گوڵدەرەن ڤارلی: بۆ چارەسەری ناونیشان دیارە

پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان گوڵدەرەن ڤارلی باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری تەنیا شەڕ و بێ چارەسەری لێدەکەوێتەوە و وتی، "بۆ چارەسەریش ناونیشان دیارە. ئەگەر چارەسەریەک بوونی هەبێت، ئەوە لە رێگەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستەبەر دەبێت".

پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان گوڵدەرەن ڤارلی ئاماژەی بە مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکان و ئێشکگری دادپەروەری کەسوکاری زیندانیان کرد و داوای لە حکومەت کرد کە داواکارییەکانیان قەبوڵ بکات.

گوڵدەرەن ڤارلی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک بە گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەوڵ دەدات گەلی کورد لە وشیاری نەتەوەیی، یەکسانی، دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەری بێبەش بکات.

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئەوەی خستەڕوو، کە مانگرتن لە خواردن پێی ناوەتە سێهەم مانگەوە و وتی، "ئێمە سەردانی زیندانەکان دەکەین، بازنەی شوێنی ژیانیان لە رێگەی ژووری تاکەکەسییەوە بەرتەسک کراونەتەوە. زیندانیانی سیاسی داواکارییەکانیان رەوان. دوژمنایەتی دەسەڵات بەرامبەر بە کوردان بێ کۆتاییە، ئەوەیان لە زیندانەکان توندتر کردووەتەوە. بەرامبەر بە ئێشکگریی دادپەروەریش خۆیان پێیان ناگیرێت، لە زۆر شوێن لەمپەر و بەربەست سازدەکەن. ئەو زیندانیانەی لە مانگرتن لە خواردندان، لە ژووری تاکەکەسیدا رادەگیرێن و تەنانەت لە ئاویش بێبەش دەکرێن".

لەبەرامبەر گەلی کورددا سەرنەکەوتن

گوڵدەرەن ڤارلی هێمای بۆ ئەوە کرد کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و گۆشەگیری کە ماوەی ٢٥ ساڵە لەئارادایە، دەیەوێت گەلی کورد لەناوببات و وتی، لە بەرامبەر کوردان ناتوانن ئەوە بگەیەننە ئەنجام. گولدەرەن ڤارلی پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان وتیشی، ئەو کوردانەی لە دەرەوە سیاسەت دەکات و وشیاری دیموکراتیک بەرەوپێش دەبەن، دەستبەسەردەکرێن و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی، "لەبارەی دۆخی تەندروستی بەڕێز ئۆجالان هیچ زانیارییەک بەردەست نییە، ئەوە لە گەلی کورد دەشاردرێتەوە. لەبەر ئەوە مانگرتن لە خواردن دەستیپێکردووە. دایکەکانمان ماوەی ٦٥ رۆژە لە ئێسکگریی دادپەروەریدان. دادپەروەری بوونی نییە، دوژمنایەتی لەئارادایە. رێگە و چارەسەری ئەم کێشەیە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. نکۆڵی کردن لەوە نابێتە رێگەی چارەسەری. ئەگەر چارەسەرێک هەبێت ئەوە لە سەردەستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەبێت".

قەیومەکانیش دەرەنجامی هەمان سیاسەتن

گوڵدەرەن ڤارلی ئاماژەی بەوەدا کە گۆشەگیرییەکی توند بوونی هەیە و باسی لەوەشکرد، کە ئیرادە، ژیان و جوگرافیای گەلی کورد لە رێگەی قەیومەوە زەوت کراون و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: " دیداری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە گەڵ پارێزەران، بنەماڵە و شاندەکانی دانوستان رێگەی لەبەردەم چارەسەری کردەوە. لەبەر ئەوە دەڵێین پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت. گۆشەگیری بەس شەڕ و بێچارەسەری لێدەکەوێتەوە. چارەسەریش ناونیشانەکەی دیارە".

هـ . ب