کاڵکان: تێکۆشان رادیکاڵتر دەبێت-١

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوڕان کاڵکان رایگەیاند، دەبێت هیچ کەس هیوا لەسەر ئاکەپە و مەهەپە هەڵنەچنێت و وتی "تێکۆشان رادیکاڵتر دەبێت".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوڕان کاڵکان لە بەرنامەی تایبەتی مەدیا هابەر تیڤیدا قسەی کرد و رایگەیاند کە ئەو هێزانەی لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە تێکۆشان دەکەن، دەبێت خۆیان ئامادە بکەن. کاڵکان بانگی لە هەموو کەس کرد کە لەناو بەرخۆدانی دیموکراتیکی دژە فاشیزمدا بەشدار بن.

کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد، کە تێکۆشان زۆر رادیکاڵتر دەبێت و وتی، "دەبێت ئێمە بە گوێرەی ئەوە خۆمان ئامادە بکەین. با کەس هەڵە نەکات. دەبێت هیج هاوڕێیەک هیوا لە سەر ئاکەپە-مەهەپە یاخود هاوپەیمانێتییەکانی ئێستا هەڵنەچنن. ئەوانەی کە هیوایان هەڵچنیوە تووشی هەڵەدەبن. دەبێت هەموو کەس پەرەسەندنەکان بە دروست بخوێنێتەوە و هەڵیانبسەنگێنێت، خۆی بە باشی ئامادە بکات و خۆی رێکبخات. وەرن خۆڕاگری بکەین. بەدڵنیاییەوە سەردەکەوین. ئەگەر ئاکەپە بە هەڵبژاردن لەناو بچووبایە، قۆناغێکی درێژخایەنی سیاسی دەستیپێدەکرد. ئێستا شانس و دەرفەتی گەورە هاتووەتە ئاراوە و لە دژی بەڕێوەبەری ئاکەپە شۆڕشێکی دیموکراتیک و دژەفاشیزم و رادیکاڵ سەردەکەوێت. ئەوەی گرنگە بەرەوپێشبردنیەتی. بۆ بەدەستهێنانی ئەوە ئێمە تێدەکۆشین. بانگ لە هەموو هەڤاڵان دەکەین کە بەشداری لە تێکۆشانی هاوبەشدا بکەن".

هەڵسەنگاندنەکانی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوڕان کاڵکان بەم جۆرەیە:

دوژمنایەتیش پێوانێکی هەیە

بەر لە هەموو شتێک بە رێزەوە سڵاو لە بەرخودانی مێژوویی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دەکەم. نەک گۆشەگیری، بەڵکوو پێی دەڵێم دابڕاندن و پچڕاندنی رەهای پەیوەندییەکان. لە بەرگێکی یاساییدا ئەوە بەردەوامە. وەک بزوتنەوە و گەل ٢٧ مانگە هیچ زانیارییەکمان لەسەر رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی دیکە لە ئیمراڵی نییە. پارێزەران و سیاسەتمەداران قسە دەکەن، هەڤاڵانیشمان هەڵسەنگاندن دەکەن. دەڵێن لە مێژووی جیهاندا گۆشەگیرییەکی بەو جۆرە پەیڕەونەکراوە. لەم دواییەشدا باسیان لەوەکردبوو کە ئەو کردەوانەی لە ئەفریقای باشووریش بەرامبەر بە نێلسۆن ماندێلا کرابوو بەم جۆرە نەبووە. مافمان هەیە. مافی زانیاری وەرگرتن دۆخێکی بەم جۆرەیە، نابێت ئاستەنگ بکرێت. بەڵام ئەو دۆخە پچڕاندنی پەیوەندیی و دۆخی گۆشەگیری رەها بەردەوامە. بۆ ئەوانەی ئیمراڵی بەڕێوەدەبەن هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە بوونی نییە.

مرۆڤ دەتوانێت ببێتە دوژمنیش، بەڵام دوژمنایەتیش سنوورێکی هەیە، پێوانێکی هەیە. شتێک بە ناوی یاسای شەڕ و یاسای دوژمنایەتی هەیە. دەکرێت ئێمە دوژمن بین. بەڵام بۆ نمونە دوژمنەکانیش پێکەوە دادەنیشن و دانوستان دەکەن. سەرنج بدەین کاتێک لایەنێک لایەنەکەی دیکە شکست دەدات شەڕ کۆتایی نایات. شەڕ زیاتر بە رێککەوتن و پەیماننامە دەگاتە کۆتایی. ئەمەش بە دیدار دەگاتە ئەنجام. دەکرێت ئێمە وەک دوژمن ببینن. بەڵام ئەو بەڕێوەبەرایەتی لە بەرزترین ئاستدا، لە ئاستی وەزارەتەکان، لە ئاستی سەرۆککۆماریشدا بەڵێنی داوە.

