هێڤی دێرک: تێکۆشانی ژنان ئازادی کۆمەڵگا مسۆگەر دەکات

هێڤی دێرک ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) رایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆمەلگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بتوانێت خۆی لە سیستمی دەسەڵاتدار و قڕکردن رزگار بکات و بەهاکانی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە هەڵوێستێکی رادیکال بە پێشەنگایەتی ژن هەیە.

هێڤی دێرک پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی لەسەر ڕێبەری ئاپۆ شەرمەزار کرد و رایگەیاند، پیلانگێڕی گورزێک بوو کە لە دیموکراسی و هەموو گەلی کورد درا و وتی، "پیلانگێڕی ١٥ی شوبات لەدژی هەموو گەلی کورد و مرۆڤایەتی بوو. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە تەنها کەسێک نییە، بەڵکو بووەتە فەلسەفەی ژیانی ئازاد بۆ هەموو گەلان."

'رێبەری ئاپۆ بۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە هیوای رزگاری و ئازادی'

دێرک ئاماژەی بە هەڵوێستی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کرد و وتی، "لەناو گەلی کورددا لە چوار پارچەی کوردستان، گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان سەختیەکی زۆری بینی. بۆ ئازادیەکەی هەموو کاتێک هەوڵیدا. بەڵام بەداخەوە هەوڵدانەکان بە ئەنجام نەگەیشتن کە هەوڵی بۆدەدرا. بەوەش هیوای گەل نەما. بەڵام کاتێک ڕێبەری ئاپۆ دەستی بە تێکۆشان کرد، کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرێنرا، هەستی ڕاپەرین  و سەرهەڵدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکیتر گەش بوو. دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان هزر و رامانی رێبەری ئاپۆ ناسی و خاوەنداری لێکرد. زۆر کەس دەستگیرکران و شەهید بوون. ئەو هەڵوێست و نارەزاییەی گەل هەمووی بەهۆی ئەوەوە بوو کە رێبەر ئاپح بووە هیوای رزگاری و ئازادی و پێشکەتن. لە ئەنجامی پیلانگێڕیدا ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین کە بە دامەزراندنی پژاک، کەژار، کۆدار و هێزەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) وڵامێکی زۆر گەورە بە دوژمن درا. بەم هەنگاوانە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنداری لە هزر و فەلسەفەی ئازادی رێبەر ئاپح کرد و پیلانگێڕی پووچەڵ کردەوە."

'چالاکی هەڤاڵ ڤیان خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئاپۆ بوو'

بە بۆنەی ساڵیادی شەهادەتی ڤیان سۆران ئەندامی کۆمیتەی سەرلەنوێ دامەزراندنی پەکەکە، هێڤی دێرک ئەوەی خستەڕوو: "چالاکی هەڤاڵ ڤیان سۆران، زیندووکردنەوەی خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئاپۆ بوو. هەڤاڵ ڤیان سۆران لە نامەکەیدا وتبووی ' لەبیری مەکەن، مەهێڵن لەبیر بکرێت' ئەو قسانە پەیامێک بۆ ئێمە، گەلی کورد و دوژمن بوو. ئێمە هیچ کاتێک تێکۆشانەکەی لەبیر ناکەین، هەوڵدانی خۆمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لەبیرناکەین. رێبەر ئاپۆ لەبیر ناکرێت و ڕێگا نادەین لەبیربکرێت. بۆ ئەمەش ئەم هەنگاوەی کە بۆ ١٥ی شوبات بە دروشمی ' لەبیری مەکەن، مەهێڵن لەبیر بچێتەوە' وەک گەلی کورد و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین. لەبەرئەوەی خاوەنداریکردن لە رێبەر ئاپۆ خاونداریکردنە لە هەبوون و ناسنامەی خۆمان."

