ئەمڕۆ لە بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان لە سلێمانی ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید بەبۆنەی ٣٧ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفال کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن بەختیار مستەفا خوێنرایەوە، گوتی: " ٣٧ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی بیستی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدا، تاکوو ئێستا وەڵامی قووربانییانی ئەنفال نەدراوەتەوە و حکومەتی هەرێمیش لایەنگری تاوانبارانی جینۆسایدی ئەنفال دەکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ناوی ئەو تۆمەتبارانەی بەشداربوون لە جینۆسایدی سەر گەلی کورد بدرێنە پۆلیسی ئەنتەرپولی نێودەوڵەتیی.
وتیشی: لە ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفالدا چەند داواکارییەک سەبارەت بە تۆمەتبارانی ئەنفال ئاراستەی لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین لەوانەش:
– دادگایکردنی تاوانبارانی ئەنفال کە لە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٠٧ـەوە بڕیاری دادگایکردن و زیندانیکردن بۆ بەشێکیان دەرچووە، داواکارین لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە ناوەکانیان بدرێتە پۆلیسی ئەنتەرپول.
– هێنانەوەی ڕووفاتی قووربانیان و ئەنجامدانی پڕۆسەی شیکاریی بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەیان.
– حکومەتی عێراق داوای لێبووردن لە قووربانیانی جینۆساید بکات.
– هەموو لیستەکانی مووچەی شەهیدانی جینۆساید، بریندارانی چەکی کیمیایی، زیندانیانی سیاسی، پیشمەرگەی دێرین بڵاوبکرێتەوە.
– سەربازگەی تۆپزئاوا لە لەناوچوون و فەوتان ڕزگار بکرێت و بکرێت بە مۆنۆمێنتێک بۆ قووربانیانی ئەنفال.
– وەڵامی داواکاریی کەسوکاری قووربانیان بدرێتەوە و جیاوازی لەنێوانیاندا نەکرێت.
– لێکۆڵینەوە بکرێت لە هۆکاری وێرانکردنی سەربازگەی دوبز کە دوا مەنزڵگەی هەزاران ژن و منداڵی ئەنفالکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، جێگای ئاماژەیە، وێرای هەموو ئەو داواکارییانە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ کام لەم تۆمەتبارانە، کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە ناویان دیارییکراوە، نە چوونەتە بەردەم دادگا، نە هەوڵیشدراوە ناویان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بدرێتە پۆلیسی ئەنتەرپول، کە چەندین جار داواکراون.