بەڵێنەکان لە بارەی گۆشەگیرییەوە جێبەجێ نەکران

دەتوانرێت بوترێت کە مرۆڤ ئایا مرۆڤ دەتوانێت باوەڕ بە بەڵێن و پەیمانی ئاکەپە بکات؟ ئەوەی دەیخۆن حەرامە، ئەوەی دەیڵێن درۆیە. ئێمە ناتوانیت هەر وابیڵێین و تێپەڕین. دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن. بەردەوام دوبارەی دەکەیەنەوە کە لە ئیمراڵی لەم رووەوە یاسا بوونی نییە. ئێمە دەڵێین گۆشەگیری بەردەوامە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی ئەوێ بەڕێوەدەبەن بەڵێنیان دا کە دۆخەکە بەو جۆرە نامێنێت. نە یاساکانیان جێبەجێ دەکەن نە بەڵێنەکانیان دەبەنەسەر. هەڵبەتە بڕیارە نێونەتەوەییەکانیش جێبەجێ ناکەن. بابەتەکە تەنیا بۆ ئیمرڵی نییە. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لەسەر دۆسیەی کۆبانێ بڕیاریدابوو کە دەبێت هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و زیندانیانی دیکە ئازاد بکرێن. گوایە یاسای تورکیا بە یاسای ئەوروپاوە بەستراوەتەوە. پەسەندی دەکات بەڵام جێبەجێی ناکات. مامەڵەی ئەوان کە جگە لە سیاسەتی خۆیان هیچ شتێکیتر بە فەرمی ناناسێت، بەردەوامە. ئێمە پێشتریش رامانگەیاند، ئەو سزایانەی دیسپلین بێبنەما و سەرەرۆیانەن. بەڵام باتەتەکە ئەوەیە بۆجی ئەو سزایانە سەپێندراون؟ جارێک وتبوویان بەهۆی قسەکردن بە دەنگی بەرز... ئەگەر بەراستیش سزا سەپێندرابێت دەبێت هۆکارێکی هەبێت. ئەو هۆکارانە ئاشکرا ناکرێن. لەبەر ئەوە دەزانین کە لە ئیمراڵی شتێک کە پێویستی بە سزای بەو جۆرە بێت رووینەداوە. ئەمانە هەمووی پاساون. لایەنێکی ئەو دۆخە رێگرییە لە دیدار و لایەنی دیکەی، کە خۆی لە خۆیدا گرنگترە، لە ساڵی ٢٥ەمینی سیستمی ئیمراڵی، بە گوێرەی یاساکانی ئەوروپا دەبێت چاوخشاندنەوە بەسەر دۆخی رێبەر ئاپۆدا بکرێتەوە. شتێک بە ناوی مافی هیوا، دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوە راوەستە لەسەرکردن بۆ دۆخەکە بکرێت. دەبێت دادگایی بکرێتەوە و ئازاد بکرێت.  

نابێت ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگ بێت

لە دۆخی ئاساییدا بە گوێرەی بنەما یاساییەکانی ئەوروپا نابێت کە رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵیدا رابگیرێت. پارێزەرانیش ئەوەیان خستەڕوو. لەماوەی رابردوودا راوەستەی لەسەر کرا. بەو واتایە دەهات کە دەبێت مرۆڤ یاسای ئەوروپا بخوێنێتەوە، ئێمە لەجێدا فێربووین. کاتێک مرۆڤ بزانێت کورسی تۆمەتبار و یاسا جییە، ئەوە بە واتای فێربوونێکی قوڵ دێت. ئێمە پێشتریش وتبوومان کە ئەو سزایانەی دیسپلین بە واتای ئەوە دێت. وتمان دەبێت راوەستە لەسەر ئەو شتانە بکرێت. ئێستا زۆر لایەن راوەستە لەسەر ئەوە دەکەن، بە دڵنیاییەوە دەبێت مرۆڤ پێداگری بکات، دەبێت ئێمە بەرامبەر بە دۆخە باشتر تێبکۆشین. پارێزەران، یاساناسان، سیاسەتمەداران و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ سەرنج بۆ سەر ئەوە رادەکێشن.

بەم جۆرە بەردەوام نابێت. نابێت ئەوروپا بەرامبەر بەو دۆخە بێدەنگ بێت. دامەزراوەکانی ئەوروپا، سی پی تی، ئەنجومەنی ئەوروپا هاوبەشن لەم کردەوە نایاساییەدا یا خود هاوبەشی کردەوەکانن لە ئیمراڵی. لەبارەی ئەوەوە رەخنەی بەرچاو هەیە. ئەوە زۆر روونە. لەوێشەوە زۆر دەنگ دەرناکەوێت.

ئەم حکومەتە حکومەتی کورد نییە

هەڵبژاردن ئەنجامدرا، هاوپەیمانیی کۆمار کە لە کەنارەکانی دەریا ئیجە و کەنارەکانی دەریای سپی و مەڕمەڕە و کوردستان سەرنەکەوت، ئێستە حکومەت پێکدەهێنێت. بەڵام بابڵێین لە دەرەوەی ئەم شوێنانە سەرکەوت، زیاتر لە ٧٠٪ ی کورد ئەردۆگان و هاوپەیمانییەکەیان ڕەتکردەوە، دەنگیان پێ نەدان، کەچی پارتی چەپی سەوز لە زۆر شاردا سەرکەوت و زیاتر لە ٧٠٪ ی دەنگەکانی هێنا. لە هەندێک شار گەیشتە ٥٥_٦٠٪. ئێستە حکومەت لەلایەن ئەردۆگانەوە پێکدێت. لە پەرلەمان بڕیارەکان لەلایەن هاوپەیمانیی کۆمارەوە دەدرێن. گەلی کورد هەردووکیانی ڕەتکردۆتەوە، بڕیاری هەردوو دامەزراوەکەی ڕەتکردەوە. ئەوان ئیرادەی گەلی کورد نین. بۆ نموونە، دەڵێم، ئەگەر ئەمە لە کوردستان ڕووینەدایە بەڵکو لە بەشێکی تری جیهان ڕوویدابا، ئەگەر لە جڤاکێکی تر ڕوویدابا، ئەوا ئەو دەوڵەت و سیاسەتمەدارانە، ئەو کەسانەی وەک بەرگریکاری مافی مرۆڤ دەردەکەون، هەڵدەچوون و دەیانگوت ئەم حکومەتە ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، چونکە ڕەتکراوەتەوە و شکستی هێناوە. بەڵام، ئێستە هەمووان بێدەنگن، با تۆزێک سەرنج بدەین، وەک ئەوەی ئەم ئەنجامە بەدی نەهاتبێت، پاش ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا، گەلی کورد حکومەتی ڕەتکردەوە، بۆیە بڕیارەکانی دژی کورد دەبێت، دەگاتە ئاستی جەنگ. هەموو شتێک دەکەن بۆ قڕکردنی گەلی کورد، هەمووان بەم دۆخە ئاشنان، بەڵام کەس ورتەی لێوە نایەت. ئەوە دۆخی ئیمراڵییە، هەموو شتێک نایاسایی بەڕێوەدەچێت، هەموو مافێک پێشێل دەکرێت، ستەم و سەرکوت بەڕێوەدەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بێدەنگن، بۆچی؟ چونکە ئیرادەی کورد لەوێیە، ئیرادەی کورد لەپێناو ئازادی لەوێیە، ئەمە هەمووی پەیوەستە بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ گەلی کورد و قڕکردنی ئەم گەلە.

