هاووڵاتییانی کەرکوک: بەرخودانی گەریلا ڕێگرە لە داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوور
هاووڵاتییانی شاری کەرکوک ئیدانەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی هێزەکانی گەریلا دووپات دەکەنەوە.
هاووڵاتییانی شاری کەرکوک ئیدانەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی هێزەکانی گەریلا دووپات دەکەنەوە.
لە ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ دەوڵەتی فاشیستیی تورک هێرشێکی داگیرکاری بۆ سەر مەتینا، ئاڤاشین و زاپ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، هاووڵاتییانی شاری کەرکوکیش دەرک بەو مەترسییانە دەکەن، کە ئامانج لەو هێرشەی دەوڵەتی فاشیستی تورک داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستان و کەرکوکە. هەروەها کەرکوکییەکان پشتیوانیی خۆیان دووپاتکردووە بۆ بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان.
سەرکەوتنی تورکیا لەو ئۆپراسێۆنەدا واتای دەستپێکی داگیرکردنی باشووری کوردستانە
سۆران سەردار هاووڵاتییەکی شاری کەرکوکە سەبارەت بەو هێرشە داگیرکارییەی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: ''ئەو بۆردۆمانانە شەرمەزار دەکەین، کە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە دەکرێتە سەر هەرێمی پاراستنی میدیا، ئەو هەڵمەتە داگیرکارییەی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەستیپێکردووە ئامانج لێی لەناوبردنی لایەنێک نییە بەڵکو ئامانج لێی داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستانە، ئێمە وەکو هاووڵاتییانی شاری کەرکوک ئەو هێرش و بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان شەرمەزار دەکەین، وە سەرکەوتنی تورکیا لەو ئۆپراسێۆنەدا واتای دەستپێکی داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستانە."
هێزەکانی گەریلا تاکە هێزن، کە دەتوانن کوردستان لە داگیرکەران بپاریزێن
هەروەها سۆران سەردار ووتی: "ئێمە وەکو هاووڵاتییانی کەرکوک پشتیوانیی تەواوی هێزەکانی گەریلا دەکەین، چونکە تاکە هێزە کە بتوانێت کوردستان لە هێرش و پەلامارەکانی داگیرکەران بپاریزێت."
بەرخودانی گەریلا ڕێگرە لە داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوور
سۆران سەردار ووتیشی: "ئەو بەرخۆدانەی کە ئێستا گەریلا ئازادەکانی کوردستان ئەنجامی دەدات لەسەر چیاکانی کوردستان تەنها ڕێگرە لە داگیرکردنی تەواوی خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە."
تورکیا بەبیانوی لەناوبردنی هێزێکی کوردی هاتووە بۆ داگیرکردنی باشوور
هەڵگورد عەبدولکەردیم هاووڵاتییەکی دیکەی شاری کەرکوکە و سەبارەت بەهێرشە داگیرکارەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "لە ٢٣ی نیسانی ڕابردووەوە هێرشێکی بەرفراوانی داگیرکەری لە ٢٣ی نیسانەوە دەستپێکردووە بۆسەر ناوچەکانی زاب و ئاڤاشین و چیای مەتینا، تورکیا لە ناوبردنی هێزێکی کوردی کردووە بە بیانوو بۆ هاتنە خاکی باشووری کوردستان، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانج لەم ئۆپراسێۆنە داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستانە نەک لەناوبردنی هێزێک."
گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ و کەرکوک بۆسەر تورکیا
هەروەها ناوبراو ووتیشی: "هەمووان دەزانن دەوڵەتی فاشیستیی تورک لەم هێرشانەیدا هەوڵی زیندووکردنەوەی پەیماننامەی میللی دەدات، کە ئەویش گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ و کەرکوکە بۆسەر تورکیا. ئێمەش وەکو هاووڵاتیانی کەرکوک درک بەو مەترسییانە دەکەین و پشتیوانی تەواوی هێزەکانی گەریلا دەکەین، چونکە هێزی گەریلا تەنها سەنگەری بەرگرییە لە دژی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان."
حزبەکانی باشووری بێدەنگیان هەڵبژاردووە و پشتیوانی دوژمن دەکەن
لەکۆتایدا هەڵگورد عەبدولکەریم ووتیشی: "تورکیا لە هێرشە نامرۆڤایەتییەکانیدا هەموو چەکێکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە لە نێوایشیاندا چەکی کیمیایی، سەرەڕای تەواوی پێشێلکارییەکانی تورکیا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تەنانەت حزبەکانی باشووری کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بۆیە دەبێت ئێمە وەکو تاکی کورد درک بە مەترسی و ئامانجی دەوڵەتی فاشیستیی تورک بکەین. داوا لەو لایەنە کوردییەکان دەکەین پشتیوانیی دوژمنانی گەلەکەمان نەکەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگای کوردایەتی و واز لە بەرژەوەندیی حزبی بهێنن."
ژ.ت