جێاکردنەوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت لە کەرکوک دەستیپێکرد

بەرە بەیانی ئەمرۆ لە شاری کەرکوک جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەت بە دەست، دەستیپێکرد.

لە ڕۆژی ١٦ ئەم مانگە لە شاری کەرکوک ٤٠ هەزار کەس بەشداری دەنگدانی تایبەتی کرد، بڕیار بوو لە هەمان ڕۆژ بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی دەنگەکان لە ڕێگەی ئامیری تایبەت جیا بکرێنەوە، بەڵام بەهۆی کارنەکردنی ئامیرەکان پرۆسەی دەنگەکان دواخرا بۆ دوای دەنگدانی گشتی.

 بەرەبەیانی ئەمرۆ بە چاودێری ١٠٠ ئەندامی کۆمسیۆن لە ژێر چاودێری کامێرەی چاودییری و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان لە هۆڵی کۆمسێۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  دەستیان کرد بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت.

 ئەو دەنگانەی کە ئەمرۆ دەژمیردرێن ژمارەیان ١١٢ سندوقە کە لەوانە ١١٠ سندووقیان دەنگدانی تایبەتە و  ٢ لە سندوقەکان پەیوەستە بە دەنگدانی گشتی، کۆی گشتی ئەو دەنگانەی لە ناو ئەو سندوقانەدان بە زیاتر لە ٤٠ هەزار دەنگ دەبێت.

 بۆچی ئەو دەنگانە گرینگن؟

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان چاوڕوان دەکات نێوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت بە دەست بێنێت، بەمەش پێگەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کورد لە شارەکە بە هێزتر دەبێت، ئەگەری ئەوە هەیە یەک کورسی بە ژمارەی کورسیەکانی یەكێتی زیاد بکات.

 بەهەمان شێوەی نەوەی نوێش چاوەڕی دەکات، ڕێژیەک دەنگی هەبێت لە ناو دەنگدانی تایبەت کاریگەری هەبێت بۆ ئەوەی کە کورسیکی لە شارەکە بە دەست بێنیت، بەهەمان شێوە عەرەب و تورکمانەکانی شارەکەش هەمان چاوەڕوانیان هەیە.

 وا بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی جیاکردنەوە دەنگەکان لە کەرکوک تەواوبێت دواتر بە بڵندگۆ بۆ ڕای گشتی و چاودێران لە ناو هۆڵەکە ڕابگەینرێت.

دوای ١٨ ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک بەڕێوەچوو، کە تیایدا لایەن و پێکهاتە سیاسیە جیاجیاکان کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی ١٦ کورسی ئەنجومەنکە کرد، کە یەک کورسیان تایبەتە بە کۆتای مەسیحی.

لە دەنگدانی گشتیدا کە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، یەنەکە توانی بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ١٣٠ هەزار دەنگ ٥ کورسی مسۆگەر بکات. هاوکات پەدەکەش دوو کورسی بەدەستهێنا و کورسیەکانی دیکە بۆ لایەنە جیاجیاکانی عەرەب و تورکمان بوون.

بەهۆی بەشداری کورد بە چەند لیستێک لەو هەڵبژاردنەدا زیاتر لە ٥٠ هەزار دەنگی کورد بە فیڕۆ چووە.

هـ . ب