هەڕەشەی جددی لەسەر ٦٥ زیندانی بادینان هەیە

تۆڕی بەرگریکردن لە ئازادییەکان و مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ٦٥ زیندانی بادینان هەیە کە لە گرتوخانەی گەورانی هەولێر دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

دوای ئەوەی  ژمارەیەک لە زیندانیانی بادینان لە ڕۆژی ١٩ی مانگی رابردوەوە بە دروشمی “یان ئازادی یان مردن” دەستیان بە مانگرتنێکی کراوە کرد لە ئێستدا دۆخی ژیانیان بەرەو مەترسی دەڕوات و بەهۆیەوە کاردانەوەی ڕیکخراو ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتوتەوە.

تۆڕی بەرگریکردن لە ئازادییەکان و مافی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی ئاراستەی رۆژ نیوز کراوە دەڵێت: زیندانییەکان مەترسییەکی زۆر جدی لەسەر ژیانیان هەیە . بەڵام سەرەڕایی ئەوەش ڕۆژانە ژمارەی مانگرتووان لەخواردن لەزیادبووندایە و لەئێستادا ژمارەیان گەیشتووەتە ٦٥ زیندانی کەمانگریان  لەخواردن خواردنەوە دەستپێکردووە

 دەشڵێت: بۆ هەمووان ئاشکرایە کە ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە بەپێی بنەماکانی ماف و ئازادی ڕادەربڕین بەناحەقی زیندانیکراون و سزادراون و مافی مەدەنییان پێشێلکراوە و بەشێوەیەکی نایاسایی و نادیموکراتیانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە .

داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراو و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، هاوکاری ئەو بەندکراوانە بکەن دەشڵێت: ئاشکرایە گرتن و سزادانی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە بەندکراوانە پێشێلکاریەکی زەقی یاساکانی هەرێم و عێراق و جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە کە هەمویان دەبێتە هۆی لاوازکردنی پرۆسەی دێموکراسی هەرێمی کوردستان.

وتوشیەتی: پێویستە بەزوترین کات فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە بگەڕێنەوە سەر پرۆسەی دێموکراسی و ڕێگە بدەن دەسەڵاتی دادوەری و دادگا سەربەخۆ بن و یاسا پاراستنی سەروەری خۆی لە دەست نەدات.

ف.ق