هێمن مامەند: "دوارۆژێکی تاریک چاوەڕوانی بنەماڵەی بارزانییە"

هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوان: "دوژمن و داگیرکەر، بنەماڵەی بارزانی ئەرکدار کردووە کە دۆزی ڕەوای کورد ناشرین بکەن و لەناویی بەرن."

هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر؛ لە شەوی ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٠ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی هێمن مامەند، بەبێ بڕیار و بەڵگەى دادگا ڕفاندیان، سەرباری هەموو گوشار و ناڕەزایەتىیەکان تاوەکو رۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٢٠ لە زینداندا راگیرا، هێمن مامەند یەکێکە لە رۆژنامەنووسە دیارەکانى شاری هەولێر و کوردستان، ساڵانى پێشتریش چەند جارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، یان گوشاری خرابووە سەر. دەسەڵاتی پەدەکە: لە پارێزگاری هەولێرەوە بۆ پۆلیسی هەولێر و لەوانەشەوە بۆ سەرۆکایەتیى حکومەتى هەرێم کەوتنە دژایەتیکردنی ئەو رۆژنامەنووسە، چونکە لە دەرەوەى حیزب و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە کاری دەکرد.

سەبارەت بە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و دۆخی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە، هەروەها ئەو ئەشکەنجە و ئازارە و ستەمەی لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە بەرامبەریان ئەنجام دراوە، لەسەر هەڵوێستیان دژبە داگیرکاری و بەرتەسک کردنەوەی ئازدییەکان لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە. هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی، لە چاوپیکەوتنیکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

هێمن مامەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مەدەنی کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە کاری رۆژنانووسی لە رۆژنامە، گۆڤار، ماڵپەر و ڕادیۆ دەکات، ناوبراو لەسەرەتا چاوپێکەوتنەکەدا بە ناساندنی خۆی دەستی پێکرد.

بەهۆی داگیرکردنی هەولێر ناچارکراوم شارەکەم بەجێبهێلم

چالاکوان بەهۆی دۆخی سیاسی و داگیرکردنی شارەکەی لەلایەن پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ناچارکراوە هەولێر بەجێبهێلێت، و ووتی: "من خەڵکی هەولێرم و باو باپیران و دایکم خەڵکی هەولێرن، بەڵام چوار ساڵە بەهۆی بارودۆخی سیاسی و بەهۆی داگیرکردنی هەولێر لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە شاری سلێمانی دەژیم و ناچار کراوم هەولیر بەجێبهێلم، هەڕەشە و دەستگیرکردنەکانی سەر من و ئازارەکانم کە لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و ئەوانەی کە لە هاوکاری ماڵی بارزانین زۆر زۆرن دەیان جار دەستگیرکراوین لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن هێزێکی ئەمنی پەدەکە ڕفێندراوم وە لە ساڵی ٢٠١٩ ماوەی هەفتەیەک لەسەر سکاڵای مەتین بارزانی برازای نێچیرڤان بارزانی دەستگیر کراوم کە دواتر لەسەر ئەم کەیسە بە شێوەی غیابی دوو ساڵ حوکم دراوم."

بەهۆی پشتیوانیکردنیان، پەدەکە هاوڕێ و دۆستەکانمی ئازار داوە

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەردەوامی پێشەڵکارییەکانی بەرامبەری کە لەلایەن پەدەکە و بنەماڵەی بارزانییەوە ئەنجام دراوە، هێمن مامەند ووتیشی: "لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی دوو مانگ لە زیندانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بووم، ١٢ دۆسیەم هەیە کە لە لایەن خودی مەسرور بارزانی و داواکاری گشتی ئەنجومەنی دادوەری هەولێر و بنەماڵەی بارزانی، چەندین سکاڵای تر لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە لەسەرم تۆمارکراوە دوو کەیسم یەکلابۆتەوە بە غیابی چوار ساڵ حوکم دراوم هەروەها سزایەکی ماددیی زۆرم داوە. پێنج کەسی کە هاوڕێ و دۆستی خۆمن وەکو فەرمانبار و پارێزەر بوونەتە کەفیلی دۆسییەکانم بەو شێوە ئەوانیش ئازاری زۆریان بینیوە وە باجێکی مادەی زۆرم داوە. ماوەیی چوار ساڵە ناتوانم بگەڕێمەوە شاری هەولێر کە شاری باو باپیران و شاری یادگاری منداڵیمە."

