دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:
"بە ئامانجی شەرمەزارکردنی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ساڵوەگەڕی پیلانگیڕی نێودەوڵەتی دژ بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، هاوشان بە ئەو هەڵمەتە جیهانیەی کە بۆ ئازادی بەڕێزیان دەستی پێکردووە، بڕیاربوو لە شاری سلێمانیش وەک زۆر لە شارەکانی کوردستان و جیهان ڕۆژی ١٥ی شوبات وەک هەموو ساڵانی تر، ئەو یادە بکەینەوە، بەڵام مەخابن ئەوەی کە گەلەکەمان چاوەڕێی نەدەکرد لە ئیدارە و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ڕویدا، ئەوێش ڕێگری بوو لە ئەنجامدانی چالاکییەک (کە لەم ڕۆژەدا لە هەموو شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچووە)، بە پێچەوانەی زۆر شوێنی تری دونیاوە، بە بڵاوەپیکردنی هێزێکی زۆر ڕیگریان لەگردبونەوەکە گرت، نەک هەر ڕێگری، بەڵکو دوور لە هەموو پرنسیپێکی دیموکراسی، چەندین ڕۆژنامەنوس هەرلەسەرەتاوە ناچار بەدورکەوتنەوە لە شەقامی سالم کران و دواتر زیاتر لە سی کەس دەستگیرکران، کە لەنێویاندا هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی بوون، لەگەڵ سێ ڕۆژنامەوان.
ئێمە لە کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان لە باشوری کوردستان؛ سەرەڕای تێگەشتنمان لە بارودۆخی سیاسی و هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەسەر ئیدارە و خەڵکی سلێمانی، بەڵام ئەوە دەخەینە ڕوو، ئەگەر تورکیا بیانووی فشارەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی بێت، ئەوا بەئیرادەیەکی شۆڕشگێڕییەوە ئەوە بەدەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان دەڵێین کە هەر کەس و لایەنیک بڕواتە چوارچێوەی دژایەتی هەڵمەتی ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجالان ئەوا بەدڵنیاییەوە پێشێلی پرینسیپی ئەخلاقیی نەتەوەیی دەکات، ئەویش بەشداری و چوونە ناو درێژەی ئەو پیلانگێڕێیە کە دژ بە بزوتنەوی ئازادیی خوازی باکور و سەرکردەکەی دەکرێت، جا هەر لایەنێک لەو پرسەدا هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بێت، دوێنێ بێت یان ئەمڕۆ یان لە ئایندەدا، میژووی نیشتیمانی و نەتەوەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە،
لە کۆتایدا ئەوە دووپات دەکەینە ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری پرسی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان نزیکتر دەکاتەوە".