کاڵکان: ئیتر هیچ یاسایەک ناتوانێت درێژە بە سیستمی ئیمراڵی بدات-٢

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوڕان کاڵکان، رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک هەرکات تەنگەتاو دەبێت لە دژی ئیمراڵی، گەریلا، رۆژئاوا و سیاسەتی دیموکراتیک، هەموو جۆرە گوشار و ستەمێک دەکات و وتی، "لە ناو ترسێکی گەورەدان، بەڵام لەناو دەچن".

کاڵکان لە بەرنامەی تایبەتی مەدیا خەبەر قسەی کرد و رایگەیاند، کە ئەگەر وەک رۆژنامەوان مەردان یانارداغ کە لە بەر ئەوەی یاسای گەردوونی و نەتەوەییان بەبیر هێنایەوە، لەسەر گۆشەگیری دوا و وتی 'تاوان مەکەن' دەستگیرکرا، چەند کەسی چەپ، سۆسیالیست، رۆشنبیر، دیموکرات و هونەرمەندی دیکە بەهەمان شێوە هەڵوێست نیشان بدەن سیستمی ئیمراڵی لەناو دەچێت.

کاڵکان وتی، "لە ترسی خۆیان ئەویان گرت، ئەگەر یەک دوو کەسی دیکەش بەم جۆرە قسە بکەن، سیستیمی ئیمراڵی هەڵدەوەشێتەوە. ناتوانن درێژەی پێبدەن. لەبەر ئەوەی زیاتر لێی ترسان، هەوڵیاندا مەردان یانارداغ دەستبەجێ بێدەنگ بکەن. ئەمە بەو واتایە دێت کە زۆر لاوازن. ئەگەر بەهێز بوونایە ئەمەیان نەدەکرد. لەبەر ئەوەی لاوازن گوشار لە رێبەر ئاپۆ دەکەن. هەموو جارێکیش کە دەگەنە بن بەست یاخود شکست دەهێنن، دەیانەوێت بە گوشار تەمەنی خۆیان درێژبکەنوە، بەڵام بێ سوودە؛ ئەوان شکست دەخۆن".

کاڵکان ئەوەی خستەڕوو کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری و هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم و سیستمی قڕکەر دەبێت تێکۆشان زیاتر بە پلان و رێکخراوتر بەڕێوەبچێت.

کاڵکان رایگەیاند، کە تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانی کۆمار لە بەرامبەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بازرگانی بە کوردەوە دەکەن و وتی، "لە قۆناغی لۆزاندا بەر لە ١٠٠ ساڵ بابەتەکە موسڵ و کەرکوک بوو؛ ئێستاش ئەندامێتی سوید لە ناتۆیە.. دەیەوێت هەموو ناتۆ بەوە قایل بکات: ئێمە لۆزان نوی دەکەینەوە، هەموو کەس کۆمەڵکوژکردنی کورد قەبوڵ دەکەن، ناتۆ پشتگیری من بکات و لە کۆمەڵکوژکردنی کوردان پشتیوانیم لێبکات. ئەوە دەسەپێنرێت! ئەگەر ئەمە رووبدات، پەیمانی لۆزان کە بنەمای یاسایی و هێزی سەرەکی سیاسی کۆمەڵکوژی کوردان پێکدەهێنێت، ئەرکی خۆی رادەستی ناتۆ دەکات. ناتۆ دەبێتە سیستمی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کوردان. لەسەر بنەمای ناتۆ لە سەد ساڵەی دووەمدا لە رێگەی کۆمەڵکوژییەوە پاکتاوکردنی کوردان دەگەیەننە ئەنجام. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. کۆبوونەوەی ناتۆ ساز دەکرێت. لەو بڕوایەداین کە نەک لە سوید، لە ناتۆش ئەقڵی هاوبەش سەردەکەوێت. سەپاندن قەبوڵ ناکەن.

درێژەی هەڵسەنگاندنی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان بەم جۆرەیە:

لۆزان و زیهنیەتی قڕکەر هەڵدەوەشێتەوە

لە ١١ هەمین ساڵیاددا، سڵاو بۆ شۆڕشی ئازادی ڕۆژئاوا دەنێرم. هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە ئەم شۆڕشەیان پەرەپێدا، بە ڕێز و سوپاسەوە، یادی شەهیدە مەزنەکانی شۆڕشەکە دەکەمەوە.

