حەسەن بارام: عێراق سەروەریی لەدەستداوە و بە ئاشکرا خاکی داگیر دەکرێت
حەسەن بارام چاودێری سیاسی دەڵێت: "ئەو دابەش بوونەی لە عیراقدا هەیە ڕێگرە لەوەی، کە پێش لە هەڕەشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بگرن".
حەسەن بارام چاودێری سیاسی دەڵێت: "ئەو دابەش بوونەی لە عیراقدا هەیە ڕێگرە لەوەی، کە پێش لە هەڕەشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بگرن".
كێشەی حوكمڕانێتی لە عێراقدا لەوە بەدی دەكرێت، كە چەمكی سەروەری حوكمڕانی لە عێراق و كوردستاندا مانا عەقڵانیەكانی خۆیان لەدەست داوە و ڕەهەندێكی لۆكاڵی و جوگرافی و ئەتنی تایفیان وەرگرتووە، دۆخی عێراقیش لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو زۆر ئاڵۆز بووە بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشبوونی لایەنەکان لەسەر دوو بەرە و دەستێوەردانی لایەنە نیودەوڵەتی و هەرێمییەکان لە پرۆسەی سیاسی عێراق.
لە دوای ئەوەی پێرێ دەنگدان لەسەر سەرۆک کۆمار ئەنجامدرا و دکتۆر لەتیف ڕەشید وەکو سەرۆکی نوێ هەڵبژێردرا و سەرۆکی نوێ عێراقیش، محەمەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد، هەروەها دکتۆر لەتیف ڕەشید دوای دیاری کردنی وەکو سەرۆکی نوێی کۆماری عێراق بەڵێنی دا کە سەرەوەری عێراق بپارێزێت.
لەلای خۆیەوە حەسەن بارام نووسەر و چاودێری سیاسی دیاری باشوری کوردستان، سەبارەت بەدۆخی عێراق و بەردەوامی هێرش و پێشێلکارییەکانی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا بۆسەر خاکی عێراق و باشوری کوردستان و هەروەها دەستێوەردانی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
مێژووە پڕ لە ململانێی عێراق ڕەنگی لەسەر ئیستای عێراقیش داوەتەوە
حەسەن بارام نووسەر و چاودێری سیاسی سەبارەت بە مێژووی ململانێی سیاسی لە عێراق ووتی: " دۆخی عێراق و بەردەوامی ململانێ لەسەر خاکی عێڕاق بەرەنجامی ئەو ناکۆکی و جیاوازییەیە کە لەمێژووی عێراقدا هەیە، ئەو مێژووە پڕ لە ململانێی عێراق ڕەنگی لەسەر ئیستای عێراقیش داوەتەوە ئەمەش جگە لەکاریگەری فشار و پاڵەپەستوی وولاتانی زلهێز و هەرێمی ناوچەکە بۆسەر عێراق، سەرەڕای بوونی ئەو جیاوازییە ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەی لە عێراق هەیە هەموو ڕەنگیداوەتەوە لەسەر پڕۆسەی سیاسی ووڵات کە پۆرسەی سیاسی عێراقی گەیندبووە جۆرێک لە بنبەست".
هەروەها حەسەن بارام سەبارەت بە قۆناغی دوای دیاری کردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، ووتیشی: "بەو ئومێدەوەین کە سیاسیەکان لەم قۆناغەدا بتوانن ئاو بە ئاگری ململانێ و ناکۆکییەکان بهێنن، ڕاستی سیاسی عیراق ڕاستیەکە کە ئیرەی پێ نابردرێت، ململانیەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی توند و لەهەمان کاتدا دەستێوەردانە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک، کە لەئیستادا عێراق سەروەری و بنیادنانی دەوڵەتی تا ڕادەیەک لەدەستداوە".
پێویستە کورد بزانێت چۆن سیاسەت بکات
ئەو چاودێرە سیاسییە هۆشداریشی دا و ووتی: "عێراق لەبەردەم کۆمەڵیک پێشهات و ئەگەردایە، بۆیە گرنگە کە کورد یەکڕیزیی هەبێت و بزانێت لەنێو ئەو هەموو گەمە و ململانێیەدا چۆن ماڵی ڕێکبخات و سیاسەت بکات تا بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەک لەناوچەکە هەڵبژاردەیەکی هەبێت".
تورکیا بەشێک لە خاکی عێراقی داگیرکردووە
لە کۆتایدا سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان ئەو چاودێرە ووتی: "کێشە ئەوەیە عێراق هیچ سەروەرییەکی نەماوە بەشیوازێک، کە ووڵاتی ئێران هاتۆوتە ناو خاکی عێراق و تورکیاش بەشێکی خاکی عێراقی داگیرکردووە و ئەمریکاش ئاسمان و سەرزەوی عیراقی بەڕیوەدەبات، بەلایەنیکەمەوە ٣ ووڵاتی جیهانی و هەرێمی بە ئاشکرا بوونیان هەیە لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی عیراق دەوڵەتێکی لەرزۆکە و هاووڵاتیانیشی گریدراوی کیشە و ململانێی ناوخۆن ناتوانن ئەو ووڵاتانە دەربکەنە دەرەوە لەخاکی عێراق، چونکە ئەو دابەش بوونەی لە عیراقدا هەیە ڕێگرە لەوەێ، کە پێش لە هەڕەشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بگرن".
ژ.ت