هونەرمەندانی کەرکوک پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ڕێبەر ئۆجالان دەکەن
لە کەرکوکەوە هونەرمەندانی کورد پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ڕێبەری گەلان ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن.
لە کەرکوکەوە هونەرمەندانی کورد پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ڕێبەری گەلان ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن.
لە ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوکەوە هونەرمەندانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە، باس لە گرنگی یەکڕیزی گەلی کورد دەکەن، سڵاو و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی و سەری ساڵی کوردی ئاڕاستەی ڕێبەری گەلان ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و داوای ئازادکردنی فیزیکی دەکەن.
بە پێویستی دەزانین یادی بۆنە نەتەوەییەکان بەرز ڕابگیرێت
شاباز عومەر هونەرمەندێکی میۆزیک ژەنە، سەبارەت بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە ووتی: "من وەکو هونەرمەندێکی میۆزیک ژەن نەورۆز لە تەواوی گەلی کورد پێرۆز دەکەم وە بە تایبەتیش سەری ساڵی نوێ کوردی لە خەڵکی کەرکوک پیرۆز دەکەم، بە پێویستی دەزانین ساڵانە یادی ئەم بۆنە نەتەوەییانە بکرێتەوە و یادەکە بەرز ڕابگیرێت، ئێمەش وەکو گروپی هونەری میزپۆتامیا بەردەوام بەشداری لە چالاکییەکانی نەورۆز دەکەین لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئەو بۆنە نەتەوەییە".
ئەم دۆخە سەختەی کوردستان تێپەڕێنێن
هەروەها شاباز عومەر ووتیشی: "پەیامی ئێمەی هونەرمەندان ئەوەیە کە داواکارین ئاشتی و پێکەوەژیان بەرقەرار بێت بەتایبەتی کە لەئیستادا تەواوی کوردستان لە دۆخێکی سەختدایە، و بەهیوای ئەوەی کوردستان ئەم دۆخە سەختە تێپەڕێنێت".
پیرۆزبایی لە ڕێبەر ئۆجالان دەکەم
هەروەها ئەو هونەرمەندە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە ڕێبەری گەلان ڕێبەر ئۆجالان کرد و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانی کرد و لەوبارەیەوە ووتی: "پەیامی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەم، پێی دەڵێم، کە گەلی کورد لە دوای ئێوەوە ساڵانە سەرسەختانە ئەم یادانە دەکاتەوە و ئەم یادە بەرز ڕادەگرن".
داوای ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەکەم
لە کۆتایدا ئەو هونەرمەندە ووتی: "لێرەوە وەکو هونەرمەندان پەیامی پیرۆزبایی دەگەیەنمە تەواوی گەلی کورد، وە داوای ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەکەم و هیوادارم هەموو کوردێکی بە شەرەف بێ بەش نەبێت لە ئازادی".
نەورۆز جەژنێکی گرنگی گەلی کوردە
لەلای خۆیەوە سامان دیلان هونەرمەند و گۆرانیبێژی میلی دیاری شاری کەرکوک ووتی: "جەژنی نەورۆز جەژنێکی گرنگی گەلی کوردە و پێویستە کوردان یادی بەرز ڕابگرن، بە بۆجوونی من نەورۆز لە باشوری کوردستان بە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان گەرم و گوڕی کەمترە و هیوادارم زیاتر گەرم و گوڕی بەخۆیەوە ببینێت، وە جەژنی نەورۆز سەری ساڵی کوردی لەهەر چوارپارچەی کوردستان پیرۆز دەکەم".
زۆر گرنگە کورد یەکگرتوو بێت
هەروەها ئەو هونەرمەندی گۆرانیبێژە تیشکی خستەسەر گرنگی یەکڕیزی و یەکگرتووی گەلی کورد و ووتی: "من زۆر گەڕاوم بەناو شارەکانی عێراقدا و تێبینم کردووە، کە چەندە یەکڕیز بین ئەوەندە زیاتر ڕێزمان لێ دەگرن، بۆیە زۆر گرنگە کورد یەکگرتوو بێت".
سڵاو لە ئیمڕاڵی و سڵاو لە سەرۆک ئاپۆ دەکەم
لە کۆتایدا سامان دیلان هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک ووتی: "لێرەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە تەواوی گەلی کورد و ڕێبەر ئۆجالان ئەکەم و سڵاو لە ئیمڕاڵی و سڵاو لە سەرۆک ئاپۆ دەکەم، بەهیوام سەرۆک ئاپۆ ئازادبێت".
ژ.ت