ئەمڕۆ دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی لە مەخمور لە نزیک خاڵێکی پشکنینی سوپای عێراق، چادرێکیان هەڵداوە و بڕیاریانداوە دژ بەو هەوڵانەی هەیە بۆ تەلبەندکردنی دەوروبەری کامپەکە، ئێشکبگرن.
دەیان هاوڵاتی کامپەکە سەردانی چالاکییەیان کردووە، سەعید چۆمەلک، ئەندامی کۆمیتەی کاری دەرەوەی کامپی مەخمور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: پێشتر لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ سوپای عێراق، بەهۆی شێوەیەک باسی تەلبەندکردنی دەوروبەری کامپەکە نەکراوە و ئێستا لەپڕ دەیانەوێت دەوروبەری کامپەکە تەلبەند بکەن، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەین دەوروبەری کامپەکە تەلبەند بکرێت.
دەشڵێت: تەلبەندکردنی دەوروبەری کامپەکەمان بەواتای ناشرینکردنی دانیشتووانی کامپەکە دێت، بۆیە چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت و بەهیچ شێوەیەک مامەڵەی لەمشێوەیە قبوڵ ناکەین.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە سوپای عێراق لەپڕ هەوڵیدا دەوروبەری کامپی مەخمور تەلبەند بکات، ئەوەش ناڕەزایەتیی دانیشتووانی کامپەکەی لێکەوتەوە، کە سەرجەمیان خەڵکی باکووری کوردستان و لەو کامپە نیشتەجێبوون، لە ئێستاشدا دەڵێن کە هێشتا مەترسیی لەسەر کامپەکە هەیە و بڕیاریانداوە تا ڕەوینەوەی مەترسییەکان بەردەوامبن لە چالاکی.
ف.ق