوڵەتی تورک لە سوریا، لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. ئەگەر دەوڵەتی سوری بەمە ڕازی بێت، ئامادەن بۆ هەموو شتێک. بەڵام دەوڵەتی سوری هۆکاری هەیە بۆ قبووڵ نەکردنی ئەم مەرجە. نموونەی هاتای هێشتا زیندووە. هەموو سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەسەر ئەو بناغەیە، چۆن ڕێگە لە تورکیایەکی دیموکراتیک بگرم و چۆن ئیرادەی گەلی کورد بشکێنم. ستەم و فشارەکانیان زیاتر دەبێت.

نابێت هاوپەیمانیی ڕەنج و دیموکراسی بە حساباتی بچوک خۆی بخاتە مەترسییەوە

هاوپەیمانییەکی تر، هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادییە. گرنگترین و شکۆدارترین هاوپەیمانییە. ئەم هاوپەیمانیە ڕۆڵ و ئەرک و ئایندەی گەلی کورد و گەلی تورکیا دەستنیشان دەکات. ناوی خۆی بەخۆیەتی، هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی، بێگومان زۆر گرنگە. نابێت هەڵە بکرێت لە گەشە و نزیکایەتی ئەم هاوپەیمانییە. دەبێت ئەمە بزانن. ئەمەیە دیالەکتیکی گەلی کورد و گەلی تورکیا. ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا لە چارەسەری پرسی کورددایە. ئەگەر پێچەوانەشی بکەینەوە هەر ڕاستە، چارەسەری کێشەی کورد مەحاڵە، بەبێ دیموکراتیزەکردنی تورکیا. بە مانایەکی تر، دەبێت هێزە دیموکراتیکەکانی تر ئەم ڕاستییە بزانن، پێویستە گەلی کورد و نەژادپەرستەکانیش ئەم ڕاستییە ببینن. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت ئەمە گرێیەکی ئاڵۆزە. بەڕاستی وایە، بۆ نموونە، ئەسکەندەر بە شمشێرەکەی گرێی گۆردیۆی بڕی و دەرگای ئاسیای کردەوە، بەمەش قۆناغ و مێژوویەکی نوێ سەریهەڵدا. ئەگەر ئەم گرێیەش بکرێتەوە و کێشەی کورد چارەسەر بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین دیموکراتیتر دەبێت.

بۆیە چارەسەری پرسی کورد زۆر گرنگە. بە ڕوانینی تەسکی مرۆڤ تەنها وەک کوردێک، ئەم گرێیە ناکرێتەوە. ئەگەر هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکانی تورکیا ئەم گرێیە نەبینن، چارەسەر مەحاڵە. بۆیە هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی گرنگ و مانادارە. پێویستە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکانی تورکیا بەشداربن لەم هاوپەیمانیە.

ئایندەی تورکیا لێرەیە، ئازادی گەلی کورد لەم هاوپەیمانییەدایە. نابێت ئەم هاوپەیمانییە بە حساباتی بچوک خۆی بخاتە بەر مەترسی. پێویستە هەمووان بە فراوانتر بیربکەنەوە و لەڕوانگەی هەوڵی جدی هاوپەیمانییەکە و بەشداربوون لە پەرەپێدانی ئەم هاوپەیمانییە. بەهەرحاڵ، ئەم هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردن پێکنەهاتووە، لەسەر بناغەی دیموکراسی و چارەسەری کێشەی کورد پێکهاتووە. نابێت لە پارتەکاندا کورت بێتەوە. دەبێت ڕێکخراوە دیموکراتیک و مەدەنییەکان و کرێکاران و ڕەنجدەرانی تورکیا و کوردستان، هەموو ئازادیخواز و دیموکراتیخوازان کە لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستەوە زیانمەند بوون، ڕووبکەنە ئەم هاوپەیمانییە. تێکۆشان بەردەوامە. بۆ نموونە، پاش ٨ مانگ لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان، حکومەتی فاشیستی ئاکەپە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری مەزن بۆتەوە، لە سیاسەتی بەرتەسک گیری کردووە. خواستەکەیان نەهاتەدی. ئەگەر خاوەنی حەماسەت و ئیرادە و بانگەشە بین، ڕێکخستنی بەهێز پێکبێنین، دەرفەتمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە.

دەوڵەتی عێراق دەیەوێت گەمارۆی مەخمور بدات. تورکیا بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر شەنگال. ئەم گەمارۆ و هێرشانە لە چوارچێوەی چی پرۆژەیەکدان؟

ساڵانێکە گەلەکەمان لە مەخمور و شەنگال قوربانی گەورەیان داوە. گەلی مەخمور بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ساڵانێکە زێدی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویانکردۆتە باشوری کوردستان. چەندین شوێنیان گۆڕی تا لە مەخمور گیرسانەوە. گەلی مەخمور، گەلێکی بەرخۆدەرە، خاوەندارێتی لە ناسنامە و کەلتوور و زمانەکەی دەکات. تا ئەمڕۆ ملکەچ نەبووە. سڵاو لە گەلە بەرخۆدەرەکەی مەخمور دەکەم، ڕێزی خۆم پیشان دەدەم. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. وەک گوتم، دەوڵەتی تورک دەوڵەتی تۆڵەکردنەوەیە. دەیەوێت تۆڵەی داعش لە مەخمور و شەنگال بکاتەوە. چونکە داعش لە شەنگال و مەخمور شکا. حکومەتی ئاکەپە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی داعشی کرد. ئەگەر بەرخۆدانی مەخمور نەبوایە، داعش دەگەیشتە هەولێر. بارزانی ڕۆیشتە هەولێر و پێشوازی لە گەریلاکان کرد. مەخمور ئەم ڕۆڵەی گێڕا. لە ‌هێرشی داعشدا، سوپای عێراق و پێشمەرگە نەبوون. گەلی مەخمور بە پێداگرییەوە بەرخۆدانیان کرد، بوونە بەربەست لەپێش داعش.

