هێرشی سەر زمانی کورد لە مەخمور شەرمەزارکرا

کۆمیتەی پەروەردەی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور)، بە بۆنەی ٢١ ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، هێرشەکانی سەر زمانی کوردی شەرمەزار کرد.

کەرتی پەروەردەی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە کۆبوونەوەی هەموو خوێندکاران و مامۆستایان و خەڵکی کەمپەکە لە ئامادەیی شەهید کۆچەرین بە خولەکێک ڕێزگرتن لە تەواوی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەستی پێ کرد، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن خوێندکارێک بە ناوی زەنورا بابات خوێنرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"ئەم ڕۆژە بەخوێنی چەندین شەهید و بەرخۆدانی گەلێکی بەرخۆدەر ئافرێنرا، لە ٢١ـی شوباتی ١٩٩٩ لەلایەن یونسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بە بڕیارێک پەسەند کرا، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە هەموو جیهاندا بە ئامانجی پشتگیریکردنی فرە چاندی، فرە زمانی پیرۆزکرا، بەڵام بەداخەوە دوای ئەم بڕیارە، هەرچەندە ٢٤ ساڵ تێپەڕیوە، هێشتا هەندێک لە وڵاتان ئەم بڕیارە پەیڕەو ناکەن و دەبنە بەربەست لەبەردەم فرە زمانی و فرە چاندی و یەک بە یەک زمانی پێکهاتەکان لەناو دەبەن، ئەو زمانانەی، کە زوو لەدەست دەچن، زمانی نەتەوە بندەستەکانن و مافی بەکارهێنانی زمانەکەیان لە بوارەکانی ژیان و پەروەردەدا پێنادرێت.

بەگوێرەی لێدوانی یونسکۆ، هەفتانە دوو زمان لە لێواری لەناوچووندان، هێشتا هەندێک وڵاتی وەک تورکیا زمانی خۆیان بەسەر پێکهاتەکانی ناو خۆیاندا دەسەپێنن، هەوڵی لەناوبردنی زمان و چاندەکانی دیکە دەدەن، بەپێی داتا فەرمییەکان، کوردەکان بەهۆی قسەکردن بە زمانی خۆیان چەندین جار سزا دراون، هەندێ جار، لەبەر ئەوەی گوێیان لە گۆرانی کوردی گرتووە دەسەڵاتدارانی تورک کوشتوویانن، لە باکووری کوردستان ناوی زۆربەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون گۆڕدراون، زمانی کوردی کە دوای دامەزرانی کۆمار کەوتە بەر هێرش، دوای بەرخۆدانی ئازادیخوازان و کوردە وڵاتپارێزەکان لە ساڵانی نەوەتەکاندا، ڕێگەی پێدرا بە زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دوای هاتنی دیکتاتۆری گەورە ئەردۆگان بۆ ماوەیەک، بەتایبەت دوای ئەو کودەتایە سەربازییەی کە بە پلانەکەی ئەردۆگان ڕوویدا، جارێکی تر هەموو کارەکان لەسەر زمانی کوردی قەدەغە کران و ڕۆژنامە و گۆڤار و قوتابخانە کوردیەکان داخران، تەنانەت ئینستیتیوتی کوردی لە ئیستەنبوڵ کە لە کاتی تاریکترین قۆناغەکانی ڕژێمی تورکیادا دروستکرا و کاری پێکرا، لەلایەن ڕژێمی ئەردۆگانەوە داخرا، هەروەها ناو و پەیکەری نووسەرانی کورد وەک ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران قەدەغە کرا و لابرا، بەداخەوە بێدەنگییەکی گەورە لەبەرامبەر ئەم کردەوانەدا هەیە.

بۆ ئەمەش داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین و دەڵێین؛ "نابێت لە بەرامبەر دڕندەیی و سەرکوتی دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆگان بێدەنگ ببن". هەروەها بانگەواز لە گەلی کورد و گەلانی بە شەرەف دەکەین، ئەگەر ناتانەوێت خۆتانا و زمانەکەتان لەناوبچن، دەبێت وەک گەلێک دژی ئەم ستەمە بوەستن، وەک چۆن گەلی بەنگلادیش دژی قەدەغەکردنی زمانەکەیان وەستانەوە و بە بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی پاکستان زمانەکەیان پەسەند کرد، ئێمەش دەبێت بەرەنگاری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ببینەوە و زمان و مافەکانمانیان پێ پەسەند بکەین".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی زمانی دایک" کۆتایی هات.