دامەزراوەی سەرەکیی قڕکردنی کورد سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵییە

دامەزراوەی سەرەکی بۆ قڕکردنی کورد سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرکردنی ئیمراڵییە. ئەوە ٢٥ ساڵە بەم جۆرەیە. پێش ئەوە، دامەزراوەی تری هاوشێوە هەبوون، لە سەدەی ڕابردوو کوردانی هەر چوارپارچەیان لەسێدارە دەدا. ئێمە ئەوە دەزانین، ئێستەش هەر بەم جۆرەیە. هەر بۆیە، کەس قسە ناکات، پێویستە ئەمە ئاشکرا بکرێت، بەڵکو دەبێت لەوەش زیاتر بکەن. بۆیە دەبێت تێکۆشانی یاسایی و سیاسی پەرە پێ بدەین. تێکۆشان زۆر گرنگە، لەسەر ئەم بناغەیە، تێکۆشان لەسەر هەموو ئاستەکان بەردەوام دەبێت. سڵاو لە هەموو تێکۆشانەکان دەکەم لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دژی سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. پێویستە هەمیشە ئەمە بڵێین، نابێت کەس بڵێت تێکۆشانەکانمان بێ ئەنجامە، تێکۆشان زۆر گرنگە، تێکۆشان کاریگەری دەکاتە سەر سیاسەت؛ بێگومان کاریگەری دەکات سەر ژیان لە ئیمراڵیش. تێکۆشانی گەل دیوارەکانی ئیمراڵی دەڕووخێنێت و سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی دەشکێنێت. دەبێت خەڵک بڕوایان بەمە هەبێت. دەبێت بڕوابکەن لەڕێگەی تێکۆشانەوە سەردەکەون. ئەگەر تێکۆشان بەتنیتر بکەین، بێگومان ئەنجاممان دەبێت. با گەلەکەمان و دۆستەکان ئەم ڕاستییە بزانن، نابێت لەم ڕووەوە نائومێدی هەبێت، نابێت بێ ئەنجامی لەبەرچاو بگیرێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر تێکۆشانی زیاتر بکەین، ئەنجامی زیاترمان دەبێت. بۆیە دەبێت تێکۆشانی بەهێزتر بکەین، دووبارە داوا لە هەمووان دەکەم تێکۆشان مەزنتر بکەن.

بەرخۆدانمان مەزنتر دەبێت

سەرەتا و پێش هەموو شتێک، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەم شەڕە بکەمەوە. دەمەوێت لە کەسێتی شەهید زەردەشت، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەکەمەوە، هەروەها شەهیدەکەمان لە سلێمانی، هەڤاڵ حسێن ئاراسان، هەروەها شەهیدەکانمان لە بۆتان و لیچێ، سڵاو لە گەریلا و گەلەکەمان دەکەم کە دژی هەموو جۆرە دیکتاتۆرییەت و فاشیزمێکی ئەردۆگان و هاوپەیمانیی کۆمار بەرخۆدان دەکەن. بێگومان ئەم بەرخۆدانە، تا دێت مەزنتر و پەرەسەندووتر دەبێت.

بڕیارەکەمان بۆ وەستاندنی چالاکیی سەربازی، بێ‌وەڵام بوو 

تا ئێستا باسمان وەستاندنی چالاکی کردووە، ڕەنگە ئەمە جێگەی سەرنج و پرسیار بووبێت. بەهۆی بومەلەرزەوە، ڕێبەرێتی ئێمە ڕاگرتنی چالاکی بە پێویست زانی، ئەمە ڕاست بوو، ئێمە لەپشتی بڕیارەکەوە بووین. ئێستەش پێمان وایە کارێکی ڕاستمان کردووە. پاشان بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایارەوە، بڕیارەکەمان درێژکردەوە، بۆ ڕێگەگرتن لە هەر گەڕپێگرتنێک. ئێمە هەموو ئەمانە بە واتادار دادەنێین، بۆیە دووبارەی دەکەینەوە. ئێمە قسەمان کرد، و هەڤاڵەکانمان قسەیان کرد؛ لە هەمووی گرنگتر فەرماندەیی ناوەندیی پارتەکەمان قسەی کرد و هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی پێکرد، ئەم هەڵوێستە دەسپێشخەری ئێمە بوو، بەڵام لایەنی بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی نیشان نەدا. هەرچەن کاتی لاوازی و سەرقاڵی هێرشەکانیان کەمتر بوون، بەڵام کاتێک ئامادەبوون هێرشەکان زیادیان کرد، ئەم بڕیارەمان بۆ ڕاگرتنی چالاکی سەربازی هیچ وەڵامێکی نەبوو لەلایەن ئیدارەی دەوڵەتی تورکەوە.   

هەندێک ناوەند ئەم بڕیارەیان بە ئەرێنی دایە قەڵەم، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە تا ئێستا، کەواتە سەرنجات بۆ چ خاڵێک ڕادەکێشین؟ هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ئەنجامەکان ئاشکرا بوون، دەستوبرد ئیدارەی نوێ دامەزرا، وەک ماشێن کاردەکات، ئەمە واتە ئەردۆگان پێشوەختە خۆی ئامادە کردبوو، هەموو شتێکی دەزانی. ئەو وەک ئەکتەر ڕۆڵی دەگێڕا لە سیناریۆیەکدا کە پێشتر نوسراوە و ئامادەکراوە. هەروەها هێرشەکان زیادیان کرد، چەندین هێرشی سەربازی لە هەموو هەرێمەکان ئەنجامدران.      