ئەم شۆڕشە دژی داعش جەنگا. مرۆڤایەتی لە نەهامەتی داعش پاراست. نزیکەی دە ساڵ تێپەڕیووە. ئێستە دەڵێن چەتەکان دادگایی دەکەین. ڕاستییەکەی، هەموو ڕۆژێ دادگایی دەکرێن. چالاکی و بەرخۆدانی ئەوان دادگاییەک بوو، بەڵام دەکرێت زۆر شت بکرێت بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و هاوکارەکانیان. ئەمە گرنگ و مانادارە. شۆڕشی ڕۆژئاوا گورزێکی کوشندە بوو لە پەیماننامەی لۆزان. لەم بارەیەوە، جیاوازە لە باشوری کوردستان.

باشوری کوردستان بەم ئیدارەیەی ئێستایەوە، گوزارشتە لە بەشی پێنجەمی سیاسەت و زیهنەیەتی قڕکردنی کورد لە کوردستان، وەک درێژەپێدەری پەیماننامەی لۆزان، کە بڕیارە ببێتە بەشێک لە ناتۆ. ئەمە ڕوونە. ئیدارەی پەدەکە لە باشوری کوردستان هێزی پێنجەمە.

ئەمە گومان و ڕەتدانەوە هەڵناگرێت. بەڵام ئاخۆ ڕۆژئاوا وایە؟ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وایە؟ نەخێر، وا نییە. باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شۆڕشێکە لەسەر بناغەی وێرانکردنی پەیماننامەی لۆزان. پێش چەند ڕۆژێک، گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە چۆنێتی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی لۆزان. ئەمە گرنگ و مانادار بوو. بەهەرحاڵ، لە ڕۆژانی داهاتوو، گفتوگۆی تر دەبێت. لە دەرەوەش بەڕێوەدەچێت و ڕاگەیاندراو دەخوێنرێتەوە. کورد داوای ئازادی خۆیان دەکەن لەسەر بناغەی یەکێتی؛ لە یادی سەد ساڵەی لۆزاندا، دەڵێن ئیتر بەسە.

ئاستی ئایدۆلۆژی و چاندی و پاراستنی جەوهەریی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز قووڵتر دەبێت

سەدەی نوێ وەک لۆزان نابێت، لۆزان ناتوانێت لەڕێگەی ناتۆوە بەردەوام بێت. بەپێچەوانەوە، دەکەون و شکست دەهێنن. بەم مانایە، شۆڕشی ڕۆژئاوا، هەنگاوێکی مەزنە دژی کۆمەڵکوژی لۆزان و شکستێکی گەورەی زیهنیەت و سیاسەتی سەرکوتی لۆزانە. ئەمە مانادار و مێژوویی و گرنگە. ڕاستییەکەی ڕۆژووگرتنی مردنی مەزن لە ١٤ ی تەمموز نوێنەرایەتی هێڵی فیداکارییە، بەم مانایە ئەم ڕۆحە بۆتە خاوەنی جەستە. ئەمەش لە ڕۆژێکی تەمموزدا ڕوویدا. پەیماننامەی لۆزانیش لە ٢٤ ی تەمموز واژۆکرا. مانگی تەمموز زۆر گرنگە. لە مانگی تەمموزدا هەمیشە بەرخۆدانێکی مەزن هەبووە، وەک ١٤ ی تەمموز و ١٩ ی تەمموز. هیواخوازین لێرە بەدواوە، ئەم هەنگاوی ئازادییە بەڕێگەیەکی زیهنی و ڕێکخراو بچێتە پێش. ئەنجامی باشی هەبێت. شۆڕش لەڕووی ئایدۆلۆژی و چاندییەوە قووڵتر دەبێتەوە. لەڕووی سیاسییەوە، دەبێتە تێکۆشانێک بۆ لەناوبردنی سیاسەتی زیهنیەتی چەوسێنەر و بکوژ. لەوەش گرنگتر خۆی دەپارێزێت. لە کەسی حەوت بۆ حەفتا ساڵ، جڤاک خۆی پەروەردە و ڕێکخستن دەکات بە زیهنیەتی خۆپاراستن، خاک و ئازادیەکەی لە هەموو هێرشێک دەپارێزێت. ئەم زیهنەیەت و پەرەسەندنە لەگۆڕێیە.

