'هەر دەنگێک بۆ دەم پارتی دەبێتە وەڵامێک لە دژی گۆشەگیری و شەڕی تایبەت"

لە کاندیدەکانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی فارقین قەدری ئەسەن رایگەیاند، "هەر دەنگێک کە لە بەرژەوەندی دەم پارتی دەخرێتە سندوقەکانەوە، بەرپەرچدانەوەی گۆشەگیری ئیمراڵی و سیاسەتی شەڕی تایبەتە لە کوردستان".

قەدری ئەسەن کاندیدی دەم پارتی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی فاریقین لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار، بە بیری هێنایەوە کە فارقین ناوچەیەکی دێرینە کە بە هەستیاربوونی لەسەر کولتور و زمانی کوردی دەناسرێت و وتی، جگە لە خوێندنگەکانی کولتور و زمان، ناوەندی کولتور و زمانیش دەکەنەوە؛ هەموو خزمەتگوزاریەکان بە زمانی کوردی دەبەن، بۆ ئەو دوکاندارانەشی کە تابلۆی کوردیان دەوێت، بۆیان ئامادە دەکەن.

 ئەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کوردستان شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت. لە دژی زمان، کولتور و هەبوونی ئێمە هێرشی گەورە لە ئارادایە. لە دژی ئەو هێرشانە دەم پارتی گەورەترین تێکۆشان بەڕێوەدەبات. دەم پارتی دەستەبەری ئازادی ژنان دەکات و هەوڵ دەدات یەکڕیزی کۆمەڵایەتی لە سەر بەستێن و بوارێکی دیموکراتیک بچەسپێنێت. هەربۆیە من لە فارقین خۆم کاندید کردووە. سوپاسی خەڵکی فارقین دەکەن کە لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ناوخۆییدا پەیامی یەکەمبوونیان پێدام".

ئەو کاندیدەی دەمپارتی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئاسەواری ئەو وێرانکاری و تاڵانکارییانە دەڕەوێنێتەوە لە دوای ٢٠١٥ەوە لە سەر دەستی دەوڵەت و قەیوم رووبەڕووی فارقین کراوەتەوە، هەروەها بەڵێنیدا کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارە بە جۆرێک لێبکات کە شیاوی ژیان بن. هەروەها هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە کاری هەرەوەزی و کۆمیناڵ و رەخساندنی هەلیکار بۆ ژنان، لە پاڵ خزمەکردنی کولتور و زمانی کوردی بەشێکی دیکە دەبن لە بەرنامەکانی.

لە کۆتاییشدا قەدری ئەسەن ئەوەی خستەڕوو، ئاکەپە لە ناوچەی فارقین هیچ بەختێکی نییە، هەر دەنگێک بدرێتە دەم پارتی دەبێتە گورزێک لە ئاکەپە و قەیوم. هەر ئەنجامێک کە لە سندووقەکانی دەنگدانەوە بێتە دەرەوە دەبێتە وەڵامێک بۆ گۆشەگیری لە ئیمراڵی. هەر دەنگێک بدرێت دەبێتە بەرپەرچێک بۆ ئەو شەڕە تایبەتەی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت. گەل بە رێگەی دەنگەکانی پەیامی ئەوە دەدات کە ئاکەپە و قەیومی ناوێت، هەروەها گەل لە رێگەی دەنگەکانیەوە داوا دەکات دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە. دەیسەلمێنین کە گەلەکەمان ناچار نییە بە قەبوڵکردنی سیاسەتی چەپەڵی ئەوان. گەلەکەمان دەبێت بە زانابوونەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان".

هـ . ب