فەلسەفەی زەردەشتی؛ ڕوانگەیەکە بە ڕێبەرایەتی زەردەشت دامەزرا، پەرتووکی 'ئاڤێستا'ی هەیە، عەقڵیەتێک لەسەر بنەمای کولتووری گوند-کشتوکاڵی زاڵە، ئاگری بەرەکەت دەبەخشێت، ئاژەڵ بە نرخ دەزانێت و وەک هاوڕێی خۆی دەیانبینێت. لەم بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەدا کە ڕێبەرایەتییەکۆمەڵایەتییەکەی لەلایەن کەسایەتیەکەوە بەڕێوەدەبرێت کە پێی دەوترێت ‘موغ، دژایەتیکردن لەگەڵ قوربانیدانی مرۆڤ و ئاژەڵ، ڕاستگۆیی-درۆنەکردن، خۆشەویستی خاک و مرۆڤ، تاک هاوسەری، ژیانێکی ئارام. ئامادەیی، بەرگریکردن لە بەهاکانی مرۆڤ تا کۆتایی و پاک ڕاگرتنی ڕۆح تایبەتمەندییە بنەڕەتییە ژیانییەکانن. تایبەتمەندی پێکهاتەیەکی بیروباوەڕی لەسەر بنەمای گۆڕانکاری، و بەو هۆیەوە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، لەسەر لایەنی دژایەتی و ململانێی بەردەوام لە چوارچێوەی بنەما دیالکتیکییەکانی وەک چاکە و خراپە، ڕووناکی و تاریکیدا دامەزراوە. دەرکەوتنی زەردەشتییەت لە جوگرافیای میدیادا، کەلتوورێکی باوەڕی بەهێز بوو، کە دراوسێی هێلینییەکان لە ڕۆژهەڵات و فارسەکان لە ڕۆژئاوا بوو.
خاکی هەورامان کە دەکەوێتە نێو زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، دەکرێت بەناوی ناوچەی ڕێوڕەسمە کولتوورییەکانی کوردەواری بەناوی بکەین، لەنموونەی چەژنەکانی پیرشالیار و نەورۆز...کە هێمان بۆ بوونی ژیارێکی کۆن لە ناوچەکەدا.
لەبارەی کەسایەتی پیرشالیارەوە مامۆستا جەلیلی عەباسی دەڵێت: ئەم زاتە یەکێک بووە لە پێشەوا ئایینیەکان و جێگرەوەو نوێنەری ئەشوو زەردەشت بووە لە خاکی هەورامانی پیرۆزدا و، خاوەنی پەرتووکی "مەعریفەتو پیری"بووە. هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کاتێک حەزرەتی زەردەشت، لە ناوچەی ئورمییەوە ڕووی لە ناوچەی هەورامان کردووە، پیرشالیاری وەک شوێنگرەوەی خۆی دەسنیشانکردووە. بوونی ئەم بەیتە بەدرێژایی پەرتووکی مەعریفەتو پیری ئەوەمان بۆ پشت ڕاست دەکاتەوە کە پیرشالیار کەسایەتیەکی زەردەشتی بووە. قۆناغەکانی ئەم مەڕاسیمە لە حەوت دانە پێک دێت کە ئەمانەن:_
١. خەبەر.
٢. کۆتە کۆتە.
٣. کڵاو رۆچنە.
٤. قوربانی کردن.
٥. هەڵپەڕکێ و نزا کردن.
٦. گردبوونەوە لە شوێنی پیر.
٧. تربێ و چوون بۆ سەر گڵکۆی پیر.
ژمارە حەوت چەندین کۆد و چیرۆکی لە خۆیدا وەرگرتووە، هەر لە حەوتەوانەوە، تا بە حەفتەنی یارسان، حەوت ڕۆشەی حەفتە...