بڕوانن هێرشەکان بۆ وێرانکردنی ئەمەش بەردەوامە، وەک چۆن هێرش دەکرێتە سەر گەریلا، ستەم و سەرکوت لە ئیمراڵییە، وەهاش هێرشی داگیرکەر لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا بەردەوامە. لە ئاستانە کۆبوونەوە. چونکە دەیانەوێت هاوکاری لە ڕوسیا و ئێران وەربگرن، ناتۆ ببەستنەوە بەمەوە، ئەوان لەڕاستییدا گرێی دەدەنەوە بە پرسی سویدەوە. دەیانەوێت پەرەسەندنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەباربەرن. ئێستە پیلانی هاوشێوەی ئاکەپە و مەهەپە هەیە لەم ڕووەوە. ئامادەکاری دەکات بۆ هێرش و داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لەلایەکی ترەوە، ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی نوێ دژی ڕۆژئاوا. ئێمە ئەمە دەزانین. بەڵام هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەن و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، بەبێ ئاوڕدانەوە لە هیچ یاسا و ڕێسایەک. بەرخۆدان دژی ئەمە هەیە. بەهیواین تێکۆشانی ڕێکخراو و کارا دژی هێرشەکان پەرە بسێنێت.

دووبارە سڵاو لە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەم لە ساڵیادی ١١ هەمینی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، چونکە شۆڕشیان بەدیهێنا و بوونە هیوای ئازادی جیهان، داعشیان شکاند و مرۆڤایەتیان لەو بەڵایە ڕزگارکرد. پراکتیکی جوانی هێڵی نەتەوەی دیموکراتیکیان پیشاندا، هاوپشتی جڤاکی دیموکراتیک و ژیانی گەلان و مرۆڤایەتیان بونیادنا دژی هەموو جۆرەکانی فشار و ستەم و دەسەڵاتخوازی. ئەم شتانە نوێ و پەرەسەندنی بوێرانە و هەنگاوی گرنگن، پێمان وایە لە ساڵی دوانزەیەم و دواتر، ڕەهەندە ئایدۆلۆژی و جڤاکییەکان قووڵتر دەبێتەوە. هەڵوێستی خۆپاراستن زیاتر پەرەپێ دەدەن. دەبنە بەشێکی گرنگ لە تێکۆشان لەپێناو ئازادی کوردستان و لەناوبردنی پەیماننامەی لۆزان.

سیستەمی گەردوونی پیلانی هەڵوەشاندنەوە جێبەجێ دەکات

هێرشەکان تەنها دژی سیاسەتی دیموکراتیک نەبوو، بەڵکو دژی ئیمراڵییە، دژی گەریلا و ڕۆژئاوایە. با هۆشیار بین، دیکتاتۆرییەتی فاشیستی ئەردۆگان و هاوپەیمانی کۆمار لە هەموو شوێن و لایەک هێرش دەکەن. دەیەوێت ئەم هێرشە فاشیستییە سەراپاگیرە پێشبخات لەڕێگەی زامنکردنی ڕێکخستنی بەپەلەی پاش هەڵبژاردنەوە. بۆچی؟ چونکە ئۆپۆزیسیۆنێکی مەزن هەبوو. تا ئەم ئۆپۆزیسیۆنە خۆی ڕێک نەخات و خۆی نوێ نەکاتەوە، نەچێتە خەباتێکی کاراوە بۆ لەناوبردنی دیکتاتۆرییەتی فاشیست، بۆیە هێرشەکان فراوانتر دەکات. دەسەڵات لەمە دەترسێت. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئەوا دەکەوێت. هەڵبژاردنەکان ئەمەی دەرخست. تێکۆشان لەپێش ئەوەش هەبوو. هەڵبژاردن بەهێزتری کرد. هەموو بەشەکان و گەلان و گەنجان و سیاسەتی دیموکراتیک لەپاش هەڵبژاردنەوە هاتنە نێو قۆناغی تێکۆشانی نوێ، لەناوبردنی دیکتاتۆرییەتی فاشیست مومکینە. لەبەر ئەم گومانە، هێرشی زەحمەت دەکەن. هەموو دەرفەتەکان دەقۆزنەوە، گوێ بە هیچ یاسا و ڕێسایەک نادەن. بە مانایەکی تر، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، ئێستە هێرشی بێهودە لە هەموو لایەک ئەنجام دەدەن، ئەمە ڕوونە.

