هاووڵاتیی کورد ئەحمەد سۆفی بە تەمەنترین مرۆڤی جیهان کۆچی دوایی کرد

هاووڵاتیی کورد ئەحمەد سۆفی لە تەمەنی ١٣٨ ساڵیدا لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد، کە بە تەمەنترین مرۆڤی جیهان دەناسرێت.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئەحمەد سۆفی رۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ١٣٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و وێنەى ناسنامەکانیشیان لەگەڵ هەواڵەکانیاندا بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی تۆماری سەر ناسنامەکەی، ئەحمەد سۆفی ٩ی رەشەمەی ١٢٦٠ کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٨ی شوباتی ١٨٨٢ لە دایکبووە. ئەحمەد سۆفی لە کاتی کۆچی دواییدا تەمەنی ١٣٨ ساڵ و ٨ مانگ و ٢١ رۆژ بووە، واتە ٥٠ هەزار و ٦٦٩ رۆژ ژیاوە و بەوەش دەبێتە بە تەمەنترین کەسی جیهان، کە لەو تەمەنەدا کۆچی دوایی کردووە.

پێشتر کانە کانکا هاووڵاتیی ژاپۆنی بە تەمەنترین مرۆڤی جیهان دەناسرا، کە لە تەمەنی ١١٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کردبوو. دوای ئەویش ژمارەی پێوانەیی تەمەندرێژترین مرۆڤی جیهان لەلایەن ژان کالمێنی فەرەنسییەوە تۆمار کرابوو، کە لە تەمەنی ١٢٢ ساڵیدا کۆچیی دوایکردبوو، بەڵام ئەحمەد سۆفی هاووڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ١٣٨ ساڵ تەمەنەوە، بەرزترین ژمارەی پێوانەیی بە تەمەنترین کەسی لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە.

بەپێی میدیاکانی ئێران ئەحمەد سۆفی نەخۆشیی نەبووە و بەهۆی زۆریی تەمەنییەوە کۆچی دوایی کردووە. ئەحمەد سۆفی منداڵی نەبووە، بەڵام لە کاتی هاوسەرگیرکردن لەگەڵ هاوسەرەکەیداهەر ٥ منداڵى هاوسەرەکەی هەڵگرتووەتەوە و بەوەش ئێستا بووەتە باپیرەی نزیکەى ١٠٠ کوڕەزا و کچەزا و کوڕەزازا و کچە زازا.

بە وتەى بنەماڵەکەى، ئەحمەد سۆفی کەسێک بووە هەموو کات هاوکاریی دەورووبەرەکەى کردووە. پێش بڵاوبوونەوەى کۆچی دوایی ئەحمەد سۆفی، هاووڵاتییەکی تری رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری کامیاران لە تەمەن ١٣٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کردبوو. بە گشتی کوردانی رۆژهەڵات بە تەمەندرێژی دەناسرێن و زۆرێکیان تاوەکو سەد ساڵ تەمەن دەکەن.

ژ.ت