دێرک راشیگەیاند کە تێکۆشانی ڤیان سۆران، هیوا، بوێری و داواکاری ئازادی لەناو ژنان و بە تایبەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهیز کرد و وتی، "گەیشتنی تەڤگەری ئازادی ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا، بووە خاوەن هێز، رێکخستن و سوپایەک. ئەمەش هەمووان لە ئەنجامی تێکۆشانی هەڤاڵانی وەک ڤیان سۆران بوو. هەڤاڵ سۆران کاتێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بە هیوای ئەوەی کە ژنان بە شۆڕشی خۆیان، خۆیان لە دەستی سیستمی زوڵمی دەسەڵات رزگار دەکەن، ئازادی و هەبوونی خۆیان بەدەست دەهێنن. لە سایەی تێکۆشانی هەڤاڵانی وەک هەڤاڵ ڤیان، ژنان خۆیان گەیاندە ئاستێک کە ئیدی لە رژێمی ئێران ناترسن. بە تایبەتی لە زیندانەکانی ئێراندا بەرخۆدان کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەبرێت، لە ئەنجامی روحی فیدایی هەڤاڵانی وەک ڤیان سۆرانە."

'شۆڕشی گەلانی ئێران پێچەوانەکرایەوە'

دێرک لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە ٤٢ ساڵی دەسەڵاتی رژێمی ئێران کرد و رایگەیاند، ئەو شۆڕشەی کە لەلایەن گەلانی ئێران ئەنجامدرا، ئەمڕۆ لەدژیان پێچەوانە بووە و وتی، "مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، شۆڕشەکە بە پێشەنگایەتی هەموو گەلانی ئێران ئەنجامدرا. لەبەرئەوەش دەتونین ئەوە بە ئاسانی وەک شۆڕش پێناسە بکەین، شۆڕشی گەلان بۆ لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی دیموکراسی و یەکسانی. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو شۆڕشە پێچەوانە کراوەتەوە. گەلانی ئێران لەبەرانبەر سیستم و عەقڵیەتی شای دەسەڵاتدار راپەڕین و سیستمەکەیان رووخاند. دواتر شۆڕشی گەلان بۆ شۆڕشی دەسەڵاتداری گۆڕا. هیوا و داواکاری گەلان بە نیوەچڵی مانەوە. لەم ڕۆژەماندا هیچ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی دروست نەبوو. گۆڕانکاریەکان بە تەنها بەناو و لەناو سنورەکاندا بوون و کۆمەڵگایان زیاتر بەرەوە دۆخێکی ئاڵۆزەوە برد. نمونەی ئەوە دەبینین، لە سەردەمی شا دا فشار لە سەر کۆمەڵگا هەبوو و ئێستاش بەردەوامە. شا بە عەقڵیەتێکی مۆدێرنیست دەیویست لە ئێران گۆڕانکاری دروست بکات، لەبەرئەوەش بە زۆر لەچکی سەر ژنانی دادەنا. بەڵام ئێستا بە زۆر لەچکیان پێدەکەن. لە ئەنجامدا هەردووکی بە زۆرە. سیاسەتی بێئیرادەکردنی گەل هەموو کاتێک هەیە. سیستمێکە کە هەموو کاتێک هەوڵی بێئیرادەکردنی کۆمەڵگا دەدات کە ئەردۆغانیش نمونەیەکی دیکەیە. هیچ جیاوازیەکیان نییە. ئەوەی مرۆڤ ئازاد دەدات ئەوەیە کە گەل بۆ ئەوەی خۆی رزگار بکات لە بەرانبەر دەسەڵاتی شا وەستایەوە و سیستمەکەی رووخاند، بەڵام دوای هاتنی خومەینی هەموو بەڵێنەکان کە بە کۆمەڵگا، ژنان و گەنجان درابوو، درۆ دەرچوون و لە شا خراپتر بوو."

