حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک نیگەرانن لە پەرتەوازەیی کورد

حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک: "پەدەکە و یەنەکە بەرپرسن لە پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکانی کەرکوک لە هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان".

حزبە کوردییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، نیگەرانن لە نەبوونی یەک لیستی بەهۆی ململانێیەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتی نشتیمانی کوردستان(یەنەکە)، کە پەدەکە ئامادەنیە لە هەمان لیست لەگەڵ یەنەکە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر لایەنە سیاسییەکانی شاری کەرکوک هەبووە، کە لەئیستادا لەبری یەک لیستی پیدەچێت کورد بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردن بێت، بەهۆی ئەوەش بەشێک لە حزبە کوردستانییەکان ناتوانن بەشداری هیچ لستێک بن لە لیستەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات تا نەبنە بەشێک لە ململانێ لەنێوان هەردوو حزب.

 لەسەر ئەم بابەتەش ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دوان و بەرپرسی حزبێک دەڵێت: "لە ئیستادا پێکهێنانی لستێکی کوردستانی بۆتە کوتانی ئاسنی سارد".

 پەرتەوازەیی کورد لە کەرکوک دەکەوێتە ئەستۆی پەدەکە و یەنەکە

 ڕەسوڵ ڕەئوف ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان، و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی ئەو حزبە، سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لەسەر دۆخی بەشداری کردنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ڕایاگەیاند: "لەماوەی ڕابردوو بە ئامانجی تاوتوێکردنی دروستکردنی یەک لیستی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ١٣ حزب بەشداربووین لە کۆبوونەوەیەک لە حزبی شیوعی لە هەولێر، بەڵام لەم کۆبوونەوەیە هیچ لستێک پێک نەهات تەنها ڕاوێژکاری بوو پێشتریش لەلایەن پەدەکەوە حزبەکان بانگەشکرابوون بەشێک لە حزبەکان بەشداربوون بە هیوای دروستکردنی یەک لیستی، بەڵام بەداخەوە ئەو پەرتەوازەیەی کورد لە کەرکوک دەکەوێتە ئەستۆی پەدەکە و یەنەکە".

 پەدەکە و یەنەکە تەواوی هەوڵەکانیان بۆ تۆمەتبارکردنی یەکترە نەک چاکسازی

 ڕەسوڵ ڕەئوف ڕەنگدانەوەی ململانیەکانی پەدەکە و یەنەکە لەسەر پەرتەوازەیی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک، ووتی: "ئەگەر پەدەکە و یەنەکە لە کەرکوک لەچواچێوەی یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی بکەن ئەوە حزبەکانی دیکەش بەشدای ئەو لیستە ئەبن و پشتگیری لێدەکەن، بەڵام ئەگەر بە دوو لیستی جیاواز هەردوو حزبی دەسەڵات بەشداربن ئەوە حزبەکان بەئاسانی ناچنە هیچ بەرەیەکەوە چونکە دەبنە هۆی قوولکردنەوەی ململانییە سیاسیەکانی نێوان پەدەکە و یەنەکە، هەوڵەکانی پەدەکە و یەنەکە لەچوارچێوەی چاکسازیی نیە لە کەرکوک بەڵکو هەردوو حزبی دەسەڵات یەکتر بە ناپاک و جاش تۆمەتبار دەکەن بەم شێوەیە حزبەکان بە ئاسانی ناچنە ناو ئەو ململانییە".

 داوامان لە سەرکرایەتی و سکرتێری حزبەکان کردووە

 هەروەها ناوبراو لە دریژەی قسەکانیدا ووتیشی: "بۆیە هەوڵەکانی ئێمە بۆ سەرکردایەتی و سکرتێری حزبەکان وەکو حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک کە هەوڵبدەن یەنەکە و پەدەکە لە یەکتر نزیک بکەنەوە چونکە بەبێ نزیک کردنەوەی هەردوو حزبی دەسەڵات لیستی حزبە کوردییەکان لە هەشت لیست بەرەوە سەرەوە دەبێت، ئەگەر پەرتەوازەیی لیستە کوردییەکانی دروست ببێت ئەوە هۆکاری سەرەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) و یەکیتی نشتیمانی کوردستان(یەنەکە) بەرپرسن".

 ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە دەنگێکی زۆری کورد دەفەوتێت

 لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان، ئاشکراشی کرد: "ئەوەی تێبینمان کردووە جگە لە حزبەکانی دەسەڵات هەموو حزبە کوردستانییەکان هوڵی یەک لیستی دەدەن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکانی عێراق، چونکە دەنگدانی ئەمجارە لە قازانجی لیستی گەورەیە چەند لیستەکە گەورەتربێت باشترە، بەڵام حزبەکان ئەگەر پەرتەوازەبن ئەوە دەنگێکی زۆری کورد دەفەوتێت".

 ئەم هەڵبژاردنە هەلێکە بۆ گەڕانەوە مافەکانمان لە کەرکوک

 لەلایەکی دیکەوە، عیماد محەمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، سەبارەت بە گرنگی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کورد لە کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕایگەیاند: "لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەلێکی باش هاتووەتە بەردەم کورد تا ئەو ماف و پۆستە ئیدارییانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەدەستمانداوە جارێکی دیکە بەدەستی بهێنینەوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کورد زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە بەڵام ئێمەی کورد هەوڵنادەین سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و ماڵی کورد یەکبخەین و یەکڕیزی بهێنینا ئاراوە".

 تورکمانەکان دژبە کورد داوای هاوپەیمانیان لە عەرەب کردووە

 هەروەها عیماد محەمەد ڕەخنەی لە حزبە کوردییەکان گرت و هۆشداری لە مەترسییەکان دا و ووتی: "لە ئیستادا هەر لایەنێک بۆخۆی هەوڵدەدات و بەرژەوەندی حزبی بەرژەوەندی کەرکوک و کوردستانی بەرچاو ناگرن، لە ئیستادا چەندین لیستی کوردی لە شارەکە دروستبووە کە ئەمەش وائەکات دەنگی کورد پەرتەوازە بێت و بفەوتێت لەم هەڵبژاردنە، لە بەرامبەردا عەرەب و تورکمانەکان نێو ماڵی خۆیان یەکخستووە، وە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورد تورکمانەکان داوای هاوپەیمانیان لە عەرەب کردووە".

 ئەوەی کوردی کەرکوک چاوەڕوانی ئەکرد بەدی نایات

 هەروەها ناوبراو ووتیشی: "ئەوەی کوردی کەرکوک چاوەڕوانی ئەکرد لە حزبەکانی دەسەڵاتی کوردی بەدی نایات، لە ئیستادا پێکهێنانی لستێکی کوردستانی بۆتە کوتانی ئاسنی سارد، هیوادارین عەقڵیەتی حزبایەتی و کۆنەقین و ڕووداوەکانی ڕابردبوو زاڵ نەبێت بەسەر حزبەکانی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان، هیوادارین ڕووداوەکانی ڕابردوو و بەرژەوەندی حزبی، کەسی و بنەماڵەیی بەلاوە بنێن".

 کەرکوک پێویستی بەیەک ووتاری یەکگرتووی کوردستانی هەیە

لەکۆتایی قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی ووتی: "دەبێت گرنگترین شت کوردستانی بوونی کەرکوک و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و یەکڕیزی بێت، ئیتر بەسێتی حزبایەتی و پەرتەوازەیی لە کەرکوک، کەرکوک پێویستی بەیەک ووتاری یەکگرتووی کوردستانی هەیە".

 بەداخەوە لە کەرکوک یەک لیستی کورد دروست نەبووە

سەباح شێخ بزێنی، بەرپرسی ناوەندی کەرکوکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک، ڕایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بۆ کەرکوک هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، لای هەمووان ئاشکرایە کە ئەم هەڵبژاردنە پۆستی پارێزگار و قایمقامیەت و تەواوی پۆستی بەڕێوبەرە گشتییەکانی کەرکوک یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە گرنگە کە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، هەموو لایەنەکان هەوڵیانداوە بۆ دروستبوونی لیستی کوردستانی بەڵام بەداخەوە دروست نەبووە، تا کۆتا ساتیش بەردەوام دەبین لە هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی و یەک لیستی کورد لەم هەڵبژاردنە".

 دەبێت مامەڵەکردنی تەسکی حزبایەتی لادەینە لاوە

 لە کۆتایدا سەباح شێخ بزێنی، بەرپرسی ناوەندی کەرکوکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "وەکو بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لە کەرکوک، پەیامی ئێمە پەیامی لیستی برایەتییە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، دەبێت تەسکی حزبایەتی لادەینە لاوە، لەپێناو خاکی کوردستان و گەرانەوە کەرکوک بۆسەر کوردستان دەبیت هەوڵی یەک لیستی بدەین".

هـ . ب