گەریلای هەپەگە چەکدار باز کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە ناو بەرخودانی سیدا لە زاپ بەشداربوو، باسی لە دژوارییەکانی دوای دابڕان لە تیمی گەریلا کرد.
گەریلا چەکدار وتی کە لە کاتی رۆیشتنی بۆ سەر ئەرکەکەیان، ئەو لەناوچەکە ماوەتەوە و لە هاوڕێان هەڵبڕاوە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "لەشەودا لە داوێنێ گردێک لە گوندی سیدا مامەوە. نزیکەی دوو رۆژ لەوێ مامەوە و لە دوورەوە لە گۆڕەپانەکانم دەڕوانی. کاتێک خواردنەکەم تەواو بوو ویستم بچمە گوندی سیدا. لە نزیک گوندەکە گردێکی بچوک هەبوو و ٤ رۆژ لەوێ بە بێ نان و ئاو، مامەوە. دوژمن هەر چوار دەوری گرتبوو و خۆی لەسەر گردەکان جێگیر کردبوو.
لە نێوان من و سەربازەکاندا ١٠٠-١٥٠ مەتر مەودا هەبوو. سەربازەکان بەردەوام تەقەیان بە چواردەوریاندا دەکرد و هاواریان دەکرد. کاتێک پێکەوە قسەیان دەکرد گوێم لە دەنگیان بوو. بۆ دەستکەوتنی نان و ئاو ویستم خۆم بگەیەنمە گوندەکە. چەند رۆژ دواتر دادەگەڕام و لە شوێنێک کەوتمە خور. بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر بێهۆش بووم. ئەو کاتە بارانباریبوو هەموو شوێنێک تەڕ بوو. بۆ ئەوەی هەڵسمە سەر پێ هەندێک گڵی تەڕم خستە ناو دەممەوە. بەو خاکە تەڕە وزەم بە بەردا هاتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بم. شەو بوو، چوومە گوند. ئەو شەوە من لە نزیک بیرەکە مامەوە، لە سەرلەبەیانیدا بۆ ئەوە ببینم سەربازەکان چۆن دەجوڵێنەوە چاودێری دەوروبەرم کرد. دوژمن لە تونێلەکانی شەڕی شەهید ئاگر، شەهید فەلات و شەهید دۆغاندا جێگیر کردبوو.
ئەو رۆژە بۆ دۆزینەوەی نان و ئاو من بەو دەوروبەرەدا گەڕام. قتوویەکی زەیتونم دۆزیەوە. لە قتووەکەدا کەمێک زەیتونی تێدابوو. لەبەر ئەوەی پاییزبوو دار هەنارەکانیش هەبوون و تا دەستم دەگەیشت هەنارم لێدەکردەوە و ماوەی پێنج رۆژم بە زەیتون و هەنار بەسەر برد. دواتر بۆ ئەوەی خۆم بگەیەنمەوە هەڤاڵەکانم گوندەکەم جێهێشت. لەو کاتەدا سەربازانی سەر گردی شەهید ئاگر هەستیان پێکردم و تەقەیان کرد. بۆ ئەوەی خۆ بەدەستەوە بدەم بانگیان لێکردم. بەرەو داوێنی شەهید ئاگر چووم. سەربازانی ئەوێش داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێکردم. سەربازەکان زۆر لە شوێنی خۆحەشاردانمەوە نزیکبوون.
لەناو خۆیاندا قسەیان دەکرد، دەیانگوت 'رەنگە هێشتا هەر لەم ناوە بێت'، بەرەو ئەو گاشەبەردەم لەوێ مابوومەوە تەقەیان دەکرد. نزیکەی دوو کاتژمێر درۆن بە سەرمدا سوڕایەوە و چاوەڕێبوون بمدۆزنەوە. فڕۆکەی سیخوڕیش دەهاتن و دەچوون. هەوڵەکانیان خستبووەگەڕ بۆ ئەوەی من لەو شوێنەی تیایدابووم ناچار بکەم بێمە دەرەوە. هیچیان دەست نەکەوت. چوار جار دەوروبەری منیان بە فڕۆکە بۆردومان کرد. ئەو شەوە لە شوێنی خۆم نەجوڵام. رۆژی دواتر سەیری دەوروبەرم کرد و بینیم کەس لەوێ نییە. دوو شەوی تر چاوەڕێم کرد و بەشەو وردە وردە لە شوێنەکەم هاتمەدەرەوە و ویستم خۆم بگەیەنمە هەڤاڵان".
هیوای دۆزینەوە و خۆگەیاندن بە هاوڕێکانم منی لەسەر پێ راگرتبوو
چەکدار ئەوەی خستەڕوو کە بۆ دۆزینەوەی هاوڕێکانی دوو رۆژ تینو و برسی رێگای بڕیوە و وتی، "لە کاتی گەڕان بە دوای هەڤاڵانیدا تووشی دوو هەڤاڵی بووە. ئەوان سەرەتا نەیانزانی کە من گەریلام یان نا. سەد مەتر مەودا لەنێوانماندا بوو، بانگیان کرد. زۆر پرسیاریان لێکردم، منیش وەڵامم دانەوە. دواتر قایل بوون و وتیان دەچین بۆلای هەڤاڵان کاتێک زانیم هەڤاڵن دڵم ئاسودە بوو. بەم جۆرە دوای ١٦ رۆژ گەیشتمەوە لای هەڤاڵانم. هیوای دۆزینەوە و بینینەوە هەڤاڵانم من خۆم لەسەر پێ راگرتبوو. بەهیچ جۆرێک هیوابڕاو نەبووم.
چەندەشی بخاندایە، ئامانجی من دۆزینەوە و بینینەوەی هەڤاڵان بوو. ئەو کاتە ئەوەندە دڵخۆش بووم کە بڕوام نەدەکرد لەلای هەڤاڵانم. هەموو رۆژێک بە خۆمم دەگوت کە دەبێت خۆم بگەیەنمەوە لای هەڤاڵانم. بەهیوای بینینەوەی هەڤاڵانم ئیرادەم یەکجار بەهێزبوو. کەسێک ئیرادەی بەهێز بێت و خۆی بۆ ئامانجەکەی تەرخان بکات. بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. لەکاتی سەرکەوتندا دەبێت مرۆڤ دوو دڵ نەبێت و دەستبەرداری بەرخودان نەبێت. مرۆڤ دەتوانێت بە بێ نان و ئاویش خۆی لە سەر پێ رابگرێت، بەڵام بە بێ هیوا ناتوانێت".
هـ . ب