ڕاستییەکەی ئەم هێرشە ماوەیەکی زۆر جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ئەم پلانە ناودەبرێت بە پلانی چالاکی هەڵوەشاندنەوە، پلانی تورکیا نییە، بەڵکو پلانی هێزە جیهانییەکانە کە زیهنیەت و سیاسەتی قڕکردنی کورد جێبەجێ دەکەن. ئەمە هۆکاری جێبەجێکردنێتی لەلایەن سیستەمی جیهانییەوە. ڕێکخەری جێبەجێکردن و پراکتیکی ئەم پلانەی قڕکردنی کورد و هەڵوەشانەوەی پەکەکەم ئەردۆگان و ئاکەپەیە. داعش هێرشی کرد، مەهەپە هێرشی کرد، پەدەکە، هوداپاری کۆنترا، هەمووان هێرشیان کرد. ئەوان پەلەپیتکە و هێزی هێرشەکەن. با هەمووان بزانن.

چەتەکانی داعش و مەهەپە هێرش دەکەنە سەر گەریلا

ئەوە "دۆزی کۆبانێ" دەبینرێت. ئەم دۆزە لەلایەن پارتی کۆنتراوە کرایەوە. دەزانین لە نەوەدەکان چیان کرد. ئەردۆگان پاش هەڵبژاردنەوەی خستیانییە تەنیشتی خۆی. پەدەکەش لەم بارەیەوە بەکاردەهێنرێت. دەزانین چۆن هاوکاری داعشی کرد. چەتەکانی داعش و مەهەپە شەڕی گەریلا دەکەن. سوپا نییە. هێرشی چەتەکان هەیە. کام سوپا دێت و هێرشی وەها دەکاتە سەر تونێلەکان؟ کام سوپا ئەم شتانە بەکاردەهێنێت؟ هەموو شتێک دەکەن تا تەرمەکان نەگاتە دەستی کەس. ساڵی پار چی ڕوویدا کاتێک کەسێک لە گردی مەدیا دەستگیرکرا؟ تەرمەکەی سوتێنرا و خرایە ڕووبارەوە، تا دەستی کەس نەکەوێت. ئەوان جڤاکی پێکەوەیین. دەبێت ئەمە بزانین.

ئەو ڕۆژە گوتیان، جەماعەتی سلێمانی نازانم لەکوێی جیهان مناڵ دەڕفێنن و ئامادەیان دەکەن. مناڵ بەردەوام لە تورکیا ون دەبن. ڕاستییەکەی تورکیا ئەم کۆچەی ئافراند و هاندەری بوو. تورکیا ڕێگەی سەرەکییە. لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، کە باشورە بۆ باکور و ڕۆژئاوا. دەڵێن زۆربەی کۆچبەران لە تورکیاوە دێن. تورکیا چ دەکات؟ کۆچبەران وەک هەڕەشە بەکاردەهێنێت بۆ سەر ئەوروپا لەپێناوی دەسخستنی هاوکاری. ئاخۆ بە تەنهایە؟ ڕەگەزی گرنگ هەڵدەبژێرێت. وەک ئەو سەربازە ئینکشاری پێشوو، دەیکاتە چەتە و بەکاریان دەهێنێت دژی گەریلا و ڕۆژئاوا. لە تورکیا و باکوری کوردستان دژی گەلان بەکاریان دەهێنێت. هەموو جۆرە شەڕێکی تایبەت و فشار بەکاردەهێنێت. هەڕەشە لە جیهان دەکات. بۆیە چەتەکان هەن، دەبێت وەها بڕوانینە شتەکان.

ئەرکی ڕێکخستنیان دایە ئەردۆگان و ئاکەپە

باسمان لەمە کرد، ئەمەیە چەتەکان، چەتەکان ئەم کارانە دەکەن. ڕێکخەران بریتین لە ئەردۆگان و ئاکەپە. سیاسەتەکەی ڕێکدەخات. باس لە دەوڵەتی قووڵ دەکات. دەوڵەتی قووڵ ناودەبرێت بە هێزی بیانی، ڕاستییەکەی قڕکردن دژی کورد لەڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژی جێبەجێ دەکات، ئەمەش وەک پلانی چالاکی هەڵوەشاندنەوە پێشخرا. ملکەچی ئەردۆگان بوون و هەماهەنگیان کرد. بۆ ماوەیەک هەماهەنگیان لەگەڵ دەمێرڵ کرد. ئۆزالیان دوورخستەوە و دەمیڕڵیان هێنایە سەر دەسەڵات. لەم پێناوەدا بوو. بەم شێوەیە، شەڕی تایبەتی فاشیزم و کۆمەڵکوژی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەردۆگان جێبەجێ دەکرێت. هێرشێکی وەها هەیە.

