سوپای عێراق دەیەوێت دەست بەسەر ١٥٠ هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوکدا بگرێت، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی کە لە سەردەمی حکومەتی رژێمی پێشووی بەعس ئەو زەویانە بەبڕیاری (کاروباری باکور)ی سەردەمی بەعس دراون بە وەزارەتی بەرگری عێراق، جوتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە ماوەی دوو هەفتەیە ناڕەزایەتییان دەستپێکردووە و ڕادەستکردنی زەوییەکانیان رەتدەکەنەوە.
لەلای خۆیەوە، کاکەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی ١٤٠ی دەستور کە مادەیەکی تایبەتە بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (ناوچە کێشە لەسەرەکان)، سەبارەت بە کێشەی داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە و بەردەوامی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی زەوییەکانیان، دەستدرێژییەکانی سوپای عێراق بۆسەر خەڵکی ناوچەکە و دەستگیرکردنی جوتیارانی کورد، وە پشتیوانی سوپای لە عەرەبی هاوردە بۆ داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمانی شارەکە و چەند پرسێکی دیکە، کاکەڕەش سدیق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
تەواوی پەرلەمانتارانی کورد و تورکمان هاتوونەتە سەر هێڵ
سەبارەت بەدواین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جوتیارانی کورد و تورکمان و داگیرکردنی زەوییەکانیان بەپێی بڕیاری سەردەمی بەعس، کاکەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی ١٤٠، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات گوتی: "تەواوی پەرلەمانتارانی کورد و تورکمانی کەرکوک هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک، ئێمەش وەکو ئۆفیسی کەرکوکی مادەی ١٤٠ی دەستور، هەماهەنگ بووینە لەگەڵیان بۆ چارەسەری کێشەکان، هەروەها دوێنێ لە کۆبوونەوەی مادەی ١٤٠ بووین، یەکێک لەو پرسە گرنگانەی کە باسمان لێکرد لە کۆبوونەوەکەدا پرسی زەوی کورد و تورکمانی ناوچەی تۆپزاوە بووە".
سوپاکەی عێراق بۆ دەستدرێژی کردنە سەر خەڵکی ناوچەکە هاتوون
هەروەها سەبارەت بە هەڵسوکەوتی سوپای عێراق لەو ناوچە کوردنشین و تورکماننشینانەی کە ئێستا داگیر دەکرێت و پڕۆسەی بەعەرەب کردنی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەپرسی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ئاشکرای کرد: "ئەو سوپایەی کە لەو ناوچانە جێگری کراوە بۆ پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچەیە نەهاتووە بەڵکو بۆ دەستدرێژکردنە سەر خەڵکی ئەو ناوچانە ئەو هێزە هاتووە ئەوە بەڵگەی تەواومان هەیە لەسەر هەڵسوکەوتەکانی سوپای عێراق لەو ناوچەیە، هەروەها جوتیارانی ناوچەکە هانایان بۆمان هێناوە کە ئێمەش دەستە وەستان نەبین لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی لەلایەن سوپای عێراقەوە دەکرێت".
کردەوەکانی سوپای عێراق دژ بە کورد و تورکمان، دۆخی شارەکە ئاڵۆزتر دەکات
هەروەها ناوبراو گوتیشی: "هەروەها لەگەڵ هادی عامری بەرپرسی (ئەنجـوومەنی باڵای ئیسلامی عیراق)ە وە لەهەمان کاتدا بەرپرسی رێکخراوی بەدر و فەرماندەی کەتیبەکانی حەشدی شەعبییە، کۆبوونەوەمان کردووە و جەختمانکردەوە کە پێویستە زیاتر لایەنەکان پابەندبن بە مادەی ١٤٠ چونکە بارودۆخی کەرکوک ئەوم دۆخە هەڵناگرێت و دۆخی شارەکە ئاڵۆزتر دەکات، بەڵێنشیمان وەرگرتووە کە ڕێگری بکەن لەو کردەوانەی سوپای عێراق کە زیانی بۆ هاووڵاتیانی کورد و تورکمان هەبووە".
ئەو بڕیارانەی سوپا لە کەرکوک جێبەجێ دەکات، لەسەردەمی بەعس دەرچووە
کاکەڕەش سدیق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتیشی: "هەروەها نووسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە کە بڕیارەکانی (کاروباری باکور) هەڵبوەشێنێتەوە کە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا ئەو بڕیارانە دەرچووە، بەڵام تا ئەم ساتە وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ وەڵامێکی داواکارییەکانمانی نەداوەتەوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢ ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە ٢٩ کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی کاروباری باکوری داوە، ئەگەر پابەندی هەبێت بەو بڕیارەوە ئەوە دەتوانین دۆخی کەرکوک ئارام بکەینەوە".
بینیمان کە هێزەکانی عێراق پشتیوانی عەرەبی هاوردە دەکەن دژ بە کورد
سەبارەت بە ڕۆڵی سوپای عێراق لە پرۆسەی بەعەرەب کردنی کەرکوک، بەرپرسی کەرکوکی مادەی١٤٠، ئاشکرای کرد: "سوپا دەبێت بێلایەن بێت بەڵام بەداخەوە سوپای عێراق پاڵپشتی عەرەبی هاوردە دەکەن دژ بە کورد و تورکمان لە کەرکوک، ئەنجامی لایەنگری سوپای عیراقمان بینی لە ناوچەکانی وەکو داقوق، پەلکانە، سەڕگەران و تۆپزاوە بینیمان کە هێزەکانی عێراق پشتیوانی عەرەبی هاوردە دەکەن و دژی کوردەکان دەجوڵێنەوە، سوپای عێراق دەبێت سوپایەکی بێ لایەن بێت و هەوڵی چارەسەری بدات نەک نانەوەی کێشە بەڵام بەداخەوە لە کەرکوک سوپای عێراق پێچەوانە هەڵسوکەوت دەکات و هەوڵی نانەوەی کێشە دەدات".
بەرپرسانی کورد سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە کە سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی دەدات
هەروەها سەبارەت بە رۆڵی نوێنەرانی کورد لە چارەسەرکردنی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمانی کەرکوک، کاکەڕەش سدیق ڕایگەیاند: "پەرلەمانتارانی کوردی کەرکوک چونەتە سەردانی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان و پشتیوانی و پالپشتی خەڵکی ستەملێکراو دەکەن، هەروەها وەزیری دادی عێراق(کوردێکی کەرکوکە) سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە کە سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی دەدات وە ئەم بابەتە ئەگوازێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، وە هیوادارین لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نووسراوەیەکی باش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هێرش کردن و داگیرکردنی زەوەی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق".
ئەگەر داگیرکارییەکان بەردەوام بێت باردۆخی کەرکوک بەرەوە پشێوی زیاتر هەنگاو دەنێت
لە کۆتایدا سەبارەت بە کاریگەری بەردەوامی داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمان لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە، کاکەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی ١٤٠، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات گوتی: "بەپێی قسەی هەموو ئەو لایەن و بەرپرس و پەرلەمانتارانەی کە چوونە و تەماشای دۆخەکەیان کردووە و بەچاوی خۆیان بینیویانە و دەلین ئەگەر ئەم کار و ڕەفتارانەی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بەردەوام بێت لە داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی کورد وتورکمان ئەوە بارودۆخی کەرکوک بەرەو پشێوی زیاتر هەنگاو دەنێت و بەرەوە ئارامی ناڕوات".