گۆشت جە واتەی پیرشالیار بۆ هۆشت جە کیاستەی زانای سیمیار بۆ
باسکردن لەبارەی کەسایەتی پیرەوە دەماگێڕێتەوە بۆ قۆناغی دەرکەوتنی ئەفسانەکان. بەجۆرێک دەبێت ئەو هۆشیارییەمان هەبێت کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕوانینی مرۆڤ، بۆ بۆنە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و باوڕییەکان، لەگەڵ گەشەکردنی ئاستی مەعریفەدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری دەبنەوە، لەشێوەو ڕەنگی دیکەدا خۆیان بەیان دەکەن. لەکاتێکدا کاریگەری قۆناغی پێشوویان لەسەر دەمێنێت.
دەرکەوتنی پیرشالیار لە سێ هەزار ساڵی پ.ز، لە گوندی هەورامانی تەخت، گوایە لەگەڵ هاوژیانی لەگەڵ یەکێک لە خوای خولقێنەری ئاوەکانی گوندی هەجیج بەناوی کۆسێ کە دواتر بۆتە کۆسەی هەجیج هاوسەرگیری کردووە! وەک ئاشکرایە کە ئاو وەک یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەردەوامکردنی ژیان چاوی لێکراوە، وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت هۆکاری دروستبوونی شوێنی نیشتەجێبوونەکان لە دەوری سەرچاوە ئاوییەکان بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە. بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەی هەورامان لە بەری گوندەکاندا و بەروو ڕوو چوونی مرۆڤەکان وەک ئەوەی ڕوو بە ڕووگەیەکی پیرۆز بڕۆن، ئەو ڕاسییەمان پیشان دەدات کە پێگەی ژن تا بە ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان لە هەوراماندا میراتی چییە! هەڵبەت لەبیرمان نەچێت کە ئاوازی سیاوچەمانە بۆ پیرۆزی یەکەمین خودای زاگرۆس کە ئەنلیل بووە وتراوە، بۆیە وەختێک گوێ ڕادەدێرین بۆ ئەم هونەر پڕ لە ئیستاتیکایە، لەگەڵ بە کۆتا گەیشتنی هەر نیوە بەیتێکدا، سیاچەمانە بێژ بە گەروویەکی پڕ لە ئەشقو خۆشەویستییەوە هانا بۆ خۆشەویستەکەی دەبات کە بە لەیل گوزارشتی لێ دەکات!
بۆیە کاتێک بنکۆڵکاری بۆ ڕاستینەی ژێوە ژیانو دەرکەوتنی پیرشالیار دەکەین، زەحمەتی لەو ڕاستییەدا نابینین کە بزانین چەندە کاریگەر بووە بە فەلسەفەی زەردەشت. لەژێر کاریگەری کولتووری دایک خوداوەندا، دەبینین کە چۆن پێگەی ئاو لەنێو گەلان و جوگرافیا جیاوازەکاندا ئامادەیەکی هەیە، لە نموونەی ئەفسانەکانی "بابولییەکان، کە ئاو وەک توخمی سەرەکی دەرکەوتنی مادە دەبینرێت. لای فارسەکان ئاناهیتا وەک خوداوەندی ئاو بینراوە. هەرچی لای سۆمەرییەکانیشە ئەنکی لە یەک کاتدا وەک خواوەندی ئاو و هزرو هونەرو سحر بینراوە. لای هیندییەکانیش باوڕێکی وایان هەیە کە گوایە زەوی لەسەر شانی چل "پیل"ڕاوەستاوەو پیلەکانیش لەسەر پشتی کیسەڵێکی گەورەی ئاوی ڕاوەستاوەو کیسەڵەکەش لەسەر پشتی مارێکی کوبرا ڕاوەستاوە"! لە ئەسینای دێرینیش نایاد هەمان فریشەتی دەریایی بووە. لە چایناشدا ئاوی دەریاو ڕووبارەکان لە فرمێسکێکی پانکۆ دروستبوون! ڕێز گرتنی ئوسترالییەکانیش لە ئاو بۆ پەرستشی خوداوەندە نگوگونگی دەگەڕێتەوە!
