گەریلای کورد (گوڵناز کاراتاش) لە لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا لە هێرشی دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەرخۆدانی کرد و شەهید بوو. بەبۆنەی ٣٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ بێریتانەوە، هێزل ئۆزگور ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژا ستار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. هێزل ئۆزگور هەڵسەنگاندنەکەی بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
"لە ٣٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ بێریتان دا، لە کەسایەتی شەهید بێریتان دا، بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی ئازادی دەکەمەوە. ساڵی ١٩٩٢ ساڵێکی زۆر گرنگ بوو بۆ بزووتنەوەکەمان. چونکا دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکان و هێزە کوردییەکان بە دید و چەمکی هێزە نێونەتەوەیەکان پێکەوە لە باشور و خواکورک و حەفتانینە دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد. ئەم جەنگە شەڕێکی زۆر قورس بوو، ئامانجیان خۆبەدەستەوەدان و لەناوبردنی بزووتنەوەکەمان بوو، بێگومان لە خواکورک و حەفتانین شەڕێکی زۆر سەخت ڕوویدا. بەتایبەتی لە خواکورک شەڕی قورس بەرامبەر بە هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەوڵەتی تورک ئەنجامدرا.
لە دژی پاکتاوکردن و خۆبەدەستەوەدان هەڵوێستی نیشاندا
هەڤاڵ بێریتان لەم کاتەدا وەک فەرماندەیەکی تیمی گەریلا بەشداری ئەو شەڕە بوو. پێش ئەو کاتە کاری چاپەمەنی و ڕۆژنامەوانیی دەکرد، لە چالاکیی ڕوبارۆک دا ئەرکی فەرماندەیی لە ئەستۆ گرتبوو. لە شەڕی ٩٢ی خواکورک لە ئاستی فەرماندەیدا چووە ناو شەڕەوەکەوە و پێشەنگایەتیی شەڕەکەی کرد. لەم کاتەدا هێرشی دوژمن زۆر قورس بوو و دەیانویست لە خواکورک هێڵی خۆبەدەستەوەدان بەسەر بزوتنەوەکەماندا بسەپێنن. لەو کاتەدا فەرهادیش لەو گۆڕەپانەدا فەرماندەیی دەکرد. لە کەسایەتیی فەرهاد دا هێڵی خۆبەدەستەوەدان هاتەپێشەوە. بەبێ مەرج خۆی ڕادەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتی (یەنەکە) و دەوڵەتی تورک کرد، بەڵام هەڤاڵانمان کە لەو کاتەدا لەوێ شەڕیان دەکرد گیانی خۆیان بۆ ئەم شەڕە بەخت کرد بۆ ئەوەی هێڵی خۆبەدەستەوەدان قەبووڵ نەکەن، بەرگرییەکی بێوێنەیان لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەبرد. هەڤاڵ بێریتان لە پێش هەموو کەسێکەوە دەستیکرد بە پێشەنگایەتیکردنی ئەم بەرخۆدانە و لە دژی هێڵی خۆبەدەستەوەدان هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی نیشاندا و بەرخودانی کرد.
لە لایەکەوە فەرهاد خۆبەدەستەوەدانی قبوڵ کرد، بەڵام لە لایەکیترەوە هێڵی بەرخودان لە کەسایەتیی هەڤاڵ بێریتان سەری هەڵدا. چالاکیی هەڤاڵ بێریتان وەک هەڵوێستێک لە دژی دوژمن دەرکەوت و دەریخست هەرگیز لە بەرامبەر دوژمندا سەریان دانەنەوێنن و هەتا دوا هەناسەیان شەڕ و بەرخودان دەکەن. هەڤاڵ بێریتان لەم کاتەدا بریندار بوو و لەبەر ئەوەی هیچ شتێک نەبوو ئەنجامی بدات، سەرەڕای بانگەوازی هێرشبەران و خائینان بۆ خۆبەدەستەوەدان، خۆی تەسلیمی دوژمن نەکرد و خۆی لە کەنداڵەکەوە هەڵدایە خوارەوە و شەهید بوو. بێگومان بۆ ئەم چالاکییە مانایەکی جیاواز هەیە و هێڵی بەرخۆدانی پەکەکە نەک تەنها لە دژی دوژمن، بەڵکو لە دژی هەموو هێزە پاکتاوکارەکان سەری هەڵداوە، مێژووی پەکەکە پڕە لەو نمونانە، ژمارەیەکی زۆر هەڤاڵ هەن، کە بۆ دەربڕینی هەڵوێستیان بەرامبەر بە دوژمن گیانی خۆیان فیدا کردووە و لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاو و هەڵمەتی نوێیان دەستپێکردوە.
