هه‌په‌گه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و گه‌ریلایه‌یی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ گارزان شه‌هید بوو

هه‌په‌گه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و گه‌ریلایه‌یی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ گارزان شه‌هید بوو و ڕایگه‌یاند، "به‌رخۆدانی ٢٦ ڕۆژی كۆتایی ئه‌و، یه‌كێكه‌ له‌ گیانبازییه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی ناو مێژوو".

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌ له‌باره‌ی ئه‌و گه‌ریلایه‌یی له‌ گارزان شه‌هید بوو ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌:

"سوپای داگیركه‌ری تورك، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانی هیزان له‌ گارزان ئۆپه‌راسیۆنێكی ده‌ستپێكرد. له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هه‌زاران سه‌رباز و كۆنترا، ته‌كنه‌لۆژیای به‌رده‌ستی، فرۆكه‌ی شه‌ڕ و هه‌لیكۆپته‌ر و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی به‌كارهێنا و رۆژانه‌ گۆڕه‌پانی هیزانی بۆردومان كرد. له‌ ده‌یان گوند قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ڕاگه‌یاند و به‌ترس و توقینێكی زۆره‌وه‌ هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی له‌و ناوچه‌یه‌ ببینیایه‌ بۆردومانی ده‌كرد. هێرشه‌كانی سوپای تورك كه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك بێ وچان له‌ گارزكان ئه‌نجام درا، جارێكی دیكه‌ ده‌ریخست، كه‌ دوژمن چه‌نده‌ له‌ گه‌ریلاكانی ئازای كوردستان ده‌ترسێت.

گروپێك له‌ هه‌ڤاڵانمان نزیكه‌ی مانگێك له‌ به‌رامبه‌ر هێرش و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دوژمن خۆراگریان كرد و سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك له‌ به‌رامبه‌ر سوپای تورك شه‌ڕیشیان كرد،  هه‌موو هێرشه‌كانیان پۆچه‌ڵكرده‌وه‌. هاوڕێمان ڕێدوور له‌و قۆناغه‌دا له‌ شه‌ڕێكدا له‌ دژی دوژمن بریندار بوو. به‌ڵام به‌ پێداگیرییه‌كی زۆره‌وه‌ تێكۆشا، هه‌رگیز سڵی نه‌كرده‌وه‌ و له‌ دوایین شه‌ڕ له‌ دژی دوژمن قاره‌مانانه‌ خۆڕاگری كرد. دوژمنی ترسه‌نۆك نه‌یتوانی له‌به‌رامبه‌ر گه‌ریلا شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ بكات. له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی قورسی دوژمن، هاوڕێمان ڕێدوور ڕۆژی ٢٧ی ته‌مووز شه‌هید بوو.

هه‌موو ژیانی تێكۆشانی هاورێمان ڕێدوور و به‌رخۆدانی ٢٦ ڕۆژی كۆتایی ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ گیانبازییه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی ناو مێژوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ هه‌زاران سه‌رباز، ده‌یان فرۆكه‌ی شه‌ڕ، هه‌لیكۆپته‌ر و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هێرشی كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و بوێری و ئازایه‌تییه‌ی هاوڕێ قاره‌مانه‌كانمان گرتیانه‌به‌ر، به‌رخۆدانه‌كه‌یان چووه‌ نێو مێژووه‌وه‌. گه‌له‌كه‌مان هه‌رگیز ئه‌م قاره‌مانانه‌ی گه‌ل له‌بیر ناكه‌ن، كه‌ به‌رخۆدانێكی زۆر واتادار و به‌نرخیان ئه‌نجامدا. هه‌میشه‌ ئه‌م جه‌نگاوه‌ره‌ گیانبازانه‌ كه‌ چوونه‌ نێو دڵی گه‌لی وڵاتپارێزی كوردستان، له‌ یادماندا ده‌مێننه‌وه‌.

زانیاری له‌باره‌ی ناسنامه‌ی هاوڕێمان ڕێدوور سیسه‌ر به‌مجۆره‌یه‌:

ناسناو: ڕێدوور سیسه‌ر          

ناو و پاشناو: گوڤه‌ن ئۆزجان

شوێنی له‌دایكبوون: به‌دلیس

ناوی دایك و باوك: گوڵحه‌یات-سه‌بری

كات و شوێنی شه‌هیدبوون: ٢٧ی ته‌مووزی ٢٠٢٣/ گارزان

ژ.ن