زانیارییەکان لای فەرماندەیی ناوەندی هەن سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئاماری مانگانە و ڕۆژانە پێشکەش دەکن. ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠-٦٠ هێرش هەن. لەماوەی چەند ڕۆژێک سەدان هێرش هەبوون، هەروەها هێرشی زەمینی هەبوون. دەیانەوێت هێرشی داگیرکاری لە خواکوڕک زیاتر بکەن، لە هەرێمەکانی بۆتان و لیچێ و باکوری کوردستان هێرشیان کرد، هەموو بەرگری و شەڕێکی ڕووبەڕووی دژی ئەم هێرشانە ئەنجامدران. هەروەها هێرشی بەردەوام لەسەر ڕۆژئاوا هەیە، هێرشکرایە سەر شەنگال و سلێمانی.  ئیدارەی میت گۆڕا، بەهەرحاڵ، ئیدارەی نوێ دەیەوێت بەم هێرشەی سلێمانی خۆی بسەلمێنێت. دەیەوێت بڵێت منیش لەم بوارەدا کاردەکەم. لە ڕۆژی هەڵبژاردن، ئەندامێکی ئیی پارتی ڕووبەڕووی هێرشی توند بووییەوە، مناڵێکیان لە گەڤەر شێلا، ڕۆژانە خەڵک دەستگیر دەکەن، هاوسەرۆکانی شارەوانی باتنۆس دەستگیرکران، هێرشی زیاتر دەکرێت. بێگومان هێرشەکان ڕەهەندی سەربازی و سیاسییان هەیە، ئیتر وەستاندنی چالاکی سەربازی بەرامبەر ئەم شتانە بێ مانایە.  

ئەم دەسەڵاتە بە شەڕ و کۆمەڵکوژی درێژە بە مانەوەی دەدات

هێرشە فاشیست و ستەمکارانە و بکوژەکان زیاتر دەبن، لە بەرامبەردا بەرخۆدانێکی بێ‌وێنە هەیە. گەریلا بەردەوام بەرامبەر هێرشەکان بەرخۆدانی کردووە، وەڵامیان داوەتەوە و دوژمنیان شکاندووە. لەم ڕووەوە، وریا بوون، پێویستە پەرەی پێ بدرێت بەجۆرێک شێوازی کۆن تێپەڕێت و ڕێگەی نوێ گەشە پێ بدەن بۆ کارکردن لە بواری فراوانتر و جووڵەکردن بەرەو ئامانجی تازەتر. ئەمە بڕوای منە. فەرماندەیی ناوەندی تەڤگەرەکەشمان ڕایگەیاند گەریلا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی، ئەمە گرنگە.

سوپای داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر شەنگال و ڕۆژئاوا، هەروەها هێرشی کردە سەر سلێمانی وڵاتپارێزێکی شۆڕشگێڕی تیرۆر کرد. ئەمە تیرۆری زیاتری لێ دەکەوێتەوە. بەڕاستی سنووری بەزاندووە. پێویستە هەڤاڵەکانمان، هەموو وڵاتپارێزەکان، گەلەکەمان و هیزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکانی تورکیا ئەمە ببینن، بزانن بەرامبەر ئیدارەیەک وەستاون بە شەڕ و کۆمەڵکوژی بەپێوەیە. تا ئێستا هەر وا بووە. بێگومان ئەم ئیدارەیە هێرشی زیاتر دەکات، دەبێت ئەمە ببینین. ئەمە مانادارە، دەبێت هەمووان ئەم ڕاستییە ببینن. لەم حاڵەتەدا، دەبێت هەڵوێستەکان لەسەر ئەم بناغەیە دابڕێژن، هەستیاری پێویستە، نابێت وەها ڕەفتاربکەین، وەک‌بڵێی هیچ نەبووبێت، دوژمن دەیەوێت لەناومان ببات، بەرامبەر ئەم خواستەشی دڵسۆزە، ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا هێرش دەکات، بۆیە پێویستە وەڵام بدەینەوە، پێویستە چ بکەین؟ پێویستە ڕێکارەکانی خۆپاراستن پێشبخەین، سەلامەتی خۆمان بپارێزین، مەسەلەکە هەر پەیوەست نییە بە گەریلا و شەڕڤانە شۆڕشگێڕەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو گەلەوە، وڵاتپارێزان و ژنان و گەنجان، ئەمە بۆ ئەوانیش ڕاستە، چونکە هێرش دەکەنە سەر هەمووان. ئاشکرا نییە هێرش دەکەنە سەر کوێ و کێ، بۆیە دەبێت هەمووان ڕێکاری سەلامەتی تایبەت بە خۆیان بگرنە بەر، ڕێکاری خۆپاراستن پیادە بکەن، نابێت وا بزانین لە ژینگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک دەژین، نابێت چاوەڕێی بین کەس بمان پارێزێت.  