بەخێرایی خۆی بە هەلومەرجی چیاکان ڕاهێنا
هەڤاڵ بێریتان هاوڕێیەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار بوو، بەڵام بەخێرایی خۆی لەگەڵ بارودۆخی چیاکاندا گونجاند، دەیویست بەخێرایی فێری ئایدۆلۆژیا و ڕێبازی پەکەکە فێر ببێت و لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و ئایدۆلۆژیای پەکەکە نوێنەرایەتی خەباتێکی ناوخۆیی و دەرەکی بکات. بۆ ئەوەش هەرگیز خۆی بەوەی هەبوو سنووردار نەکرد و ژیانی ئاسایی قەبووڵ نەکرد و هەمیشە لە دژی ئەوە دەوەستایەوە. لەم کاتەدا هەندێک ڕێبازی و هەڵسوکەوتی دەرەبەگایەتییانە هەبوون، کە دەوترا دەبێت هاوڕێیانی ژن تەنها لە کاری چاپەمەنی و رۆژنامەوانیدا بن و نابێت بەشداری لە جەنگدا بکەن، بەڵام هەڤاڵ بێریتان بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆی هەمیشە دەیویست ئەم تێگەیشتنە بەتاڵ و پووچ بکاتەوە و بڵێت، ژنان دەتوانن لە هەموو بوارێکدا ڕۆڵ بگێڕن و پێشەنگایەتی بکەن.
هەڤاڵ بێریتان بە تایبەتی لە مەیدانی جەنگدا هەڵوێستی خۆی زیاتر بەرەو پێش دەبرد و بە هێڵی فیدایی، بەرخۆدان و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر خۆبەدەستەوەدان لە چالاکییەکانی خۆیدا لەسەر هێڵی پەکەکە سەلماند. هەرچەندە هەڤاڵ بێریتان ماوەیەکی زۆر نەبوو پەیوەندی بە ڕێکخستنەوە کردبوو، بەڵام تێکۆشانی کورتخایەنی پڕ وتێروتەسەل بوو. لەسەر ئەم بنەمایە پێشنیاری نووسینەوەی ڕۆمانێکی لەبارەی پەکەکە و سەرۆکایەتیەوە بۆ ڕێبەر ئاپۆ کردبوو. ئەو پێشنیارەی هەڤاڵ بێریتان سەرنجی ڕێبەرایەتی ڕاکێشابوو. کاتێک سەرۆکایەتیشی داوای ئەو پێشنیارە دەکات، هەڤاڵی بێریتان لەو شەڕەدا شەهید دەبێت. کاتێک شێوازی شەهیدبوونی بە سەرۆکایەتی گوترا، سەرۆکایەتی لەسەر چالاکیی هەڤاڵ بێریتان و هەڵوێستی بەرامبەر بە ڕادەستکردن، بە شێوەیەکی فراوان لەناو پەکەکە و بەتایبەتی لایەن ژنانی کوردەوە هەڵسەنگاند.
سەرۆکایەتی بۆ کەسایەتی هەڤاڵ بێریتان لەو ساڵەدا دەستی بە شیکارکردن کرد. دوو هێڵی ڕوونکردەوە، هێڵی بەرخۆدان و فیدایەتی و هەڵوێست و وەستانەوە لە دژی دوژمن، کە سەر دانانەوێت لە کەسایەتیی هەڤاڵ بێریتان دا و هێڵی خیانەت و خۆبەدەستەوەدان لە کەسایەتیی فەرهاددا. لەسەر ئەم بنەمایەش سەرۆکایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت هەنگاوێک بنێت، کە بۆ شەهادەتی هەڤاڵ بێریڤان ببێتە وەڵام و دیاریەک پێشکەشی هەموو ژنان بکات، گفتوگۆی فراوانی لەگەڵ هەڤاڵانی ژن بەرەو پێشبرد.