وەکو هەرێمێکی تورکیا مامەڵە لەگەڵ هەولێر و بادینان دەکرێت

مامەند لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دڕندەیی، دەستگیرکردن و ڕەشبگیرییەکانی پەدەکەی کرد و ئاشکرای کرد: " لە ساڵی ٢٠٢٠ کاتژمێر ٩ی شەو هێزێکی زۆری ئەمنی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەم، لەوکاتەدا بۆماوەی ١٠ رۆژ دەستگیرکرام. دوای ئازادکردنم لە چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، دووپاتم کردەوە بەردەوام دەبم لە بەرخودان دژی نادادی و زوڵم و ستەم دەوەستمەوە، بەم هۆیەوەش دوای تەنها ٢٥ کاتژمێر دوای ئەم چاوپێکەوتنەم کاتژمێر ١:٣٥ بەری بەیانی هێزێکی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵم، لەکاتێکدا بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ماوەی پێنج ساڵە 'نابێت بەهیچ شێوەیەک دوای ڕۆژئاوا بوون هەڵبکوترێتە سەر ماڵی تۆمەتباران' لەکاتێکدا من رۆژنامەنووس و چالاکوانم، ئەوەی هەرگیز لەبیرم ناچێت لەکاتی هەڵکوتانە سەرمدا ئازاری دایکیا دام، دەستی دایکم عەزێتی پێگەیشت و تا ئیستا دایکم بەدەست ئازاری دەستییەوە دەناڵێنێت، لەئیستاشدا بەهۆی داگیرکردنی شارەکەم ناتوانم بگەڕێمەوە چونکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەکو شارێکی تورکی تەمەشای هەولێر و بادینان دەکات."

بنەماڵەی بارزانی بوون بە چاوساغی دوژمنان

هەروەها ئەو رۆژنامەنووس، پێناسەیەکی بنەماڵی بارزانی کرد و وتی: "لای هەمووان ئاشکرایە بنەمالەی بارزانی بنەماڵەیەکی خێڵەکیین، باوەڕیان بە دیموکراسی و پرەنسیپەکانی ئازادی نیە، بۆیە بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی مێژوو لەبەرئەوەی دوژمن دایناون لە دەسەڵاتدا و بەخۆسەپێنی هاتوونەتە سەر دەسەڵات، دوژمن و داگیرکەر ئەو بنەماڵەیەی ئەرکدار کردووە کە دۆزی ڕەوای کورد ناشرین بکەن و لەناوی بەرن. هەرچەندە خێڵەکانی کورد کۆمەڵێک پرەنسیبی جوانی هەیە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی هیچ پێناسەیەک هەڵناگرن چونکە نەدکتاتۆرن، نەفیوداڵیزمن، نە ناسوینالیستن و نەمارکسیین. بۆیە بنەماڵەی بارزانی هیچ پێناسەیەک هەڵناگرن، تەنها ئەرکی ئەوان ئەرکی دوژمن جێبەجێ دەکەن و خزمەتکاری دوژمنن و ئەرکدارکراون بەوەی دۆزی کورد لەناوبەرن و ناشرینی بکەن."

بنەماڵەی بارزانی سەدان چالاکوان و کەسایەتی شەهید کردووە

ئەو رۆژنامەنووسە باسی مێژووی کۆمەڵکوژییەکانی بنەماڵی بارزانی کرد و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی مێژوو دەیان کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، لەوانەش شەهیدکردنی (فاخیر مێرگەسوری، بنەماڵەکانی حەمەد ئاغا) هەروەها کۆمەڵکوژکردنی شەهیدانی گۆڤاری ووڵات لە ساڵی ١٩٩٧کە تائیستا تەرمی پیرۆزی ئەم شەهیدە رۆژنامەنووسانە دیارنین. لەدوای ساڵانی نەوەتەکانیش شەهیدکردنی رەئوف ئاکرێی، پارێزەر نوری لانەکەلی، زەردەشت عوسمان، سۆرانی مامەحەمە، وەدات حوسێن، شوکری ڕێکانی و زۆری دیکە بەدەستی بنەماڵەی بارزانی شەهید کراون، بەپی داتایەک لە ساڵانی نەوەتەکانەوە تائیستا زیاتر لە ٣٠٠ رۆژنامەنووس و چالاکوان و پارێزەر لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە شەهید کراون."