دەبێت لە ڕیزی تێکۆشەران بین

شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، پێویستە دژی ئەم هێرشانە تێبکۆشین، دەبێت لە تێکۆشەران بین، پێویستە هەر شۆڕشگێڕێکی وڵاتپارێز، ژن بێت یان گەنج ببێتە شەڕڤانی ئازادی، دوژمن هێرش دەکاتە سەرتان، کاتێک دەرفەت هەبێت، پێویستە تێکۆشان بکرێت، دەبێت گورز لە دوژمن بدرێت بۆ دەرخستنی هێز و توانامان، ئەمە بەرخۆدانی جەماوەرییە، هەروەها بەرخۆدانی سەراپاگیر بەم جۆرە دەبێت، ناودەبرێت بە خۆپاراستن؛ پێچەوانەوەی ئەوە، ناکرێت باس لە خۆپاراستن بکرێت، چونکە نزیکایەتییەکان دووردەکەوێتەوە لە بواری سەربازی و هەڵە دەکەوێتەوە. سەرەتا سەربازییە و پەیوەستە بە ئاسایشەوە، پیویستە ئاسایشی خۆتان بپارێزن، ئەمەش لەباری سەربازییەوەیە، هەروەک مانای دیکەشی هەیە، بەڵام لەڕووی دوایین شیکارییەوە، ئاسایشی سەربازی گرنگە. لەم ڕووەوە، پێویستە گەلەکەمان و هاوڕێکانمان و وڵاتپارێزان بەباشی ئەمە تێبگەن، ئەوان هەوڵی قڕکردنمان دەدەن، بۆیە دەتوانین لە دژیان تێبکۆشین و گورزیان لێ بوەشێنین، ئەرکمان ئەوەیە، تێکۆشانێکی لەم جۆرە بکەین و تێکەڵی شەڕ بین، دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن، دوای نەڵێن ئێمە ئەمەمان گوتوە و جێبەجێیان نەکردووە، با وریا بین، دوژمن ئەوەندە هێزی نییە کەچی هێرش دەکات و ئەنجامی دەبێت. نابێت ئەم دەرفەتەی پێ بدەین. بەم هۆیەوە. داوا دەکەم هەمووان وریا و بێدار بن، ئاسایشی خۆیان بپارێزن و دژی دوژمن شەڕبکەن، بانگەواز دەکەم هەمووان تێبکۆشن دژی سیاسەت و زیهنیەتی فاشیستی و کۆڵۆنیاڵیستی و هەموو هێرشەکان، تەنها ئەم جۆرە شەڕە بە خۆڕاگری و زیندوویی دەمانهێڵێتەوە.

دەسەڵاتی فاشیستی خۆی نوێکردەوە

هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار لەسایەی تێکۆشانێکی مەزن ئەنجامدرا، بەرخۆدانی گەریلا بناغەی ئەم تێکۆشانە بوو، لەسەر بناغەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی ئەم تێکۆشانەمان کرد. هەروەها دوژمن هێرشی بەرفراوانی دەکرد بۆ قڕکردن، لە شەڕێکی بەفراوانی لەم شێوەیەدا، وەک شێوەیەکی نوێی تێکۆشان دەرکەوت. شێوازی تێکۆشانی سیاسی گرنگ بوو، ئێمەش بەدیمان هێنا، لەبەرئەوەی گرێدراوبوو بە ئەنجامەکانی ئەم تێکۆشانەوە، بۆیە ڕێڕەوی تێکۆشانی قۆناغی دواتری دەستنیشان دەکرد، ئەمە گرنگ بوو. پێدانی ئەم بایەخە هەڵە نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی ڕاست بوو، لەڕاستییدا. ئەنجامێکی گرنگ دەرکەوت، شەفافیەت دەرکەوت، ئەنجامەکان وەک هەڵبژاردنەکە گرنگ بوون، گومانی تیا نییە، دەبێت ئەمە بزانرێت، ئەگەر فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە هەڵبژاردن بدۆڕیایە، ئەگەر فاشیزم بەرەو لێواری داڕمان بڕۆشتایە، ئەوا ڕێگەی دیموکراسی لە تورکیا دەکرایەوە لەسەر بناغەی ئازادی تورکی_کوردی، ئەوکات تێکۆشان لەسەر ئەم بناغەیە دەبوو، تێکۆشانێکی نوێ دەردەکەوت، بە ڕێگە و شێوازی تایبەت بە خۆی. ئێستە چی دەرکەوتووە؟ ئەردۆگان و هاوپەیمانی کۆمار پشت بە چ دەبەستن؟ فاشیزم خۆی نوێکردەوە، ئیدارەکەی بەهێزکرد، لەلایەکی ترەوە، بێگومان سیاسەتەکانی پێشووی بەردەوامە، هەوڵەکان بۆ بەدامەزراوەییکردنی فاشیزم و دیکتاتۆریەت بەردەوام دەبێت. بەڵام لەلایەکی ترەوە، چیتر وەک پێشوو نابێت، دەیەوێت بە ڕێگە و شێوازی نوێ هێرش بکات، ئەردۆگان گوتی، هێرشە سەربازییە ناوخۆی و دەرەکییەکان و هێرشە دیپلۆماسییەکان بەتینتر دەکەین. بەم هۆکارە تێکۆشان ڕێگەی نوێ دەگرێتە بەر، تێکۆشانێکە لەنێوان دیکتاتۆرییەتی فاشیست و دیموکراسی، کوردایەتی ئازاد و دیموکراسی لە تورکیا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

لەم چوارچێوەیەدا، گفتوگۆی جدی هەیە، هەندێک گفتوگۆ و نرخاندنی گرنگ هەن، نابێت بڵێین وا نییە. بەڵام هەندێک نرخاندنی تەسک و ڕووکەش و فۆرماڵیش هەن و گرنگی ئەوتۆیان نییە. نابێت باسی لێ بکەین. بۆ نموونە، نزیکایەتییەک هەیە هەموو شت دەبەستێتەوە بە مرۆڤەوە، وەک ئەوەی پێش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ئەردۆگان چەندین بازنەی ناوخۆی و دەرەکی دڵسۆز و پشتیوانی دەسەڵات بوون، ئەمە تا ئێستاش بەردەوامە. پێش هەڵبژاردن زۆر شتیان لەبارەی کلیچدار ئۆغلۆ گوت، بەڵام ئێستە هەر وەک بڵێی شتی وایان نەگوتبێت، ڕاوێژکاری دەکەن بۆ ئیدارەی نوێ، دەیانەوێت بەشداربن لەم ئیدارەیە، نزیکایەتی و هەڵوێستی نائەخلاقی لەم جۆرە هەیە.    

