ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی بە بێ هیچ بەڵگەیەك و بە بێ هیچ تاوانێك ماوەی ٤٤ ڕۆژە ئاسایشی دهۆك، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی بێ سەروشوێن كردووە، جارێکی دیکە ڕێگریی لە تیمی پارێزەرانی کرا چاویان بە سلێمان ئەحمەدی ڕۆژنامەنووس بكەوێت.
ئەمڕۆ ماوەی ٤٤ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەلایەن پەدەكەوە بێسەروشوێن كراوە، تا ئێستا هیچ هەواڵێك لەبارەی شوێن و مان و نەمانییەوە نییە.
نەریمان ئەحمەد، ئەندامی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی وت: "لە دوو ڕۆژی ڕابردوو پارێزەرانمان چوونەتە ئاسایشی دهۆك بۆ بینینی سلێمان ئەحمەد، بەڵام بە بیانووی كۆبوونەوە پێیان ووتون بۆ ڕۆژی چوارشەممە وەرنەوە".
باسی لەوەشكرد، "ڕۆژی چوارشەممە پارێزەرانیان چوونەتەوە بۆ ئاسایشی دهۆك و بە شێوەیەكی ناشرین بەڕێیان كردوون بە بێ ئەوەی ڕێگە بدەن چاویان بە سلێمان ئەحمەد بكەوێت".
زیاتر لە دە جار تیمی پارێزەرانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد چوونەتە ئاسایشی دهۆك بۆ بینینی، بەڵام هەموو جارەكان بە بیانووی جۆراو جۆر ڕێگرییان لێكراوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی مادەی ١٤٤ـی بنەماکانی یاسای سزای دادگەریی عێراق، هەر كەسێك بە هەر تۆمەت و تاوانێك دەستگیر بكرێت، مافی خۆیەتی داوای پارێزەر بكات.
هەر بە پێی مادەکە، ئەگەر تۆمەتبار نەتوانێت پارێزەر بگرێت، ئەوا ئەركی حكومەتە کە پارێزەری بۆ بگرێت، بەڵام لەلایەن پەدەكەوە ڕێگری لە بینینی سلێمان ئەحمەد دەكرێت لەلایەن پارێزەرەكانییەوە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسایە.
هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژی ١ ی تشرینی یەکەم بۆ سەردان چوو بووە لای بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب. ڕۆژی ٢٥ ی تشرینی یەکەم، ئەوکاتەی دەیویست لەڕێگەی دەروازی پێشخابوور (سێمالکا)ـەوە بگەڕێتەوە باشوری کوردستان، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێنرا و ٤٢ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە.
هەفتەیەک پاش بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکەی دهۆک بە ڕاگەیاندراوێکی ناڕاست و پڕ لە چەواشەکاری، دووپاتیان کردەوە، ڕفاندنی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد "بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە" بە ئاشکرا هەڕەشەی سزادانی ئەم ڕۆژنامەوانەیان کرد و دانیان بە ڕفاندنیدا نا.
ڕۆژنیوز تۆمەتبارکردنەکەی ئاسایشی دهۆکی پەدەکەی شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەدی کرد و بەپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی ئەو رۆژنامەنووسەی خستە ئەستۆی پەدەکە.
تادێت ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر رفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئەو رۆژنامەنووسە زیاتر دەبن و لە نوێترین هەنگاویشدا لە رۆژانی رابردوودا ٢١٢ کەسایەتی و دەزگا و رێکخراوە لە باشووری کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای ئازادکردنی سلێمان ئەحمەدیان کرد.
هـ . ب