هەندێک بازنە هەن لەم شتانە تێناگەن. پەکەکە بە تاوانبار دەزانن. لۆمەی گەریلا و سیاسەتی دیموکراتیک دەکەن. ئێمە ئەم قسانە و خاوەنەکانیان دەناسین. ٥٠ ساڵە ئەمە دەزانین و تێدەکۆشین. دەزانین کێن و چیان کردووە و دژی کێ خەبات دەکەن. بەڵام سیاسەتی دیموکراتیک بەرگری لە خۆی کرد و گوتی: لای ئێمە نانتان دەسناکەوێت. وەک پەکەکە دەڵێم: نانتان دەسناکەوێت. زمانەکە بە بەرخۆدانێکی مەزن و بەخشینی شەهیدان پەرەدەسێنێت، لە ئیمراڵییەوە تا زاپ، لە ڕۆژئاواوە تا باکوری کوردستان، بەر لە هەموو شتێک خۆتان نەناسن، مانای خیانەتی مەزنە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت وا بڵێت؟ مرۆڤ نایەوێت زۆر شت بڵێت. لەبەرئەوەی بێ مانان و بێ نرخن.

لێرەدا دەڵێم، پەکەکە و گەلی کورد و ژنانی کورد و گەنجان هەموو شتێک بەڕێوە دەبەن. گەلی کورد و پەکەکە خۆڕاگرن. ئەوانەی چاوەڕێ دەکەن پاشەکشە بکەین، ئومێدەکەیان بێهودەیە. خۆیان دەخەڵەتێنن. پەکەکە و گەریلا بەرخۆدان دەکەن. پەکەکە هەموو بەرخۆدانێک دەکات و هێرشەکان لەباردەبات. سیاسەت و زیهنیەتی فاشیزم ئاشکرا دەکات. پێشتر پەکەکە لاوازبوو، هێرشکەران بەهێزتر بوون، هیچ ئەنجامێکیان دەسنەکەوت. ئێستە پەکەکە زۆر بەهێزە، ناتوانن هیچ ئەنجامێکیان هەبێت. با سنووری خۆیان بزانن و لە شوێنی خۆیان دانیشن، باشترە باش و بەشەرەف بن. باش نییە سیخوڕی لێرە و لەوێ هەبێت، سێ بۆ پێنج قروش لێرە و لەوێ وەربگرێت و بژی. ئێمە دەزانین چی دەکەن، چۆن دەژین. ئەگەر پەیوەست بێ بە ئاشکراکردنەوە، کێ زیان دەکات؟ هەموو شتێک ڕوونە، ئەوانەی دەیانەوێت ئاشکرای بکەن، با بیکەن. ئەگەر بمانەوێت هەندێک کەس ئاشکرا بکەین، ئیتر ڕووی ژیانکردنیان نامێنێت. کارەکان لەسەر ئەم ئاستەیە. نابێت وا بێت. ئەوانەی لەم بارەیەوە نیگەرانن، ئەگەر ئەم شتانە کاریگەرییان هەبووبێت، نابێت بەشە جیاوازەکانی جڤاک پێی کاریگەر بن. شتی وا بوونی نییە. پەکەکە تێکۆشانی بەهێزتر دەکات لەپێناو ئازادی. سیاسەت و زیهنیەتی قڕکردنی هێناوەتە لێواری لەناوچوون. لە هەموو کاتێک نزیکترە لە ئازادییەوە و بەم نزیکانەی بەدەستی دەهێنێت. ئەو بە هیوا و باوەڕەوە تێدەکۆشێت. پێویست بە نیگەرانی ناکات. ئەمە پرسەکە ئەمە نییە. هێرشێکی ناڕەوا دژی کورد هەیە. هێرشێک گوێ بە هیچ یاسا و ئەخلاق و ئازادی و دیموکراسییەک نادات. ئەمە ڕاستییە. ئەم هێرشە بەردەوامە و پەرە دەسێنێت. ئێمە لەدژی تێدەکۆشین. کێشە لەمەدا نییە. بەڵام هێرشی لەم جۆرە هەیە، دەبێت هەمووان بزانن، ئەرک و بەرپرسیارێتی بنوێنن، وەک هێزێکی یەکگرتوو بە ڕێگەی نوێ بێنە گۆڕەپان، تێکۆشانی شۆڕشی دیموکراتیک دژی فاشیزم بەهێزتر بکەن. پرسەکە ئەمەیە.