فاشیزم خاوەنی بنکەی جەماوەرییە

خاڵی گرنگ ئەوەیە، زۆرێک لە نرخاندنەکان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نین، ئەوە چۆنە؟ ڕاستییەکەی پێش مانگێک، واتە پاش هەڵبژاردنی ١٤ ئایار نرخاندنێکمان کرد، ئێمە هێشتاش ئەو شێوازانە دەپارێزین. بۆ نموونە، ئاکەپە دەیەوێت ئەو شتەی لە تورکیا بە مەهەپەی کرد، لە کوردستان بە پەدەکەی بکات. ئەمە گرنگە، زۆر کەس ئەوە نابینن. زۆرجار دەڵین، ساختەکاری کرد، دەنگەکانی دزی، ئەمە ڕوویدا بۆیە سەرکەوتن. باشە، ڕەنگە سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنابێت، ڕەنگە کلیجدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکان براوە بووبێت، ساختەکاری زۆر هەبوون؛ بەڵام خۆ دەزانرا ئەمە ڕوودەدات، ئەمە بەشێکە لە مەسەلەکە، ئەمە ڕەهەندە تەکنیکییەکەیەتی ئەمە ساختەکاری نییە، با بڵیین کلیجدار ئۆغلۆ بە فێڵ و ساختەکاری نەبووە سەرۆک، بەڵام ئەگەر کلیچدار ئۆغلۆش ببایە بە سەرۆک، هێشتا ئەردۆگان ڕێژەیەکی زۆر دەنگی هێناوە.

هەر هەمووی فێڵ و ساختەکاری نییە، ئێستە ئەم دەنگانە گرنگە، دەبێت بزانین دەرخەری چییە؟ ئەم فاشیزمە خاوەنی بنکەی جەماوەرییە و بۆ هەمووان دەرکەوت. ڕێبەر ئاپۆ ڕوونی کردەوە، دەوڵەت_نەتەوە خەڵک دەکاتە مێگەل لەڕێگەی سەرکوتی جڤاکەوە، ئەمە لە تورکیا ڕوودەدات. تورکیا جڤاکەکەی بەستەوە بە مەهەپەوە، ئێستەش دەیانەوێت کورد ببەستنەوە بە حزبوڵاوە، ئەمە گەورەترین تاوان و هەڵەی ئەردۆگان و ئاکەپەیە، ئەمە دەنگێکی کەم نییە، لەڕێگەی هونەر و ڕیکلام و پەروەردە مێشکی خەڵک دەشۆنەوە، زیهنیەت و سۆزێکی نوێ بەرهەم دێت.

لەڕوویەکی ترەوە، نەوەک هەر زیهنیەت دەبەخشرێتەوە، بەڵکو ڕێکخستن دەکرێت، چەتەکانی فاشیزم ڕێکدەخرێن، وەک چۆن چەتەکانی داعش و قاعیدە و ئیخوان موسلمین هەن، ئێستە چەتەکانی حزبوڵا و مەهەپە هەن لەسەر بناغەی ئاکەپە، ڕێکخراون و چەکدارنم بڕوانن ئەندامێکی ئیی پارتی لە شەوی هەڵبژاردن دەکوژن، ئەگەر تێکۆشانێکی بچوک هەبوایە، یان بگوترایە ئەردۆگان دۆڕاوە دەڕژانە سەر شەقامەکان.

ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ نەیتوانی کۆبوونەوەکەی بکات، ئەوکاتەی لە ئەرزەڕۆم بەردباران کرا و هەڵهات بۆ ئەستەنبوڵ، کلیچدار ئۆغلۆ هەر نەچوو. ئەگەر کلیچدار ئۆغلۆ بووبایە بە سەرۆک، دەبووە سەرۆکێک کە نەیدەتوانی کۆبوونەوەیەک لە ئەرزەڕۆم ڕێکبخات. ئێستە بێجگە لە ئاکەپە و مەهەپە و حزبوڵا، کەس ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنانەی ئەردۆگان زۆرینەی هێناوە، لەوێ چەتەی ڕێکخراو و چەکدار هەن. ئەمە مەترسییەکی مەزنە. ئەمە هەر هەڕەشە نییە لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ، بەڵکو مەترسییە بۆ ئایندە تورکیا، نەوەک هەر بۆ تورکیا  و کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەنانەت بۆ هەموو مرۆڤایەتی مەترسییە. هەندێک بازنەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەمە نابینێت و چاودەپۆشێت لە دیموکراسی  بەناوبانگی ڕۆژئاوایی، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ ئەردۆگان دەکەن لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان. تەنانەت پێش ئەنجامەکان، سەرۆکی فەرەنسا سەرکەوتنی ئەردۆگانی ڕاگەیاند، ئەمە جێی قبوڵکردن نییە. کاتێک ڕووبەڕووی داعش بوویەوە، دەست و پێی تێکئاڵان، داعش لە تورکیا ڕێکدەخرێت، هەر بەمە ناوەستێت، چاوپۆشی لێ دەکرێت، ئەم ڕاستییە لە هەڵبژاردنەکان گرنگترە. مەترسییەکی گەورەیە، دەبێت ببینرێت و تێکۆشان و هەڵوێست دژی بنوێنرێت، ئەمەش بە تەنها ئەرکی کورد نییە.

ئەگەر هەندێک بڵێن کوردەکان ئێستە لەژێر هێرشدان و جارێ نۆرەی ئێمە نایەت، ئەوە هەڵەن، ئەردۆگان بە چەتەکان هەڕەشە لە هەمووان دەکات، سبەی نۆرەی هەموویانە. ئەمە مەترسییە بۆ هەمووان. جێی مشتومڕ نییە. هەندێک لایەن کاردانەوەیان نییە، وەک شتێکی سرووشتی سەیری دەکەن. هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپە و حزبوڵا وەک هاوپەیمانییەکی ئاسایی دەبینن، لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەم هاوپەیمانییە بە ئاسایی دەبینن، ئەمە هەڵەیەکی مەزنە.

