هێڤی نودا ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ٩هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا باسی لە بەرخۆدانی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کرد.
هێڤی نودا بەبیری هێنایەوە، لە کاتێکدا 'پرۆسەی ئاشتی' لە گۆڕێدا بوو، ساکینە جانسز، کە بۆ ئازادی و ئاشتییەکی شکۆدار زۆرترین تێکۆشانی ئەنجامدابوو کوژرا و ئەوە بە تەنیا بۆ تێگەیشتن لە راستیی ئاکەپە بەسە.
هێڤی نودا ڕایگەیاند، ئامانجی پرۆسەکە، کە بە "چارەسەری" پێناسە دەکرا، دواتر ئەوەی تیادا روون بوویەوە، کە ئامانجی بۆ لە ناوچوونی بزووتنەوەی ئازادیی کورد دەبێت و هەموو قسەکانی دەسەڵات درۆ و فێڵن.
هێڤی نودا ڕاشیگەیاند، "وەک پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە دژی گەلی کورد لە کەسایەتیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەلی کورد و ژنانی کورد جارێکی دیکە بینییان، کە هێزە جیهانییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆمەڵکوژیی پاریس دا بینیوە. دەوڵەتانی ئەوروپا هەمیشە هەوڵی سەرکوتکردن و لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردیان داوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت پرۆسەیەکی وەک کۆمەڵکوژی و قەتڵوعامەکەی پاریس ڕووداوێکی نوێ بوو، کە هێرش / تیرۆرێکی لەو شێوەیە لە ناوەڕاستی ئەوروپادا بە واتای پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییە".
هێڤی نودا بەبیری هێنایەوە، تێکۆشانی فەرەنسا بە تایبەتی تێکۆشانی ژنانی کورد لە فەرەنسا بۆ هەموو گەلان و بۆ هەموو ژنان سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتن بوو و وتی، "لە لایەکی دیکەوە ئەوە (تیرۆرەکە) نزیکبوونەوەی عەقڵییەتی زاڵە لە فەرەنسا و ئەوروپا بەرامبەر بە بزووتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و بۆ روون نەکردنەوەى کۆمەڵکوژکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، لە هەمان کاتدا هێرشێکە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و ئازادیی تێکۆشانی ژنان و گەلی فەرەنسا. بۆیە ئەرکی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە لە بکوژانی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، لەگەڵ گەلی کورد و ژنانی کورد، دەکەوێتە ئەستۆی گەل و ژنانی ئەوروپا و فەرەنسا، بۆیە ناچارن، کە ئەوە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ خاوەنداریکردن لە بەهاکانیان ئەو کارە بکەن".
هێڤی نودا لە بەردەوامیدا ڕایگەیاند، حکومەتی فاشیست بە کوشتنی ساکینە جانسز دەیەوێت ئەو ژنانە بترسێنێت، کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن و وتی: "بەڵام ئەو ئاستە، کە تێکۆشانی ژنان پێی گەیشتووە، ئەوەی پووچەڵکردووەتەوە. ساکینە جانسز، کە هەڵوێست و ناوی بەرخۆدان و ئازادی و تێکۆشانی ژنانە، بە نەریتی بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆی ڕێگای بۆ شۆڕشی ژنان و گەلان لە ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتیی ژنان کردەوە. لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە هەموو بوارێکی خەبات و تێکۆشاندا لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان رێگای بە رووی رابوون و هەستانەوەیەکی گەورەدا کردووەتەوە و تێکۆشانی ژنانی گەورەتر و بەهێزتر کردووە.
سووربوونی ساکینە جانسز لەسەر بەرخودان و بەرهەڵستی و ئازادی، و کوشتنی بە شێوەیەکی نامەردانە وایکرد، تێکۆشانی ژنانی کورد بگاتە تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا. ساکینە جانسز ئێستا زیاتر لەوەی، کە وەک پێشەنگێکی ژنانی کورد بناسرێت، بە پێشەنگی تێکۆشانی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا دەناسرێت و قەبوڵ دەکرێت".
هێڤی نودا ئاماژەی بەوە کرد، بۆیە ئەوانەی ویستیان ساکینەکان بێدەنگ بکەن بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن.
هێڤی نودا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەجەکە ڕایگەیاند، فیدان دۆغان (ڕۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (ڕۆناهی)، کە لە بزووتنەوەى ئازادیی کورد دا شوێنی هیوا و ئایندە بوون، بە شەهیدبوونیان لەسەر هێڵی ساکینە جانسز رۆیشتن و رێیانکرد.
هێڤی نودا ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڵەسەندنەوەی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز گەورەترین هۆکاری تێکۆشانە و وتی: "پێویستە هەمووان بزانن بزووتنەوەیەک بە پێشەنگایەتیی ساکینە دەستیپێکردووە و لەسەر هێڵی بەرخۆدانی خۆی رێدەکات، بە دڵنیاییەوە دەبێتە بزووتنەوەیەکی تۆڵەکردنەوە و لێپرسینەوە.
فاشیزمی پیاوسالارانەى ئاکەپە – مەهەپە، کە ئێستا لە سەردەمی کۆتاییاندان، ئەوە بینرا، کە سیستمێکی فاشیستی و مەترسیداری دژ بە کورد و بەتایبەتی ژنان و گەلانن. هەلومەرجەکان لە هەموو کاتێک زیاتر گونجاون، کە بە پێشەنگایەتیی ژنان تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەهێز بکرێت و بە دەستی ژنان کۆتایی بە فاشیزم بهێنرێت. لە دژی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە، کە نیشانەیەکی زەقی عەقڵییەتی پیاوسالاری و فاشیزمە، کاتی ئەوە هاتووە تێکۆشان لەسەر بنەمای پێشەنگایەتیی ژنان لە خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستندا، تێکۆشان گەورەتر و بە هێزتر بکرێت. ئەرکی مێژووی چاوەڕێی ئێمەیە، کە بە تێکۆشانی خۆمان لە دژی سیستمی باڵادەستی پیاوسالاری، سیستمی ئەڵتەرناتیڤی ژنی دیموکراتیک و ئازادیپارێز بونیات بنێین، کە خەون و تامەزرۆیی ساکینەکان و هەموو ژنان بوو".
ژ.ت