'سیاسەتەکانی ئێستای رژێم بەهۆی ئەو ترسیەیە کە لە ژن هەیەتی'

هێڤی دێرک ئەندامی ئەنجومەنی پژاک، سیاسەتەکانی ئێستای رژێمی ئێرانی وەک ترسی ئەو رژێمەی لە بەرانبەر ژنان پێناسە کرد و وتی، "دوای هاتنی خومەینی، دوو خاڵی بنەڕەتی کە رژێمی ئێران بە هەموو شێوەیەک شەڕێکی تایبەت لەسەر ئەوان بەڕێوەدەبات بەم شێوەیەیە: یەکەم لە بابەتی ژندا و ئەوەی دیکە لە بابەتی نەتەوەکاندایە. لەسەر ژن بڕیاری ئیجباری دەدرێت، ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت، خەباتی ژیان، ئابوری و پەروەردە دوور دەخرێنەوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا تێکبشکینێت، ژن دەکاتە ئامانج. دەیەوێت بە چەوساندنی ژنان هەموو کۆمەڵگا بچەوسێنێت. بۆیەش هەموو جۆرە فشارێک لە هەموو روویەکەوە بە تایبەتی لەناو زیندانەکاندا لەدژی ژنان بەڕێوەدەبرێت. بە بیانوی ناموس و شتی دیکە. یاسای سێدارە لەسەر ژنا و کۆمەڵگا دەسەپێنن. رژێمی ئێران لەبەرئەوەی دەزانێت، ژنان خاوەن هێزێکی ناوخۆیی گەورەن و دەتوانێت کۆمەڵگا بگۆڕێت، بەر بە ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراسیەوە ببات، لە هەموو کەسێک زیاتر هێرش دەکاتە سەر ژنان. لەبەرئەوەش لە کوردستان و هەموو جیهان و بە تایبەتی رژێمی ئێران  بۆ ئەوەی بمێنێتەوە ئیرادەی ژنان دەکاتە ئامانج. لە دەرەوەی ئەوە بە هەڵوێستی مەزهەبی، ئایینی و باوەڕیەکان لە یەکتری جیادەکاتەوە و دوژمنایەتی دروست دەکات. لە بەرانبەر ئەوەش پێویستە ژنان بزانن کە هەر هەنگاوێک هەڵبنێت، تەمەنی دەسەڵات کورت دەکاتەوە."

دێرک تەکیدی کردەوە، سیاسەتی رژێمی ئێران لە دەرەوە جگە لە ناوی تیرۆری دەوڵەت و فاشیزم هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "لەناو سیستمی ئێراندا، مرۆڤەکان برسی دەکەن، مرۆڤ بۆ ئەوەی پارویەک نان بەدەست بهێنێت لەناو بەفردا رەقدەبێتەوە. لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان، بێبەش دەبێت، لەبەرئەوەی دارستانەکانی دەپارێزێت دەستگیردەکرێت، لەبەرئەوەی دارێک دەڕوێنێت دەستگیردەکرێت، بەهۆی ئەوەی لە مەزهەبێکی جیاوازە دەستگیردەکرێت. لە کاتێدا کە ئەم سیاسەت و هەڵوێستە لەبەرانبەر گەلان هەیە، سیاسەتی رژێمی ئێران لە دەرەوە جگە لە ناوی تیرۆری دەوڵەت و فاشیزم هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت.

'بۆ ئازادی لە دەوری هەنگاوی کژار کۆببنەوە'

هێڤی دێرک ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە گرنگی خاوەنداریکردن لە هەنگاوی کژار کرد کە لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی رابردوو بە دروشمی ' لەدژی سێدارە و قڕکردنی ژنان' کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە' راگەیەنرا و وتی، "بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژنان و کۆمەڵگا، پێویستە هەموو ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە یەکگرتوویی لە دەوری هەنگاوی کەژار کۆببنەوە و وەک بازنەیەک یەکگرتی بگرن. ژنان یەک رێگای ئازادیان هەیە، ئەوەش فەلسەفەی ژیانی ئازاد و رێکخستنە لەسەر ئەو بناغەیە و لە بەرانبەر رژێمی دەسەڵاتدار تیکۆشانکردنە. رێبەر ئاپۆ نە تەنیا بۆ ژنانی کورد بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز فەلسەفەی ژیانی ئازادی خوڵقاندووە. ئەمڕۆ وەک ژن ئەوەی کە لە ئێمە داوا دەکرێت، رزگارکردنی خۆمان و کۆمەڵگاکەمانە لەژێر چنگی دەسەڵاتدارەکان و پێویستە بۆ دواڕۆژێکی ئازادی تێکۆشان بکەین."

ف.ق