ئێمە لە سەردەمێکین دەبێت گەنجانی ئاپۆیی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن

پێویستە چ بکەین؟ دەبێت ڕاستیمان بدۆزینەوە. خۆمان و دوژمن بەباشی بناسین. هێرشەکانی دوژمن تێبگەین. هێزی بەرخۆدان و هۆشیاری و ئیرادە و باوەڕ و شێواز بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان پەرە پێ بدەین. دەبێت هەمووان تێکۆشان بکەن. گەریلا بەرخۆدان دەکات. ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان دەکات، بەڵام نابێت بە تەنها جێیان بهێڵن. دەبێت گەل داهێنەرانەتر تێکۆشان بکات. دەبێت سیاسەتی دیموکراتیک کاراتر بێت. ئەمە لە ڕابردوو درێژەی نەکێشا، دەبێت بەخێرایی تەواو بکرێت و بێنە نێو ئەم تێکۆشانە. لەوە گرنگتر، ژنان بەرخۆدان و خەبات دەکەن. ژنان خۆڕاگرن. بەڕاستی پێشەنگن. نەوەک هەر بە جۆشوخرۆش، بەڵکو لە پراکتیکدا پێشەنگن. دەبێت خاوەنی زانین و ڕێکخستن و کارایی زیاتر بن. شتی سەرەکی گەنجە. دەبێت گەنجان بەباشی ئەمە بزانن. ئێمە لە سەردەمێکین دەبێت گەنجانی ئاپۆیی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی فاشیستەکان هەیە. بۆیە لەپێناو شکاندنی، دەبێت بەرخۆدانی هەبوون و ئازادی لە هەموو لایەک زیاتر بکرێت، دەستی فاشیزم بشکێنرێت گەر بیەوێت بگاتە ئیمراڵی و گەریلا. ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی کوڕ و کچانی کورد. لەسەر شانی گەنجانی ئاپۆییە.

گەنجان ناتوانن سەرقاڵی شتی تر بن. هەندێک دەڵێن ئالودەبوون. ئەمە نائاساییە. بۆچی مناڵەکەت گەیاندە ئەم دۆخە؟ بۆچی نەتانهێشت ببێتە گەریلا؟ بۆچی نەتانهێشت ڕووبکاتە تێکۆشان؟ شتی وا لە تێکۆشاندا نییە. مرۆڤ بە زانین و ئازادی دەژی. ئەوان بە شکۆوە دەژین و تێدەکۆشن. ڕیزی تێکۆشان و ژینگەی گەریلا، ژینگەیەکی وەهایە. واتە ڕەوشی وا هەبوو، دواتر پاشەکشەیان لێ کرد. دوژمن سودی لەمە بینی. وتیان فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بڵاوت دەکاتەوە. ئەو ڕۆژە، دوو تەن و نیو مادەی هۆشبەر گەیشتە تورکیا. بۆتە ناوەندی مادەی هۆشبەر. ئەمە ڕوونە. بەردەوام لۆمەی پەکەکە دەکرا، لەگەڵ ئەم بازرگانی مادەی هۆشبەرە، شەڕێکی قێزەونیان دەستپێکرد و پێشوازییان لێ کرد، دەرفەتی ئابووری خۆیان زیندوو کردەوە. ئەوکات و ئێستەش چەتەکان پەروەردە دەکەن. سولەیمان سۆیلۆ پێشەنگایەتی دەکرد. بەم مانایە، مافیایەتی گەیشتە ترۆپک.

پێویستە گەنجان هۆشیار بن. ئەوەندە بەس نییە. دوژمن بە ئامانجی قڕکردنی هێرش دەکات، نابێت بۆڵە بکەین.دەبێت بەرخۆدەر و خەباتگێڕ و چالاک نین، دەبێت ئەنجاممان هەبێت. هەرکات دوژمن هێرشی کرد، دەبێت بزانین چۆن تۆڵە بکەینەوە و وەڵام بدەینەوە. گەنجی کورد وا دەبێت، قارەمانێتی وەهایە. نابێت پاشەکشە هەبێت. بەم مانایە، داوا لە هەمووان دەکەم تێکۆشان مەزنتر بکەن دژی هێرشی قڕکردنی فاشیستەکان. بەتایبەت گەنجانی کورد. بانگەواز لە گەنجانی ئاپۆیی دەکەم، زیاتر خاوەندارێتی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن، بگەنە ئەو ڕۆڵە مێژووییەی ٥٠ ساڵە وەک پەکەکە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخراوە، دەبێت لەم قۆناغەدا بەهێزتر و سەرکەوتووتر بن، تا ببنە ئافرێنەری سەرکەوتن. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.