دەوڵەتی تورک فشار دەکاتە سەر حکومەتی عێراق، ئەگەر مەخمور چۆڵ نەکەی، ئەگەر فشار نەکەی، بازرگانی و ئاوت لێ دەگرمەوە، وەها هەڕەشە دەکات. دەوڵەتی عێراق لەبری بەرگری کەچی ملکەچ دەبیت. کەمپی مەخمور هەرێمێکی ڕاستەقینەیە، دەیان هەزار سڤیل و بەتەمەن و مناڵ دەگرێتەخۆ. بەڵام لەلایەکی ترەوە، دەوڵەتی تورک بەشێک لە خاکی عێراقی داگیرکردووە و چەندین خاڵی گرتووە. حکومەتی عێراق لەمە بێدەنگە و دژی مەخمور دەوەستێت. ئەمە ڕاست نییە، نابێت قبووڵ بکرێت. دەزانین حکومەتی عێراق بە ئارەزووی خۆی ئەمە ناکات. بەڵکو فشاری تورکیایە لەسەری، بەڵام دەبێت دەوڵەتی عێراق خاوەنی پێوەر بێت. کەمپی مەخمور چ زیانێکی هەبووە. بەپێچەوانەوە، لە شەڕی داعش مەخمور لەپێناو مرۆڤایەتی جەنگا، لەپێناو دەوڵەتی عێراق و باشوری کوردستان، لەم پێناوەش قوربانی بەخشی. ستراتیژی دەوڵەتی تورک پەرتەوازەکردنی کەمپەکەیە. بەگوێرەی ئەوان، نابێت کەمپەکە هەبێت. نازانین دەتوانن وا بکەن یان نا، بەڵام دەبێت گەلی مەخمور بەردەوام بێت لە بەرخۆدان. دەبێت گەلەکەمان لە هەموو شوێنێ پشتیوانی ئەم بەرخۆدانە بکات. دەبێت بە هەموو رێگەیەک پشتیوانی لە گەلی مەخمور بکرێت، لەڕووی یاسایی و سیاسی و مرۆییەوە. دەبێت دەوڵەتی عێراق، لەم هەوڵی گەمارۆدانە بوەستێت. هەر کێشەیەک هەبێت، مەجلیسی مەخمور هەیە، با لەگەڵیان دانیشن و بە گفتوگۆ چارەسەری بکەن. هەر هەوڵێک لەدەرەوەی ئەمەوە ناڕاستە.

ئەمە بۆ شەنگالیش ڕاستە. پێش چەند ڕۆژ ناوەندی شارەکەیان بە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆردومان کرد. ئەگەر بەرخۆدانی گەریلا و گەلی ئێزدی نەبوایە، ڕەوشەکە چۆن دەبوو، هەمووان دەزانن. دەوڵەتی تورکی هاوکاری داعشی کرد و هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژی دەرهەق بە ئێزدییەکان ئەنجامدا. عێراق ئەوکات هیچی نەکرد. هەمووان دەزانن پەدەکە لە ڕۆژی یەکەمەوە هەڵهات. ئێستە دەڵێت شەنگال بەرپرسیارێتی منە، من خاوەنی شەنگالم. ئەمە چۆن ڕوودەدات؟ ئەرێ دادپەروەری، ماف، یاسایەک نییە؟ پێشتر چۆن بوو، ئێستە چۆن مامەڵە دەکات. ئەویش نوێنەرایەتی زیهنیەتی دەوڵەتی تورک دەکات. فشار دەکاتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ پەدەکە تێگەیشتنێک پێکدەهێنن. پەکەکە دەکەنە پاساو. ئێمەش دەڵێین، پەکەکە لەوێ نییە. بەڵێ، پەکەکە لە شەنگال شەڕی کرد، لەپێناو مرۆڤایەتی و دەوڵەتی عێراق. گەلی ئێزدی پاراست. ئەرکەکەی بەجێگەیاند و ڕایگەیاند هێزەکەی کشاندۆتەوە. گەلی ئێزدی ڕووبەڕووی ٧٢ کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بۆیە لە هەموو شت نزیکدەبنەوە و لەسەر حەقن. دەیانەوێت سەلامەتییان بپارێزن. بێگومان بەگوێرەی یاساکانی عێراق.

ئەم پرسە لەڕێگەی کۆبوونەوە و دانوستان شیاوی چارەسەرە. نەوەک بە فشاری دەوڵەتی تورک. گەلی ئێزدی لە کۆمەڵکوژییەکی مەزن پارێزرا، بێگومان مافەکانی خۆیان دەپارێزن. بێگومان لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق خۆیان دەپارێزن و چارەسەرێک دەدۆزنەوە. نابێت عێراق فشارەکانی دەوڵەتی تورک قبووڵ بکات. هەروەک جڤاکی عێراق و سیاسەت و پارتەکان دەبێت دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بوەستنەوە. گەلی ئێزدی زیانی بۆ کەس نییە، تەنها دەخوازن خۆیان بپارێزن و بمێننەوە. دەبێت ئەم ڕاستییە ببینرێت.

هـ . ب