بنەماڵەی بارزانی کەسە نزیکەکانی خۆشیان لەناوبردووە

هەروەها هێمن مامەند تیشکی خستەسەر سەر مەترسی بنەماڵەی بارزانی لە لەناوبردنی هەر کەسێک کە وەکو ئەوان بیرنەکاتەوە و تەنانەت لەناوبردنی کەسە نزیکەکانیشیان، و وتی: "بەدرێژایی مێژوو بنەماڵەی بارزانی هەمیشە ناکۆک بوون لەگەڵ ئەوانەی وەکو ئەوان بیریان نەکردەۆتەوە. بۆ نموونە لەگەڵ کەسانی بنەماڵەکەی خۆیان لەگەڵ عەبدولمسەور بارزانی لەگەڵ ئەیوب بارزانی و لەئێستاشدا دا ئەدهەم بارزانیش ناوچەکەی جێهێشتووە ئەویش ناتوانێت بگەڕێتەوە لای کەس و کارەکەی و لە سلێمانی دەژی. وەکو لای هەمووان ئاشکرایە لەئێستادا ڕۆژانە لە مێرگەسور و ناوچەی بلە و بارزان، کوڕەکەی مەسعود بارزانی کە ناوی مستەفایە ڕەشبگیری دەکات شەوانە دەیان کەس دەستگیر دەکات. بینیمان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەوکەت حەسکۆ بەرپرسی پاسەوانەکانی نێچیرڤان بارزانی دوای دوو ساڵ زیندانی کردن لە برسا کوشتیان، واتا ئەوان وەفایان بۆ کەس نییە و هەر کەسێک وەکو ئەوان بیر نەکاتەوە تیرۆری دەکەن و لەناوی دەبەن."

لەسەرتاسەری عێراق تەنها لە زیندانەکانی پەدەکە رۆژنامەنووسی زیندانی کراو هەیە

هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوان، باسی خراپی دۆخی رۆژنامەنووسانی کرد لە ناوچەکانی پەدەکە و ڕایگەیاند: "لە ئێستاشدا دەبینین لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆی ١٨ پارێزگادا بەداخەوە چوار ڕۆژنامەنووس لە زیندانن ئەوانیش هاوپێشەمان (سلێمان ئەحمەد، شێروان شێروانی، گۆهەدار زێباری و قارەمان شوکری) لە زیندانی پەدەکەن. هەروەها دەیان رۆژنامەنووسی تریش ئاوارە و دەربەدەربوون، ئەمە جگە لە گەنجانی شیلادزێ کە بەپێی ڕاپرسێک لە ترسی هەڕەشە و ڕەشبگیرییەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکی و بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە، زیاتر ٨٠٪ی گەنجان ناوچەکەی خۆیان جێهێشتووە."

بنەماڵەی بارزانی ناتوانن دەنگی ناڕازی کپ بکەن

ڕۆژنامەنووس لە بەردەوامه قسەکانیدا وتی: "چونکە بنەماڵەی بارزانی هیچ پێناسەیەک هەڵناگرن بۆیە دەیانەوێت بەم حکومڕانییە شکستخواردوەیان خەڵکی بێدەنگ بن، سەردەشت عوسمانیان شەهید کرد وایانزانی خەڵک بێدەنگ دەبێ، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە سەدان سەردەشت عوسمان هەیە، ویستیان شیلادزێ کپ بکەنەوە بەڵام ئێستا دەیان گەنجی تر لە کوردستان و ئەوروپا دەنگی ناڕازین، بنەماڵەی بارزانی ئەمەیان بۆناچێتە سەر ئەو کپ و بێدەنگیەی هەولێر و بادینان ڕۆژێک دەتەقێتەوە بەسەر بنەماڵەی بارزانیدا."

