چالاکییەکانی ناڕەزایەتی دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی سێرت بەردەوامە. جەماوەر لە گەڕەکی گاپێ کۆبوونەوە و تا بەردەم شارەوانی ڕێپێوانیان کرد. پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.
لە چالاکییەکەدا درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی سێرت ئەشرەف تەکین قسەی کرد و ڕایگەیاند مێژووی گەلی بۆتان پڕە لە بەرخۆدان و زیهنیەتی داگیرکەر شکست دەهێنێت.
هاوسەرۆکی شارەوانی سۆفیا ئالاگاش ڕایگەیاند ئەوان بە ئیسراحەت لە شارەوانی دانانیشن، گوتی: "ئەوانەی بە پیلانگێڕی دەیانەوێت ئیرادەی گەلی سێرت بشکێنن، با بزانن ناتوانن لێرە بمێننەوە. چوار ساڵە کارەکانی ئێوە ئاشکرا دەکەین، درێژە بە بەرخۆدانمان دەدەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت گوتی: " گەر بەڕاستی نیازتان باشە و چارەسەر و ئاشتیتان دەوێت، دەست لە سەپاندنی نادیموکراتیک و فاشیستانە هەڵبگرن. ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ بکەن، دەستتان لە ئیرادەی ئەم گەلە بکشێننەوە. ئەوکات ڕێگەی ئاشتی دەکرێتەوە. بەڕێز ئۆجالان بە ڕوونی دەڵێت، گەر هەلومەرج بڕەخسێت، دەتوانم ئەم پرسە لە شەڕ و توندوتیژییەوە بگوازمەوە بۆ سەر زەمینەی یاسایی. دەسەڵات بەرامبەر ئەم پەیامەی بەڕێز ئۆجالان چی دەکات؟ دەسەڵات فشار لەسەر هەموو کۆمەڵگە زیاتر دەکات. ڕۆژنامەنووسان دەکوژن و دەستگیر دەکەن و دەکوژن، دەستبەسەر شارەوانییەکانماندا دەگرن. ڕێز لە کۆمەڵگەکەمان بگرن. ئیدی بەسە، بەسە ستەم، ئێمە سەرمان نەوی نەکردووە، قوربانیمان داوە بەڵام سەرمان نەوی نەکردووە".
کۆچیگیت ڕایگەیاند لە ٧ تا ٧٠ ساڵی، دەم پارتی و پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانی و هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەمووان پێکەوە دژی ستەم تێدەکۆشن، گوتی: "با کەس گومانی نەبێت، بەرخۆدانمان بەرامبەر دەسەڵاتی فاشیست بەردەوام دەبێت".