بۆچی جەهەپە و کلیچدار ئۆغلۆ تێنەکۆشان؟

لەلایەکی ترەوە، دوایین جار نرخاندنمان بۆ جەهەپە کرد. جەهەپە چەندین جار ئەمەی کردووە، ڕاستییەکەی، ساڵی ٢٠١٨، موحەرەم ئینجە لەپێشەوە بوو، پاش ١٢ کاتژمێر دیار نەما. پاش چەند کاتژمێرێک ئەردۆگان گوتی: "دۆخەکە ڕوونە، من براوەم". ئەویش ئەمەی قبووڵکرد و گوتی "براوە بووم". بۆ نموونە، گوتیان لە شارەوانییەکان براوە بووین، لەم هەڵبژاردنەی ١٤ ی ئایار تا کاتژمێر ١٢ و ١ لەپێشەوە بووین. پاشان ورتەیان لێوە نەهات. دواتر گوتیان هاوپەیمانیی کۆمار دەنگی زۆری هێناوە. ئینجا گوتیان ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنە براوە بوو.

ئێستەش کلیچدار ئۆغلۆ دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە ڕەوا نەبوو، ساختەکاری هەبووە، کاری نائەخلاقی هەبووە. باشە، ئەی بۆ تێناکۆشیت؟ جەهەپە تا کاتژمێری ١٢ ی شەوی هەڵبژاردن بەرگری کرد، لێدوانی دەدا، پاش کاتژمێر ١٢ پاشەکشەی کرد. ئەوان هەڵبژاردنەکان دەدەنە ئەردۆگان و ئەردۆگان براوە دەبێت. ئیدارەی کلیچدار ئۆغلۆ بەو جۆرە بوو، ئێمەش بینیمان.

ڕاڤەیەکی نوێ بۆ دیموکراسی پەرەی نەسەند

بۆچی هاوپەیمانیی میللەت سەرنەکەوت، پێویستە نرخاندنی بۆ بکرێت. ئەوان ئەم ڕەوشە ناخوێننەوە. ناتوانن ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش بکەن. ئەوان سیستەمێکی پەرلەمانی بەهێزتر دەخەنە جێگەی سیستەمی سەرۆکایەتی لەپێناو دیموکراسی. بێگومان پێش سەرۆکایەتی سیستەمی پەرلەمانی هەبووە. ئەمە ڕوویدا چونکە جێبەجێ نەکرا. ئەمە پێشنیاری گۆڕان نییە. ئەمە پێشنیارێکە لەپێناو ڕابردوو. باس لە گۆڕان دەکەن، کەچی هیچ شتێک دەربارەی گۆڕانی ڕاستەقینە ناڵێن. ڕاستییەکەی شکستیان هێنا لە دەستنیشانکردنی کێشە سەرەکییەکانی تورکیا. پرسی کورد هەیە، پرسی ژن و کرێکاران هەیە. ناتوانن تەرکیز بکەنە سەر شەڕ و پەیوەندییەکانی دەرەوە. ئەردۆگان چی گوت کاتێک وەک ڕکابەری ئەو هاتنەپێش. ئەردۆگان هەموویانی ئاراستە کرد. بە زمانی ئەردۆگان دژی پەکەکە جووڵانەوە. ئەنجامەکەی چ بوو؟ پەکەکە واتە پرسی کورد. ئەگەر ناتوانی شتێکی باشتر بۆ پرسی کورد بهێنی، مادام پرسی سەرەکی لە تورکیا پرسی کوردە، بۆیە ناتوانیت شتێکی باشتر لە ئەردۆگان بڵێیت.

ڕەنگە کلیچدار ئۆغلۆ کەسێکی خاکەڕا و هەستیار و بیرۆکراتێکی سەرکەوتو بێت، بەڵام سیاسییەکی باش نییە. ئەو تێکۆشەر و ڕاگری جڤاک نییە. لە هەستیارترین ئاستدا، بووە هۆی سەرکەوتنی ئەردۆگان و ئاکەپە و مەهەپە. وا دەردەکەوت تێدەکۆشێت، بەڵام بێهودە. بۆیە تێکۆشەر و سیاسییەکی باش نییە. نەیتوانی بەرنامەیەکی دیموکراتیک پێشنیار بکات. ئێستەش هەندێک دەڵێن پێویستە جەهەپە گۆڕانکاری بکات. باشە ئەم گۆڕانخوازانە چ دەڵێن، پێشنیاریان چییە بۆ بەرنامەی جەهەپە؟ وەڵامیان چییە بۆ کێشە سەرەکیەکانی تورکیا؟ ئاخۆ کلیچدار ئۆغلۆ دەیگۆڕێت یان نا؟ ئێستە مشتومڕی لەسەر دەکەن. ئەمە دەسکەوتی نیە. دەبێت جەماوەری جەهەپە لەم دۆخە تێبگات. جەهەپە بەم شێوەیە دەوردراوە، هەرگیز ناگاتە دەسەڵات. کلیچدار ئۆغلۆ وەک هەرە چەپترین کەسیان دەردەکەوێت. کەسانی ناڕازی پارتی ڕەفاهـ و ئاکەپەی گرتەخۆ. ئێستە چ دەکات؟ هەر بەڕاست بەرنامەیەکی دیموکراتیک پێشنیار دەکەن، یان بەرماوەی جەهەپە دەگۆڕن بۆ ئاکەپە؟ دەبێت لەسەر ئەم شتانە هەڵوەستە بکرێت. چونکە مشتومڕەکان لەم ئاستەدا نییە. هەروەها ناوەڕۆکی نرخاندنەکان وەها نییە، بەڵکو زۆر لاوازە. بەتایبەت هی ئەوانەی خۆیان بە ڕۆشنبیر و ژۆڕناڵیست و نوسەر دەناسێنن و هیچی لێ نازانن. دەتوانم بەڕوونی بڵێم. ئەم شێوەیە قبوڵکراو نییە. وشەکانیان سوک و بەتاڵە. وەک‌بڵێی خەڵک دەخەڵەتێنن، شتێک لەمەوە بەدەست نایەت. بۆیە دەبێت لەنێو جەهەپەدا گۆڕانکاری بکرێت. دەبێتە جەماوەرەکەیان دەربارەی سەرتاپای سیاسەتی پارتەکە گفتوگۆ بکەن.