دواڕۆژێکی تاریک چاوەڕوانی بنەماڵەی بارزانییە

سەبارەت بە فشارەکانی ئازادیخوازان بۆسەر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەدا: "خۆشبەختانە ئێستا چالاکوانانی ئەوڕوپا و لەنێوانیشیاندا (مەکی ئامێدی، قادرنادر) و هەڤاڵانی دیکە دۆسەیەکی زۆر باشیان لە ئەستۆ گرتووە کە ٣٣٢ لاپەڕە لەخۆ دەگرێت کە ٢٥ سکاڵایە و لە دادگای ئەمریکا لە سەریان تۆمارکراوە، ئەم سکاڵایانە بنەماڵەی بارزانی زۆر نیگەران کردووە چونکە دەزانن کە دواڕۆژێکی تاریک لە پێشیانە، ئەوان ئیتر ناتوانن دەنگی ئازادی کپ بکەن."

مەسرور بارزانی تیرۆرستە

هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوان، ئاماژەی بەوەشدا کە مەسرور بارزانی تیرۆرستە و دەستی لە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووساندا هەیە و ووتی: "خۆشبەختانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەل هاوڕێی و هەڤاڵام شێروان شێراونی پەیوەندی پێوەکردم بەوپەڕی ورەو ئیرداەوە بەوپەڕی خۆڕاگرییەوە قسەی دەکرد لە نێو زینداندا باسی ئەوەی کرد کە مەسرور بارزانی تیرۆرستە دەیگووت دەیان جار لە زیندان هاوار دەکەم دەڵێم مەسرور بارزانی تیرۆرستە، بەڵێ مەسرور بارزانی تیرۆرستە و تاوانبارە بە تیرۆرکردنی هاوڕێ و هاوپیشەمان سەردەشت عوسمان".

دەزگای پاراستن لەخزمەتی داگیرکەر و بنەماڵەی بارزانی بووە

هەروەها ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە ووتیشی: "ئێمە پێشبینیمان کردبوو کە لەم کابینەیەدا کابینەیەکی پۆلیسی دەبێت و ئەو تروسکایەی بۆ دەنگە ئازادی و ئومێدەی هەبوو ئەوەش نامێنێ لەبەرئەوەی مەسرور بارزانی کە کوڕی مەسعود بارزانییە ئەوانیش باوەڕییان بە ئازادی نییە و لە دەزگایەکی ئەمنی هەوڵگری هاتووە کە ئەویش دەزگای ئاژانسی پاراستنە، کە ئەم ئاژانسە ئاژانسێکی حیزبییە و بەهیچ شێوەیەک لەخزمەتی خەڵکی کوردستانی نەبووە و بەڵکو لە خزمەت داگیرکەر و بنەماڵەکەی خۆی دایە".

لە سنوری دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی هیچ ئازادییەک نەماوە

هەروەها ناوبراو باسی لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش کرد کەتیدا باس لە نەمانی ئازادی دەکەن لەسایەی حوکمڕانی بنەماڵەی بارزانی و ڕایگەیاند: "ئێمە پێشبینیمان کردبوو کە مەسرور بارزانی بێتە سەر دەسەڵات ئەوە دەنگی ئازادی کپ دەبێت بەداخەوەش هەروا دەرچوو، ئێستا بەپێی "ڕاپۆرتی ئەمنیستی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتی یونامی، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاپۆرتی هاوس بەریتانی، ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ" وە بەدەیان ڕاپۆرتی دیکە ئاشکرایان کردووە کە لەم کابینەیەدا ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سفر، وە هەولێر و بادینان شوێنێکی ئارام نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان هەموو ئەمانە بە ڕاپۆرت و بەڵگەی دروست پێمان دەڵێن کە بە داخەوە لەم کابینەدا ئازادی ڕادەبڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری بەتایبەتی لە سنوری بنەماڵەی بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سفر و هیچ تروسکەیەکی ئازادیی نەماوە".