هەرچی لە هەورامانیشە کە سەر زەمینی خواوەندە ئەنلیل بووە، تا بەڕۆژگاری ئەمڕۆش بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوە ئاوییەکان، بەناوی خۆیانەوە ماونەتەوە. لە نموونەی "کانی بێڵو پێ دەشتی شاخی کۆساڵان، کانی بڵ لە گوندی هەجیج، کانی بێڵۆ شێتەی گوندی پاڵنگان..."
وەختێک شاعیری خامە ڕەنگین خودابەخش لەبارەی جوانی و دڵڕفێنی پاڵنگانەوە دەڵێت:
وەشەن پاڵنگان چەژنەو نەورۆزیش بلمێ تەماشەو بێڵوەکاو حەوزیش...
بەهێزی ئەم کولتوورە مێینانە بەجۆرێک باڵکێشبووە کە کەسایەتێکی مەزنی وەک سان سەهاک، لە چەند کڵامێکیدا بەمجۆرە گوزارشت لە خوداوەندبوونی ئاو دەکات گوایە هەموو ژیان لە ئاوەوە سەرچاوەی گرتووەو دەڵێت:
بابۆی سرشتەن، بایۆ سرشتەن ئەی یاران ئاوای بابۆی سرشتەن
ئی ئاوە پیما خاوەنکار ڕشتەن پەوکە ڕۆشنەن چوون وە وەرشتەن
هەرچەندە ئەم کڵامە هەمان واتاو ڕوانگەی تاڵیسی فەیلەسوفی یۆنانی لەخۆیدا بارکردووە، هەمان ڕوانینیش لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە، "وجعلنا من الماء کل شیء حی"، ئەم هەموو ڕوانینانەمان بۆ ئەوە هێنایەوە کە مرۆڤی ئێمە هۆشیاربێت بەوەی کە چۆن لە دوای هەڵوەشانەوەی فیدراسیۆنی مادەوە لایەنی مادی و مەعنەویمان بەتاڵان براوە. دەتوانین ئەوە بڵێین کە فەلسەفەی زەردەشت لەلایەن یۆنانییەکانەوە بەتاڵان براوە، فەلسەفەی زەردەشتی لەلایەن یەهودییەکانەوە بەتاڵان براوە، هەرچی کولتووری زەردەشتیشە لەلایەن فارسەکانەوە بەتاڵان براوە! هەتا ئەفسانەی گلگامیش و گەڕانی بەدوای گیایی نەمریدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مەڕسیمەی پیرشالیار، بەو مانایەی کۆم کە بەواتایی خودای گیا دێتو لە ئافێستادا بە هوم ناوی هێنراوە!
ئەم گیایە لە چەژنی کۆم ساوین کە لە ئێستەدا بە کۆمسای ناو دەبرێت، گیاکە دەکوترێتو لەگەڵ شیر خواردوەتەوە، وەک پیشاندانی پێزانینو سووپاس گوزاری و شوکرانەبژێری بۆ گەڕانەوەی خوای فیدابورگ لە جیهانی تاریکییەوە بۆ سەر زەوی، دووبارە پێکهێنانەوەی هاوژیانی لە نێوان پیرشالیارو کۆسێی خوای ئاوەکانی هەجیج. بەداخەوە هەرچەندە لەمڕۆدا چەندین شێواندن لەسەر ئەم ڕێوڕەسمەی ناوچەی هەورامان، درووستبووە بە مەبەستی ئایدۆلۆژی و سیاسی بەڵام، خۆشبەختانە خەڵکی هەورامان تابەمڕۆژگارەش گرنگی بە زیندوو هێشتنەوەی دەدەن لە سەرەتایی وەرزی بەهاردا لەگەڵ چەژنی نەورۆز.