کۆڵبەرێک کوژرا و چەند کۆڵبەرێکیش بریندار بوون
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان و ئەشکەنجەدان لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، کۆڵبەرێک کوژرا و چەند کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بوون.
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان و ئەشکەنجەدان لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، کۆڵبەرێک کوژرا و چەند کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بوون.
ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز بڵاویکردەوە، دوێنێ کۆڵبەرێک بە ناوی "فەرید وەتەنی ڕەسوڵ" خەڵکی گوندی "نشکاش"ی سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەی سنووری "دەرەوەران"ی مەریوان گیانی لەدەستداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کۆڵبەرە کە خێزاندارە و خاوەنی ٣ منداڵە، فیشەک بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ھەروەھا بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم، پۆلێک لە کۆڵبەران کە ژمارەیان نزیکە ١٥ کەس بووە، لەلایەن ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بە توندی ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە کراونەتەوە و لە ئەنجامدا چەند کەسێکیان بریندار بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، کردنە ئامانجی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی تاران چڕتر بووەتەوە و لەو ماوەیەدا چەندین کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراون و بریندار بوون.