ئێمە قۆناغی خۆڕەخنەکردن بەجدی وەردەگرین

مشتومڕی زۆر هەیە لەنێوان هێزە دیموکراتیکەکان. ناودەبرێت بە قۆناغی خۆڕەخنەکردن. ئێمە ئەم قۆناغە بەجدی وەردەگرین. پێویستە ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت. قۆناغێکی نوێی تێکۆشان پەیدابوو. لەپێناو بەدیهاتنی ئەم داخوازییانە بە سەرکەوتوویی، پێویستە وانە لە ڕابردوو وەربگرین. پێویستە بە شیکردنەوە و ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن بە ڕابردوودا بچینەوە. تەنها ئەوکاتە دەتوانین بەباشی لە قۆناغی نوێ تێبگەین. بەباشی ئەرک و بەرپرسیارێتییە پراکتیکییەکان بەجێ بگەیەنین. هەموومان بەم ڕێگەیە ئەنجامی دەدەین. ڕێگەی دیکە نییە. هیچ سەرکەوتنێک لەم قۆناغەدا نییە بەبێ وانەوەرگرتن لە ڕابردوو، بەبێ ڕەخنە. چونکە ئێوە ناتوانن نوێبوونەوەیەک بهێننە دی.

لەپێناو گۆڕینی جڤاک پێویستە خۆتان بگۆڕن. لەپێناو نوێکردنەوەی جڤاک و سیاسەت، دەبێت خۆتان نوێ بکەنەوە. ئەمە واتە بەسەر هەڵەکانی ڕابردوو زاڵدەبیت و خۆت ڕاست دەکەیتەوە. قۆناغی خۆڕەخنەکردن بەم شێوەیە. لەسەر ئەم بناغەیە ئێمە لەم لێپرسینەوەیەداین. پێویستە هەموو ڕێکخستنە شۆڕشگێڕییەکان لەم لێپرسینەوەیەدا بن. ئەو شتانەی بەبێ خۆڕەخنەکردن لە ڕێکخستنی شۆڕشگێڕی دێنە دی، نابێت وەک شتی ڕاست و گونجاو ببینرێن. لەبەرامبەردا نابێت ڕەخنە سوک هەبێ بۆ شکاندنی خەڵك. دەبێت مرۆڤ ئاگاداری زمان و شێواز و ناوەڕۆکی ڕەخنەکەی بێت. بۆ نموونە، مرۆڤ نابێت بڵێت کورد، ئیتر بەشێوەیەکی گشتی ڕەخنەی کورد بکات. نابێت مرۆڤ ئەویتر ناوبنێت بە تورکی چەپ یان تورک. ڕەنگە هەڵە هەبن. دەکرێت ڕەخنە بگیرێت. گرنگ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی سەرکەوتنە، بۆچی؟ چونکە ڕێبەر ئاپۆ گوتی، تورک بەبێ کورد نابێ و کورد بەبێ تورک نابێ. تێکۆشانی ئازادی کوردی سەرناکەوێت، بەبێ پەرەپێدانی تێکۆشانی دیموکراسی لە تورکیا. هەروەها دیموکراتیزەکردنی تورکیا نایەتەدی بەبێ تێکۆشانی کورد. ئەمە وەک گۆشت و نینۆکە، هێزی هاوپەیمانیی ستراتیژی پێکەوە بەستراوە. هەڤاڵ قەرەسوو ئاماژەی بەمە کرد. ئەمە زۆر گرنگە. ئەم هاوپەیمانییە ستراتیژییە هەیە. دەبێت سەرنجی ئەم پێویستییە بدەین. تەنانەت ئەگەر هەڵە و کەموکوڕی و جیاوازی هەبن، دەبێت پێشبینی یەکێتی بکەین. نابێت ناکۆکی بخوڵقێنین و خۆمان دابەش بکەین. نابێت مرۆڤ شێوازێک بەکاربهێنێت کە ئەم هاوپەیمانی و پەیوەندییە ستراتیژییە لاوازبکات. سەرەتا وەک خۆڕەخنەکردن دەردەکەوێت، بەڵام زۆربەی شتەکانی نێو ڕۆژنامە ڕەخنە نین. بەم شێوەیە نابێت. هەندێک کەس ڕەخنەی هەڕەمەکی دەگرن، ڕەخنەی گشتی دەگرن. ئەمە ڕاست نییە. دەبێت لەمەدا وریا بین. بەتایبەت پەیوەست بە یەکێتی شۆڕشگێڕی، بێگومان وەک پەکەکە، تەڤگەری شۆڕشگێڕی یەکێتی گەلان بەجدی وەردەگرین. دەڵێین ڕۆڵی تەڤگەری شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی گەلان تەواو نەبووە و لەم کاتەدا باشترین ڕۆڵی دەبێت، چونکە ئەم تەڤگەرە دژی پلانەکەی هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە بۆ قڕکردنی کورد و تەڤگەری ئازادی پێکهات، لەپێناو ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕی و بەهێزکردنی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕی. ئەمە لۆژیکی پشت پێکهاتنی ئەم تەڤگەرەیە لە بەهاری ٢٠١٦. ئێستەش ئەم قۆناغە بەردەوامە. ئەوکاتە، ڕۆڵ و ئەرکی تەڤگەری شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلان بەردەوام دەبێت. پێویستە زیاتر بەردەوام بێت. ئێمە وەک پەکەکە، لەگەڵ ئەم بۆچوونەداین.

هـ . ب