دوای شەهیدبوونی بیرۆکەی سوپای ژنان دروست بوو
لەبەر ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٣دا سەرۆکایەتی بۆ یادی هەڤاڵ بێریتان لە رێکخستن دا هەنگاوێکی گەورەی نا، بە سوپابوونی ژنانی دامەزراند و رێنوێنی و تێڕوانینیەکانی خۆی لەوبارەیەوە خستەڕوو. لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٣دا، لەسەر بنەمای هێڵی فیداییی هەڤاڵ بێریتان، سوپابوونی ژنانی بە شیوەیەکی فەرمی لە ناو پەکەکەدا ڕاگەیاند.
بەسوپابوونی ژنان لە ناو بزوتنەوەی ئێمەدا و بە تایبەتی بۆ ژنان هەنگاوێکی زۆر گرنگە. بەر لە سوپابوونیش هەڵبەتە ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانی ژن لە ناو بزوتنەوەکەدا بەشداریان کردبوو، دەیانتوانی خۆیان رێکبخەن، بەڵام وەک رێکخراوێکی فەرمی دانەمەزرابوو. کاتێک بە سوپابوونی ژنان راگەیەندرا لە هەموو گۆڕەپانەکانی گەریلادا لە باشور و باکور ئیتر تاقم و مانگەی خۆبەڕێوەبەری ژنان دامەزران و چالاکی خۆبەڕێوەبەر پێشخران. سوپابوونی ژنان لە ناو ئارگەکەدا هەنگاوێکی گرنگ بوو.
مامەڵەی دەرەبەگانە و فیۆدالانە لەگەڵ ژنان نەک هەر لە کۆمەڵگایەکدا بەڵکوو لە تەواوی جیهاندا بوونی هەبوو، شەڕ وەک ئەوەی تەنیا کاری پیاوان بێت دادەنرا و بە روانگەی ئەوانەوە ژنان نەیاندەتوانی بجەنگن. بەسوپابوونی ژنان لە بەرامبەر ئەو بیرکردنەوەیە هەنگاوێکی گەورەبوو، بەوەوە نیشاندرا کە کاری ژن تەنیا مناڵ خستنەوە نییە، ژنان نەک هەر دەتوانن لە سەنگەرەکانی دواوە شەڕ بکەن، بەڵکوو بە هێزی جەوهەری خۆی دەتوانێت خۆی بپارێزێت، شەڕ بکات، وڵاتەکەی بپارێزێت و پێشەنگایەتی ئافراندنی ژیانێکی ئازاد بکات.
لەناو شەڕدا ئیتر شەڕ نەک تەنیا بە مێشکی پیاو، بەڵکووبە مێشکی ژن بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە گەلان بۆ ئازادی خۆیان تێکۆشانیشیان کردبێت، بەڵام هێزی باڵادەست کە بە هزری پیاو بەڕێوەچووبێت، داگیرکەری و کۆمەڵکوژی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەر بۆیە لە جیهاندا پێویست بوو کە لە چوارچێوەی هۆشمەندی یاساو مافەکانی مرۆڤدا ئەو شەڕەی هەیە بەڕێوە ببرایە. ئەوەش پێویستی بە جێگرەوەیەک هەبوو، ئەڵبەتە دەبوایە ئەو جێگرەوەیە بە مێشکی ژنان بەڕێوە بچووایە. لەبەر ئەوەی لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە تا رۆژی ئەمڕۆمان ژنان وێنا و نوێنەرایەتی دادپەروەری و ئازادییان کردووە. پێویست بوو کە ئەو شەڕە بە مێشکی ژن بەڕێوەبچێت و جێگەرەوەیەک لە گەڵ خۆیدا بێنێت. سوپابوونی کۆمەڵایەتی، سەربازی و سیاسی هەیە، لە هەموو کایەکاندا ژنان لە سەر بنەمای رەنج و ئەو میراتەی کە ژن لەناو تێکۆشاندا ئافراندوویانە، دەستیپێکرد و تا رۆژی ئەمڕۆ ئەو بە سوپابوونەی ژنان بەردەوام بوو. بۆ دروستبوونی سوپای ژنان زۆر هەڤاڵ رەنجیانکێشاوە، بۆ نمونە مریەم، بەسێ، عەزیمە، ژیان و رۆژی ئەمڕۆمان هەڤاڵ شیلان کۆبانێ، دەلال ئامەد و زۆر هەڤاڵی دیکە رەنجیان بۆ پێشخستنی بە سوپابوونی ژنان کێشاوە و تا ئەمڕۆ لەسەر میراتی ئەو هەڤاڵانە ئەو رەنجە دەدرێت. لە ساڵی ١٩٩٦دا لە کەسایەتی هەڤاڵ زیلان و سەما هەمان هەڵوێست هاتە ئاراوە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەو هێڵە فیداییەی کە لە کەسایەتی ژنانی کورد و بە تایبەتی ناو پەکەکە وەک میراتێک گەیشتووەتە رۆژی ئەمڕۆ.