دەبێت بنەماڵەی بارزانی باجی هەموو تاوانەکانیان بدەن

هەروەها هێمن مامەند، باسی نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی بنەماڵەی بارزانی کرد دوای ئەوەی کە دوژمن و داگیرکەر کاری پیان نەماوە و ووتی: "بنەماڵەی بارزانی بە دەنگی خەڵک نەهاتوونەتە و بە دیموکراسی نەهاتوونە سەر کورسی دەسەڵات ئەوان دوژمن دایناون و ئەرکداری کردووە کە کورد لەکدار بکەن و دۆزی کورد ناشرین بکەن، خۆشبەخاتەن لەئیستادا دوژمن کاری بە بنەماڵەی بارزانی نەماوە بۆیە بانکەکانیان بلۆک دەکات و چارەنووسانیان هەمان چارەنووسی قەزافی و سەدام حوسێن و دکتاتۆرە لەناوچووەکانی دیکە دەچێت کە دوژمن و داگیرکەر کاری پێیان نەما پارەکانیان بلۆک دەکات و لایان دەدات لەدەسەڵات، وە ئێستاش بنەماڵەی بارزانی لەناوخۆیان زۆر تاکۆکن و باش دەزانن کە ڕۆژانێکی ڕەش چاوەڕێیان دەکات دەبێ باجی هەموو ئەم تاوانانە بدەن کوشتن، تاڵانکردنی سامانی وڵات، هێنانی داگیرکەر و بنیادنانی ٨٤ بنکەو سەربازگەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسایەی بنەماڵەی بارزانی لەئێستادا لەنێو خاکی کوردستان لە هەولێر و بادینان بنکەیان هەیە".

"قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە"

ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە باسی لە بێکاریگەری زیندانیکردن کرد لەسەر ئازادیخوازان و ڕایگەیاند: "قانعی شاعیر دەڵێت "قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە"، ئێمە نموونەمان زۆرە بەڕێز ڕێبەر ئۆجەلان ٢٥ ساڵە لە زیندانە بەڵام ئەو توانی لە زیندان ١٠ هەزار لاپەڕە بنووسێ و توانی پێنج بەرگ مانەفێست و بەرگری نامەی نووسی و لە زیندان دروشمی "ژن ژیانە ئازادی" لە ساڵی ٢٠١٣باس کرد وە لە ٢٠٢٢ دوای نۆ ساڵ دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمڕۆ لە هەموو و جیهان بە زمانە جیاوازەکان شانازی دەکەن بەدروشمی "ژن ژیان ئازادی"."

لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموومان ئازاد دەبین

هەروەها ناوبراو بە گەشبینییەوە باسی قۆناغی داوای نەمانی بنەماڵەی بارزانی کرد و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی بارزانی کە ئێستادا زیندانێکی گەورەیان دروستکردووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، هەر وەکو شێروان شێروانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا بەمنی ووت 'هیچ ئارەزوویەکم نییە بێمە دەرەوەی زیندان چونکە من بە فکر ئازادم، دەرەوە زیندانێکی گەورەیە"، ئەم زیندانە گەورەیەی بنەماڵەی بارزانی بەهاوکاری دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا دروستی کردووە نامێنێت".

کاردەکەین لەپێناو بڕینی دەستی داگیرکەر لە خاکەکەمان

لە کۆتایی قسەکانیدا، هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "هەمیشە زیندان جێگای قارەمان و جێگای هەموو ئەوانەیە کە جوان بیردەکەنەوە، بەدڵنیاییەوە هاوڕێ و هەڤاڵانم بەسەربەرزی و بە ئەزمونێکی تازە بە بەرخۆدانێکی مۆدێرنەتر لە زیندان دێنە دەرەوە و کار و خەباتی خۆمان دەکەین لەپێناو نەهێشتنی دەستی داگیرکەر لە خاکەکەمان و لە پێناو پێکەوە ژیانێکی جوان و کوردستانێکی جوان و ئازاد، دواجار ئازادی سەردەکەوێت".