دەبێت ژنان یەکبگرن و بەر بە قڕکردنی ژنان بگرن
لە رۆژی ئەمڕۆماندا ئەو خەتە لە کەسایەتی هەڤاڵ سارا و روکەن دا بە چالاکی مێرسین دەردەوام بوو. تا ستەم، داگیرکەری، پلانی پاکتاو لە سەر بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان بەڕێوە بچێت ئەو هێڵە فیداییە بەردەوام دەبێت. ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ بزوتنەوەیەکی ژن لەسەر ئایدۆلۆژیای رزگاری ژن خۆی بەڕێوەدەبات. ئەو هەڵوێستەی کە لە بزوتنەوەی ئازادی ژناندا هاتە ئاراوە، ئەمڕۆ نەتەنیا بە ژنانی کوردەوە سنووردا نەماوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر جیهانیش داناوە و هەموو ژنان ئەو هەڵوێستەی ژنانی کورد بۆ خۆیان وەک مۆدێلێک بە بنەما دەگرن. لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژرا، سەرهەڵدانێکی گەورە دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە راستیدا ئەو سەرهەڵدانە هاوارێکە لەبەرامبەر سیستمی باوکسالار. لەبەر ئەوەی ژنان توانای دانبەخۆداگرتنیان بەرامبەر بەوە نەماوە، بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگدانەوەیەک دروست بوو. سەرۆکایەتیمان ئەو دروشمەی بۆ ژنان دیاری کرد و ئەو دروشمە ئەمڕۆ لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی بەرەوپێشچوو. ئەوە دەریدەخات کە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهان قەبوڵ دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو دروشمە نەک هەر لە لایەن ژنانەوە بەرزکرایەوە، لە هەموو جیهاندا لە لایەن هەموو کەسێکەوە دەنگیدایەوە.
ئەو کەسانەی پێشەنگایەتی ئەم قۆناغە دەکەن ژنن، ژنان زیاتر دەتوانن لە سەر بنەمای خەباتێکی ستراتیژیک، هزر و رامان خۆیان لە هەموو جیهاندا بەرێکخستن بکەن. لەبەر ئەوەی لەو شەڕانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێن، پشکی زیاتر بەر ژنان دەکەوێت. هەموو ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەرەب، فارس، ئاشوری، ئەرمەنی و کورد پێویستە بە یەک هزر لە بەرامبەر ئەو شەڕانەدا بوەستنەوە و شەڕ رابگرن. ئیتر لە بری شەڕ ژیانێکی ئازاد، ئارام، یەکسان بخوڵقێنن و بونیادی بنێنن. ئەو بەرهەمانەی کە ئێستا دێنە ئاراوە لە سایەی هەڤاڵانی شەهیدی ئێمە، لە کەسایەتی هەڤاڵ بێریتان و زیلان دێتە ئاراوە.
هەڤاڵانمان ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانی شەڕدا هێشتا سەرباری بانگەوازەکانی دوژمن بۆ خۆبەدەستەوەدان، بوونی هەموو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی دوژمن، بە هێڵی بەرخودان و گیانبازی لەبەرامبەر دوژمنی خوێژمژ، داگیرکەر و فاشیست شەڕ دەکەن. مرۆڤ ناتوانێت بە وشە ئەو بەرخودانە پێناسە بکات. کولتوری بەرخودان و گیانبازی کە هەڤاڵان بۆ ئێمەیان جێهێشتووە، تا رۆژی ئەمڕۆمان لە سەر ئەو میراتە تێکۆشان بەرز دەبێتەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تێکۆشان بە سەرکەوتن تاجدار بکەن و بیکەنە دیاری سەرۆکایەتی، گەلەکەمان و هەڤاڵانی شەهیدمان".
ژ. ت/ هـ . ب